مۆمە نێژراوەکان / پاژێک لە ڕۆمانی «کۆبانی»ـی« ژان دۆست»

لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر




من لە گۆڕستانێکدام. دەحەپەسێم لەوەی داخۆ چۆن بە بێ ترس و پرس سنوورم بەزاندووە؟ بۆنی مردن دێ. بێدەنگی باڵادەستە، سوڵتانە.

کێلی گۆڕەکانی ئەوێ بچووکن. زۆرێکیان بێناون. بڕێکیان بە عەرەبی و بڕێکیان بە کوردیی لاتینین. هەر دەڵێی گۆڕەکان بە عەردەکەوە نووساون. تۆپەڵێک گڵی سوور و دوو بەرد، یەکیان لە ڕۆژهەڵاتی گۆڕەکە و یەکیان لە ڕۆژئاوایە. بۆنی ژیلەمۆ و دوکەڵێکی نەبیندراو دێ. بۆکڕووز دێ. مرۆ بە خۆی دەبێژێ چما لەم نزیکانە سەروپێ چاک دەکەن، سم و سەری بەرخ هەڵدەکڕووزێنن. من بە تەنیا لە دووی گۆڕی براکەم دەگەڕێم. ناوەکان یەکبەیەک دەخوێنمەوە. زۆرێکیان شەهیدن. شەهیدی شەڕێکن کە دنیای هەژاند. لە بەردەم گۆڕێکدا ڕادەوەستم. ورد لێی دەڕوانم:

'شەهیدا نەمر ڕەوشەن حەمزراڤ مهاجر (بوهار کۆبانی).
ژدایکبوون ٩.٩.١٩٩٩.
شەهیدبوون ١٠.١٠.٢٠١٤.' 
ئەو ناوەم لە لا نامۆ نییە. بە ناسۆرەوە ئەوێ جێ دەهێڵم و لە دڵی خۆمدا دەڵێم: 
''لە تەمەنی کچەکەمدایە.''

لەولاتر، لەسەر گاشەبەردێک هەڵدەنیشم و جگەرەیەک لە گیرفانم دەردەهێنم و دایدەگرسێنم. لە مێژە وازم لە جگەرە هێناوە. سا بۆچی پاکەت لە گیرفانمدایە؟ نازانم. لە دوکەڵەکەوە چاو بە ناو گۆڕستانەکەدا دەگێڕم؛ گۆڕەکان هێمن، بێدەنگ، لێوبەبار، بێکەس و تەنیا دەردەکەون. جگەرە نیوەکێشراوەکە فڕێ دەدەمە سەر خۆڵەکە و بە نووکەپێڵاو دەیکوژێنمەوە. لەوێ دەڕۆم. دەگەڕێم دەگەڕێم کەچی گۆڕی براکەم نادۆزمەوە. خۆ تووران دەیگوت کە ئەوانم لە گۆڕستانێکی ڕۆژئاوای شاردا ناشتووە. دەی من وا لێرەم، خەڵۆ کوانێ؟

بە دەنگێک کە خۆم دەیبیستم، دەڵێم: 

''زۆر خەمبار و بێتاقەت بووم بۆیە ئەشێ بە هەڵە تێگەیشتبێتم. بۆچی لەو چۆڵەوانییەدا، دوور لە کۆڵانی سەیدان کە شوێنی لەدایکبوونی بوو نێژراوە لە کاتێکدا گۆڕستانی مزگەوتی سەیدان کە هی باوەگۆرەمان شێخ ساڵحی نەقشبەندییە هەر دوو کیلۆمەترێک لێیەوە دوورە. ها؟''
بەدەم کورتەپرسی ''ها''وە سەرنج دەدەمە پارچەئاسنێکی بازنەیی کە وەک کووپێکە نیوەی لە عەردەکەدایە و نیوەی بە دەرەوەیە. پتر لێی ورد دەبمەوە، دەبریکێتەوە، بۆیاخێکی سەوزی توێخ‌هەڵهاتووی پێوەیە. 

''خۆ ئەوە مینە!''
بە دەنگی بەرز و ترساو وەها دەڵێم و هێواش هێواش چەشنی دز بە وریاییەوە لە نێو گۆڕەکاندا دەڕۆم و دەچمە دەرەوە.

بەرەو ڕۆژهەڵات ملی ڕێ دەگرم. لە پێشمەوە حارەتا شەرقیـیە. لە کۆبانی وەهایان دەگوت. لە مەخفەر و محەلا سەیدا تا کانیا عەرەبان و گرێ کانیێ دەیانگوت حارەتا شەرقی یان تاخا ڕۆژهەڵات. بە ناوەڕاست دەگوترا شار کە دوکانی لێ بوو و جێی پزیشک و دەرمانخانە و پیشەکاران بوو؛ کڵاوچن، ناڵبەند، تەنەکەچی، دۆندرمەچی، بەقاڵ و سەوزەفرۆش و بەرەبابی هەموو پیشەکاران کە لەو مەڵبەندەدا جێگر ببوون.

هێدی-هێدی لە ماڵەکان نێزیک دەبمەوە، ماڵەکان! هیچ ماڵێک نابینم. تۆپەڵەی کەڵەکەبووی شیش و کۆنکرێت و بلۆک و دۆشەک و سەرین و شتەیاریی منداڵان و مێز و کورسی و قەرەوێڵە و هەموو کەرەستەیەکی ماڵان دەبینم... کۆڵانەکان بە عەردەکەوە یەکسان کراون. بێدەنگی لەوێ زوڵاڵ دەئاخڤێت. ماڵ نین، کاولن. کاولن. خەیاڵم دەربڕینەکە ڕاست دەکاتەوە: هێدی-هێدی نێزیکی کاولەکان دەبمەوە. نێزیکی ئەو تۆپەڵە کەڵەکەبووە کۆنکرێتانە دەبمەوە کە پێشتر جێ و نیشتمانی خەڵکی ئەو باژێڕە بووە.

بێدەنگی. بێدەنگی. 

لە دوورەوە دەنگێک دێ. گوێی دەدەمێ، دەنگی ماتۆڕێکە. لەو باژێڕە کاولبووەدا تەنێ ئەو دەنگە نیشانەی ژیانە. باڵندەیەکیشی لێ نییە بفڕێ. لە ئاسمان هەڵدەڕوانم.
ساتمە دەکەم. 

لە سەروومەوە سەدان قەلەباچکە دەفڕن. ئاسمان نییە. ئەو ئاسمانەی ئێمە دەیناسین نییە. وەک بنکی گومەزێکی ئاسنینە. قەلەباچکەکان دەخوازن گومەزەکە تێبپەڕێنن و بڕۆن. باڵەکانیان بەر بنکی گومەزە ئاسنینەکە دەکەوێ. قیغەقیغیان لێ هەڵدەستێ. قەلەباچکەکان دەکەونە سەر زەوی. شەق دەبەن. چواردەورم پڕ لە قەلەباچکەی ڕەش دەبێ. هەڵدێم.

کابووسە. وەها بە خۆم دەڵێم.

تینوومە. هەناسەبڕکێمە. کاولەکان جێ دەهێڵم. بە بەردەم مزگەوت و ماڵ و دوکانە خاپوورەکاندا تێدەپەڕم. ترسی مین لە دڵمدا دەگەڕێ لێ دەڕۆم. لە بەردەمم ڕانامێنم. خشەخش لە دەنگوەشێنی منارەی مزگەوتەکانەوە دێ. وەک سەربڕاوێک دەنگی ناڕوونیان لێوە دێ. منارەکان پاڵیان داوەتەوە. مینا تەرمی نەخۆش لەسەر کاولەکان پاڵیان داوەتەوە. ئەو قامکانەی خودا هاتوونەتە خوارەوە. تەنێ ناڵینی هاوشێوەی خشەخشیان لێ دێ. چاوم دەکەوێتە سەر مەسینەیەک. مەسینەیەکی دەستنوێژە لە حەوشەی مزگەوتی گەورەی شار. لەبەر ئەوەی زۆر تینوومە پەلاماری دەدەم. هەڵیدەگرم و بە سەرمەوەی دەنێم. خوێنی تێدایە. ئەو مەسینە پڕ لە خوێنە فڕێ دەدەم و وەک شێت هەڵدێم. چەند سەد مەترێک بەرەو باشوور دادەکشێم و بە دەستە چەپدا خۆم بە کۆڵانێکی درێژکۆلەی بازاڕدا دەکەم کە بەرەو مەخفەر، سەرایا حکومەتێ و کانیا عەرەبان و محەلا سەیدا دەچێت. بە نێو دوکانەکاندا ڕێ دەکەم.
دوکان!
دیسان خەیاڵم دەربڕینەکە ڕاست دەکاتەوە: بە نێو کاولەکاندا کە لەملا و لەولای کۆڵان مینا ڕاوەستابن و خۆیان درێژ کردبێت، دەڕۆم. لە بازاڕەکەوە تا ئەوسەر کە نێزیکی محەلا سەیدایە، بە یەکپشوو دەڕۆم.
سەرەڕای ئەوەی کاولەکان هەموویان هاوشێوەن بەڵام دەزانم گەیشتوومەتە ئەو کۆڵانەی کە بەرەو محەلا سەیدا دەمبات. سەرم سڕ نامێنێت! بە کوێرییش بێت دەتوانم کۆڵانەکەمان بدۆزمەوە. شوێنی لەدایکبوونم، ئەو شوێنەی کە بۆ یەکەمین جار ڕازی دڵمم لای کیژێک درکاندووە و یەکەمین نامەم تێدا نووسیوە... ئەو شوێنەی کە بۆ یەکەمین جار کچێکم تێدا ماچ کردووە و باوەش کردووە... ئەو شوێنەی کە یەکەمین دڵۆپە فرمێسکم تێدا باراندووە... ئەو شوێنەی کە یەکەمین پیتی تێدا فێربووم، یەکەمین پەیڤ لەسەر زمانم خلۆر بووەتەوە، کاتێک لەوێ دانیشتووم و یەکەمین هۆنراوەی خۆمم هۆنیوەتەوە... ئەو شوێنەی کە دایک و باوک و برا و مام و مامۆزا و باپیرە و داپیرە و دراوسێکانمی تێدا نێژراون... ئەو شوێنەی کە من سیوپێنج ساڵ تێدا لە نێو تۆز و ڕاکەڕاک و گەنگەشە و ئەوین و ڕق و هیوا و ترسدا تێپەڕاندووە چاوا ژ بیر ببە!
                                        * * *
لە سەری کۆڵانێکدام. پاشم لە باکوورە و پێشم لە باشوورە. سنووری تورکیا کەوتووەتە حەوتسەد مەتر لە پشتمەوە. سنووری ترس و مردن و مینەکانی ژێرزەوی لە پاشمەوەیە. حەوتسەد مەتر لە دوامەوەیە. هێڵی شەمەندەفەر کە لە زارۆکایەتییدا بە ترسێکی بێسنوور تێمدەپەڕاند و دەچوومە ئەوبەر و بادەمم لە دارەکانی تورکیا دەدزی و دەگەڕامەوە، ئەمێستا حەوتسەد مەتر لە پشتمەوەیە. لە پێشمەوە کاشێ مشتەنوور وەک پیرێکی تووڕە خۆی دەنوێنێ. لە یەکدی دەڕوانین. لە چاوی دەڕوانم، تووڕەیی و گازندەیان لێ دەڕژێ. پڕ لە قین و خەمن. پڕ لە قینێکی پیرۆزن. منیش بە ڕوانینێکی پڕ لە داوای لێبووردن لێی دەڕوانم. ماڵە وێرانەکان لە دوورەوە دەردەکەون کە بە عەردەکەوە لچکاون. 
مشتەنوور وەک دایکێک باوەشیان پێدا دەکات.  
مەودای من و مزگەفتا سەیدا، واتا مزگەوتەکەی باپیرەم، سەدوپەنجا مەتری ماوە. مەودای من و ماڵمان دووسەد مەترە...
خودایاااا!
دڵم پەلەپەل لێ دەدات؛ کوتەکوتیەتی. وەک بڵێی دەچمە یەکەمین ژووان. دڵم وەک تنۆکێک بارانە لەسەر پەڕەی گوڵێک لە ڕۆژێکی با و بۆران. ناسرەوێ. دوو-سێ هەنگاو دەهاوێژم. کۆڵان ماتە. کاولە. مرۆ دەبێژێ چما بوومەلەرزە لێی داوە. کەڵەکی کۆنکرێت، بلۆکی خانووکردنەوە، دیواری ڕووخاو، پەنجەرەی شکاو، دەڕابەی دوکانەکان، بەفرگری ڕەشهەڵگەڕاو، پەنجەرەگەلێک هەڵفڕیوونەتە ناوەڕاستی کۆڵان، باڵکۆن و پەنجەرەی قاتی دووهەمن کە بەسەر کۆڵاندا شۆڕ بوونەتەوە، ئەوەی پێشتر جیرانێک لێی دادەنیشت و لە پەنجەرەی بەرامبەردا بە هیوای دەرکەوتنی جیرانێک بوو. دیواری نیوەڕووخاو کە نەختێکیان ماوە ناڵەیان لێ هەڵبستێ و ژانی خۆیان هەڵبڕێژن، سۆپەی حەمام، پیکاپێک، چەند تەنەکەیەک و تەنانەت قاپوقاچاغی خواردنیش ببوونە کۆسپ لەسەر ڕێم. ئیدی من هێدی هێدی، بە وریایی، بە ترس و بە ڕوانین لەو جێیەی قاچمی لەسەر دادەنێم، قەڵەمباز دەدەم. ئەشێ لە بن هەر کەڤرێکدا بۆمبێکی نەتەقیوو هەبێ، ڕۆکێتی فڕۆکە ئەمریکییەکان یان هی پاشماوەی داعشی لێ جێ مابێ. مردن، بێدەنگی، ترس و دڵێک کە دەخوازێت خولەکێک زووتر بگاتە جێ، لەو ساتەدا دەستەویەخەی یەکدی دەبن. 
دڵ براوە دەبێ. ترس بێ ئەوەی دەست بکاتەوە تێک دەشکێ. بەرەو پێشەوە دەچم. ئەو ماڵانە یەکبەیەک دەناسم. لە دوورەوە تێیان ڕادەمێنم و لە دڵی خۆمدا دەبێژم: ئەوە ماڵی حەج مسلیمێ حەمزراڤ‌ـە، کە بەرامبەر ماڵی خالتییا خەجۆیە؛ ئەو مامانەی کە من و زۆرینەی منداڵانی گەڕەک لەسەر دەستە پیرۆزەکانی هاتینە دنیاوە، ئەوە ماڵی مامی خوالێخۆشبوومە کە مامۆستای زمانی عەرەبییە، ئەوە ماڵی خوشکەزاکەمە کە ئەمێستا بە تەنیا لە ئەستنەبووڵە و ژن و منداڵەکانی بە ڕێگای ئاویی بەرەو ئەڵمانیا وە ڕێ کەوتوونە، ئەوە ماڵی مامەکەی ترمە، ئەوە ماڵی مامۆزاکەمە کە نازانم ئێستا لە کوێیە، ئەوە ماڵی هاوڕێکەمە کە لە چیا لە ڕیزەکانی گەریلادا شەهید ببوو و ئێستاکە دایکی و بنەماڵەکەی لە هەولێرن، ئەوە ماڵی مامۆزاکەمە کە ئێستا لە دانیمارکە و منداڵەکانی لە ئەستەنبووڵن، ئەوە ماڵی برا جوانەمەرگەکەم خەڵۆیە، ئەوە ماڵی خوشکەکەمە، ئەوە ماڵی خوشکەکەی دیمە، ئەوە ماڵی برا جوانەمەرگەکەمە کە شانزە ساڵ لەمەوبەر لە پێکدادانێکی هاتوچۆدا تیاچوو و ئێستاکە هەردوو کوڕەکەی لە ئەڵمانیان، ئەوە ماڵی برا گەورەکەمە کە لە ئەستەنبووڵە و منداڵەکانی هەر یەکێکیان بە وڵاتێکدا بڵاو بوونەتەوە. ئەوە ماڵی حەیدۆیە، ئەوە هی حەج وێسـە، ئەوە هی بۆزانێ حەج کۆسیــیە، ئەوە هی حەمەسێویـە، ئەوە هی حەمەجنـە، ئەوە ماڵی وەردینـە، ئەوە ماڵی خوالێخۆشبوو حەج محەمەدێ تۆپ ئیبرامـە. ئەو ماڵەی پێشەوە هی حەمێ خۆجەیە. لەبەر ئەوەی دیوارەکان نەماون کۆڵانەکەی تریش دەبینم؛ ها خۆ ئەوە ماڵی خوشکەکەمە کە ئێستا ئەویش لە ئەستەنبووڵە، ئەوە ماڵی ئەحمەدێ کەمێلـە، ئەوە ماڵی ئەمینێ مامێــیە، ئەو ماڵەی لە بەری ڕۆژهەڵاتی مزگەوتە ماڵی خوشکە گەورەکەمە کە لە هەولێرە، ئەوە ماڵی مامۆزاکەمە کە لە کەمپی پەنابەرانە لە عەلی گۆر، ئەوە ماڵی مامی ڕەحمەتیم مەلە حوسێن‌‌ـە شێخی ڕێبازی نەقشبەندی کە زارۆکەکانیشی لە هەولێرەوە بگرە تا ئەڵمانیا و ئەستەنبووڵ پەرش و بڵاو بوونەتەوە، ئەوە ماڵی خوشکەکەمە کە لە مێردین پەنابەرە. ئەو خانووەی ئەولاتر، ئەوەی لە کن مزگەوتی شەریعەیە، ماڵی خوشکەکەمە وا ئێستاکە لە ئەستەنبووڵە و منداڵەکانیشی لە ئینگلتەرا و ئەڵمانیا و تورکیان، ئەوەی بەرامبەر ماڵی حەج ئەمینـە، ئەوێ ماڵی پوورمە و ئەوەیش ماڵی، ئەوەیش ماڵی... دەمهەوێ لە هەموو دەرگاکان بدەم. 
دەرگای لێ نییە. 
دیواریش کە دەرگاکان خۆیانی پێ بسپێرن، نینە. 
بە بیرم دێتەوە کاتێک منداڵ بووین و دەرگاتەقەمان دەکرد. شەوان بە بەردەم دەرگاکاندا دەڕۆیشتین و بەردمان پێدا دەکێشان و هەڵدەهاتین. دەمانکێشا بە دەرگای ماڵی خۆیشمان. خۆش بوو. خۆشی و ترس تێکەڵاو دەبوون و هەستێکی سەیرمان دەبوو کاتێک لە تاریکاییدا، لە پاش دیوارەکانەوە دەمانڕوانی؛ باوکمان، براکەمان یانژی دایکمان دەهاتنە بەردەرگا و کەسیان نەدەبینی. 
''دیارە خێو و جنۆکەیە!''
بە ترس و ماتییەکەوە وەهایان دەگۆت. 
ئێستا نە دەرگای لێیە، نە منداڵەکانیشی لێیە تا لە دەرگا بدەن. نە دایکەکانیشی لێیە تا دەرگا بکەنەوە و بێژن: ''دەک خوا ناوجەرگتان بە ئاو بکا یا ڕەببی!''
کاول. کاول. کاول.
شتی ساغ کە لە گەڕەکەکەدا مابێت، منارەی ئاسنین و قووبەی مزگەوتەکەی باپیرەمە کە لە کۆبانی پێیان دەگوت؛ جامیی سەیدا. من هێدی-هێدی ڕێ دەکەم. 
لە سەر سووچی کۆڵانەکە، لە بەردەم ماڵی هرمیێ حسەنەریـی هاوڕێی جوانەمەرگی خوێندگام کە ئەندامی یەپەژە بوو و لە تەقینەوە گەورەکەی لای مرشدپینارێ شەهید ببوو، تەرمێک دەبینم. 
ڕەت دەبەمەوە. 
ئەوە یەکەمین جار نییە لەشی مردوو دەبینم، لە شەڕی لوبنانیشدا لەشی کوژراوەکانم دیتبوو، خوێنی ئەوانم لەسەر دیوارەکان و مێشکیانم لە کڵاوی ئاسنیندا دیتبوو. لێ ئەو تەرمە دەمترسێنێ. سەرێکی قژدرێژ، ڕوویەکی تار و تاڵ، ڕیشێکی ڕەش و درێژ و تۆزگرتوو. خوێن لە گوێ و کەپوو و چاوی هاتووە، کراسێکی قاوەییی ئەستوور و کورت تا سەر ئەژنۆ و شەڕواڵە کورتەکەی هاتووە، جووتێک پێڵاوی تاکەوتاک لە دوورەوەی تەرمی داعشێکەوەن. 
کەلاکەکە و بۆن تێکەڵ بوون. من لووتی خۆم هەڵدەگڵۆفم و دوور دەکەومەوە و بە بەردەم ماڵی خالتییا خەجۆ تێدەپەڕم. 
محەلا سەیدا لە گەڕەکەکانی دیکەی کۆبانی نەدەچوو. بەڵکوو لە دنیادا گەڕەکێکی دی مینا ئەو گەڕەکە پەیدا نابێت. با بڵێین لە ناواخنی کۆبانییدا گوندێکی بچووک بوو. نموونەی جڤاکێکی عەشیرەتگەری بوو. لە هەموو هۆز و تیرەکان لە دەوری ماڵی باپیرەم هەبوون. هەموویان موریدی ئەو بوون تەنانەت لە ناویشیاندا سەیدی عەرەب هەبوون. ئەو گەڕەکەی وا ئێستا تێیدام، نیشتمان و واری هەمووان بوو. کەسێک بهاتبایە لەوێ خانوو بکاتەوە کەس لێی نەدەپرسی لە چ هۆزێکیت. 
لە نێوان من و گۆڕستانەکەدا سی مەتر دەمێنێت. لە نێوان من و دایک و باوکمدا چلوپێنج هەنگاو دەمێنێت. ئەو دایک و باوکەی کە بە درێژاییی چواردە ساڵی دوورەوڵاتیم بە خەیاڵی خۆم سەرم لە گۆڕەکەیان دەدا. من هەردەم هیواخوازی گەڕانەوە بووم. خەونم ئەوە بوو کە بەر لە مردنم بتوانم جارێکی دی بگەڕێمەوە گەڕەک و دەستبەجێ بەرەو گۆڕستان مل بنێم و لێبووردنیان لێ بخوازم و ببێژم: ''لێم ببوورن کە ئەو هەمووە لە دووریی گیانتانەوە بووم. لە ناپاکییەکەم ببوورن، لە سپڵەییی کوڕەکەتان ببوورن. ببوورە باوە، ببوورە دایە.''

نها ئەو خەونە جێبەجێ دەکەم. دڵم بووەتە چۆلەکەیەک کە لەبەر باراندا خۆی ڕادەوەشێنێت. 
هەڵدەلەرزێت.

هەڵدەلەرزم.

ژێدەر:
Mûmên Binaxkirî / Kobanî / Jan Dost / Çapa Yekem - 2017 / Weşanên Dara