خۆشم دەویست | پابلۆ نێروودا

| خۆشم دەویست
| پابلۆ نێروودا
| و. لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر
ئەمشەو دەتوانم خەمگینترین شیعر بنووسم.
بۆ وێنە، بنووسم:
''شەو لێوانلێوی ستێرانە،
لە دوورەوە شین دەچنەوە و جریوەجریویانە''.
شەوبا بە ئاسمانەوە دەشنێتەوە و دەچریکێنێت.
ئەمشەو دەتوانم خەمگینترین شیعر بنووسم.
خۆشم دەویست، ئەویش جارجارە خۆشی دەویستم.
شەوانێکی ئەمشەوئاسا لە باوەشمدا دەملاواندەوە،
لە بن ئاسمانی بێ‌ بندا ماچبارانم دەکرد بە عەزرەتەوە.
خۆشی دەویستم، منیش جارجارە خۆشم دەویست.
نەمدەتوانی چاوە کاڵ و مەنگەکانیم خۆش نەوێت.
ئەمشەو دەتوانم خەمگینترین شیعر بنووسم.
بیری بێئەویی ماتی کردووم. هەستی لەدەستدانی دایگرتووم.
گوێ هەڵدەخەم بۆ شەوی نەبڕاوە، بەبێ ئەو نەبڕاوەترە.
هۆزانەکەیشم دەتکێتە سەر ڕۆح؛ چەشنی ئاونگی پەلکەگیایە.
بە چی دەچێت؟ خۆشەویستییەکەم نەیتوانی بیهێڵێتەوە.
شەو لێوانلێوی ستێرانە و ئەو لەگەڵ مندا نییە.
ئەوە هەمووشتێکە. لە دوورەوە یەکێک دەچریکێنێت. لە دوورەوە.
دڵم بە بەریەوە نەماوە وا ئەوی لە دەست داوە.
هەر دەڵێی لەم نزیکانەیە، چاوم بۆی هەڵوەدایە.
دڵم بۆی هەڵوەدایە، کەچی ئەو لەگەڵ مندا نییە.
زریوەی تریفە ئاڵاوە لە بەژنی دارەکان.
کەسیشمان چیدی نەماوین ئەوەی جاران.
وا ئیتر خۆشم ناوێت، ڕاستە، بەڵام ئای چەندم خۆش دەویست!
دەنگم ڕاسپێری سروەیە تا خۆی لە گوێچکەی نەرمونۆڵی هەڵبسوێت.
جاران هیی ماچەکانم بوو کەچی یەکێکی دی. دەبێتە هیی یەکێکی دی:
ژێی دەنگی، لەشولاری سپیوسۆڵی، چاوی گەش و نیانی.
وا ئیتر خۆشم ناوێت، ڕاستە، بەڵام ڕەنگە خۆشیشم بوێت.
ئەڤین ئێجگار کورتە و لەبیرچوونەوەیش ئێجگار درێژ.
سا شەوانێکی ئەمشەوئاسا لە باوەشمدا دەملاواندەوە،
دڵم بە بەریەوە نەماوە وا ئەوی لە دەست داوە.
ئەمە دوایین ژان و تاڵاوە ئەو پێی چەشتم،
ئەمانەیش دوایین پەیڤن من بۆی دەنووسم.

سەرچاوە:

Poema XX (Puedo escribir los versos más tristes esta noche), Veinte poemas de amor y una canción desesperada, Pablo Neruda, EDAF – 1998 (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)


پابلۆ نێروودا (Pablo Neruda): شاعیری چیلیی. ساڵی ١٩٠٤ چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. یەکێک لە گرنگترین شاعیرانی ئەمریکای لاتین و دنیایە. خاوەنی پتر لە ٤٥ بەرهەمە. ساڵی ١٩٧١، خەڵاتی وێژەی نۆبێڵی پێ بەخشراوە. گابریێل گارسییا مارکێز ئەوی بە ''مەزنترین شاعیری سەدەی بیست لە هەموو زمانەکاندا'' ناودێر کردووە. ساڵانێک لە تاراوگە ژیاوە، ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٧٣ باڵوێزی چیلی لە فەڕەنسا بووە. سێ جار ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و تەنیا وەچەیەکی خستووەتەوە. ساڵی ١٩٧٣، لە شاری سانتیاگۆی چیلی، بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دواییی کردووە. خۆشم دەویست (شیعری بیستەم) لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نێروودایە.