ناساندنی کرمانجکی (زازاکی) و وێژەکەی

 ناساندنی کرمانجکی (زازاکی) و وێژەکەی

    چەند پەیڤێک بۆ ئاماژەدان بە کوردیی کرمانجکی هەیە. خۆیان ئەم چوارە «زازاکی، دملکی، کردکی و کرمانجکی» بەکار دەهێنن. «زازا» و «دمل» ناوی هۆزن، «کرد» و «کرمانج»ـیش لە ڕەچەڵەکەکەیانەوە هاتوون. گرووپی ڤاتە بیستوحەوت ساڵە لە هەوڵی بەستاندارکردنی ئەم زاراوەدایە و «کرمانجکی»ـی هەڵبژاردووە، بۆیە ئێمەیش ئەوە بەکار دەهێنینەوە.

    کوردی کرمانجکیئاخێو تەنیا لە باکووری کوردستان و پتر لە شاری ئامەد، چەولیگ، ڕحا، سەمسوور، سێرت، بەدلیس، دێرسم، مووش، ئەرزنگان و خارپێت دەژین. هەرچەندە ئامارێکی تەواومان لە بەردەستدا نییە، بەڵام زۆرینەی خەڵکی چەولیگ و دێرسم بە کرمانجکی دەدوێن، هەروەها گەلێک کرمانجکیئاخێویش لە سنووری پارێزگای ئامەددا هەن. پێدەچێت ڕێژەی کوردە کرمانجکەکان سێ-چوار ملیۆنێک کەمتر نەبێت.

    هاوشێوەی زاراوە کوردییەکانی تر، کرمانجکییش چەند شێوەزارێکی هەیە و دەتوانین بەم شێوەیە پۆلێنی بکەین: دێرسم، مووش و ئەرزنگان زۆر لە یەکەوە نزیکن. کرمانجکیی ڕحا، سەمسوور و چەرمووگیش هاوشێوەن. شێوەزاری سێیەم کرمانجکیی هەندێک ناوچەی ئامەد و خارپێت و چەولیگە، کرمانجکیی ناوچەی مۆتکیی بەدلیسیش بۆ خۆی شێوەزارێکە.

    کرمانجکی لە چاو زاراوەکانی تری کوردیدا زۆر درەنگ پێی نووسراوە. پیتەر ئیڤانۆڤیچ لێرخ یەکەمین دەقەکانی کرمانجکیی کۆ کردووەتەوە. ئەم دەقانەیش ساڵی ١٨٥٨ لەگەڵ فەرهەنگێکی ڕووسی-کرمانجکی لە سەنت پیتەربورگ بڵاو بوونەتەوە.

    دەقەکان لە دەمی چەند کرمانجێکەوە نووسراونەتەوە. ئەم کرمانجانە لە شەڕی ڕووس و عوسمانیدا بە دیل گیراون و بۆ ڕووسیا براون. وەک دەزانرێت، لێرخ دەقی کوردیی باکووری (کورمانجی)ـیشی کۆ کردووەتەوە. مرۆ دەتوانێت بڵێت ئەوانە یەکەمین دەقەکانی کرمانجکین. پاشان ئەوەی بەردەستە کورد خۆی نووسیوونیەتەوە. مەلا ئەحمەدی خاسی یەکەمین کتێبی بە کرمانجکی نووسیوە. ساڵی ١٨٩٩، خاسی مەولوودنامەکەی خۆی لە ئامەد بە کرمانجکی نووسیوە و چاپ کردووە. دواتر لە ساڵی ١٩٠٣، عوسمان ئەفەندی بابژ مەولوودنامەیەکی تری نووسیوە. عوسمان ئەفەندی خەڵکی سێورەگ بووە. ساڵی ١٩٣٣، میر جەلادەت عالی بەدرخان مەولوودنامەکەی لە شام بۆ چاپ کردووە. دوای ئەم مەولوودنامانە تا ساڵی ١٩٦٣، هیچ شتێک بڵاو نەکراوەتەوە. ساڵی ١٩٦٣، دوو نووسینی کرمانجکی لە ڕۆژنامەی «ڕۆژا نەوە»ـدا لە ئەستەمبووڵ دەرچووە، یەکێکیان سترانێکە و ئەوەی تریان بیرەوەریی کوردێکی ڕاگوێزراوە. ناوی ڕۆژنامەکەیش خۆی بە کرمانجکییە.

    دوای ئەم دوو مەولوودە، محەمەد شێخ ئەنساڕی لە ساڵانی ١٩٤٧-١٩٤٨ـدا پەرتووکی ئایینیی نووسیوە بەڵام ئەوسا بڵاو نەبوونەتەوە. ساڵی ٢٠١٧، بیلال زیلان کاری لەسەر کردوون و بڵاوی کردوونەتەوە. پاشان لە گۆڤار و ڕۆژنامەی وەک ئوزگورلوک یۆڵو، ڕۆژا وەلات، دەڤریمجی دەمۆکرات گەنچلک و تیرێژدا بە کرمانجکی نووسراوە. ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تا ١٩٨٠ـدا لە باکووری کوردستان بڵاو بوونەتەوە.

    گۆڤاری تیرێژ پێگەیەکی تایبەتی لە مێژووی نووسین بە زاراوەی کرمانجکیدا هەیە. بەر لە هەموو شتێک، گۆڤاری تیرێژ یەکەمین گۆڤاری وێژەیی و فەرهەنگیی کوردیی باکووری کوردستانە. تایبەتمەندییەکی تری تیرێژ ئەوەیە بە هەردوو زاراوەی کوردی، نیوەی کوردیی باکووری و نیوەی کرمانجکی، بڵاو بووەتەوە. دەتوانین بێژین یەکەمین نموونەکانی وێژەی هاوچەرخی کرمانجکی سەرەتا لێرەدا وەشاوە. گۆڤاری تیرێژ چوار ژمارەی لەسەر یەک دەرچووە، ژمارەی یەکەمی لە ساڵی ١٩٧٩ و ژمارەی چوارەمیشی بەر لە هاتنی حوکمی لەشکری لە ساڵی ١٩٨٠ لە ستۆکهۆڵم بڵاو بووەتەوە.

    ساڵی ١٩٨٠، هۆنراوەکانی سەرەتای کرمانجکی لە ژمارە دووی گۆڤاری تیرێژدا هاتووە. دوو هۆنراوەیان هیی م. مالمیسانژ و دوو کورتەهۆنراوەی تریش هیی کەسی ترە بە ناوی خوازراوەوە. هەروەها لەم ژمارەیەی تیرێژدا یەکەمین چیرۆکی کرمانجکی بڵاو بووەتەوە، ئەویش مالمیسانژ نووسیوویە.

    ساڵی ١٩٨٠، حکومەتی سەربازی لە تورکیا هاتە سەر حوکم و هەموو چالاکییەکی وێژەیی، ڕامیاری و چاندی قەدەغە کرا. زۆرینە کوردە ڕووناکبیر و سیاسییەکان چوونە دەرەوەی وڵات. بێگومان لە نێویشیاندا کوردی کرمانجکیئاخێویش هەبوو، ئەوانەی خەریکی زمان بوون و لەسەری دەدوان. تاراوگە چەند خاڵێکی ئەرێنیی لەگەڵ خۆیدا هێنا. یەکێکیان ئەوە بوو کرمانجکی لە دەرەوەی وڵات پێی نووسرا. ساڵی هەشتەکان تا نەوەدەکان، کرمانجکی لە گۆڤاری وەک هێڤی، ئارمانج، وان و بەرهەم و بەربانگدا پێی دەنووسرا.

    ناوەڕاستی نەوەدەکان، گەنگەشەی پرسی ڕاستنووسی لە نێوان کوردە کرمانجەکاندا سەری هەڵدا. چونکە هەر کەسێک بە گوێرەی بیر و باوەڕی خۆی، بە گوێرەی شێوەزاری گوند و ناوچەکەی، دەینووسی. شتێکی هاوبەش بۆ ڕاستنووسی لە گۆڕێ نەبوو. ئەو کەسانەی دەیاننووسی، جاروبار، خۆیان لە نووسینی یەکتر نەدەگەیشتن. کەوتنە گەنگەشە، گوتیان گەر بمانەوێت ئەم زاراوەیە پێش بکەوێت، دەبێت پێکەوە کاری لەسەر بکەین، هەندێک یاسا و ڕێسای ڕاستنووسی دابنێین. بۆیە ساڵی ١٩٩٦، لە ستۆکهۆڵم، بۆ یەکەمین جار کۆ بوونەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا ١٥ کەس، ئەوانەی بە کرمانجکی دەیاننووسی یان دەیانزانی، ئامادە بوون. بڕیاریان لەسەر ڕاستنووسی، بەکارهێنانی هەندێک بێژەی هاوبەش و کاری هەرەوەزی، دا.

    ساڵی ١٩٩٧، لە دووەم کۆبوونەوەدا، بڕیاری دەرکردنی گۆڤارێک درا تا ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانانەی تێدا بڵاو ببێتەوە. یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڤاتە لە گەلاوێژی ساڵی ١٩٩٧ـدا دەرچوو. هەتا نها لە ئابی ٢٠٢٣، ٧٦ ژمارەی لێ دەرچووە. ڤاتە لە ژمارە ١ تا ٢٠، هەم لە ستۆکهۆڵم هەم لە ئەستەمبووڵ، چاپ و بڵاو دەکرایەوە. ئیدی لە دوای ژمارە ٢٠ـەوە لە ئەستەمبووڵ مایەوە.

    ئەم گرووپە کرمانجکییە دواتر وەک گرووپی ڤاتە ناسرا. ئەم گرووپە تا ئێستا ٣٦ جڤینی لە وڵات و شاری جیاواز هەبووە. دەوروبەری ٢٠ کەسێک لە هەر کۆبوونەوەیەکدا بەشداری دەکەن و چوار-پێنج ڕۆژێک دەخایەنێت. ئەنجامی کۆبوونەوەکان هەم وەک فەرهەنگ هەم وەک پەرتووکی ڕاستنووسی بڵاو بوونەتەوە: ڕاستنوشتشێ کرمانجکی (زازاکی)، فەرهەنگا کرمانجکی (زازاکی)-ترکی کە ٦١٥٠٠ وشەی لە خۆ گرتووە، ترکی-کرمانجکی (زازاکی)ـیش ١٧٢٠٠ وشەیە.

    گرووپی ڤاتە و گۆڤاری ڤاتە، ڕۆڵێکی گرنگیان لە بواری نووسین و پێشخستنی کرمانجکی و گەشانەوەی وێژەکەیدا هەبووە. بەر لە گرووپی ڤاتە، لە ساڵی ١٨٩٩ هەتا ١٩٩٦، تەنیا ٢٣ پەرتووک بە زاراوەی کرمانجکی بڵاو ببوونەوە. ئەمڕۆ ڕێژەی پەرتووکی کرمانجکی دەگاتە هەزار. گۆڤاری ڤاتە، هەم لە ڕووی قەبارە و هەم لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، گرنگترین بڵاوکراوەی کرمانجکییە. ٧٦ ژمارەکەی گۆڤاری ڤاتە ٩٨٢١ لاپەڕەیە، تێکڕای هەر ژمارەیەکی ١٣٠ لاپەڕەیە.

    تا ئێستا ٥٦ کەس بەشدارییان لە گرووپی ڤاتەدا کردووە. زۆرینەیان خۆیان چەند پەرتووکیان بە کرمانجکی یان بە زمانی تر نووسیوە. کاریگەریی گرووپی ڤاتە لەسەر نووسینی کرمانجکی هەر ئەمە نییە. گرووپی ناوبراو بە هەوڵەکانی ڕێی نووسینی بە کرمانجکی خۆش کردووە، هەندێک ستانداردیشی لە نووسینیدا داهێناوە، بەم شێوەیە خوێندن و نووسینی کرمانجکی باشتر پەرەی سەندووە.

    هەتا ساڵی ١٩٩٦، تەنیا یەک کۆمەڵەهۆنراوەی کرمانجکی هەبوو، ئەویش «ھێراکلیتۆس»ـی م. مالمیسانژ بوو و ساڵی ١٩٨٨ وەشابوو. ئەمڕۆ ژمارەی کۆمەڵەهۆنراوە کرمانجکییەکان ٦٠ کتێبی تێپەڕاندووە. ٥٠٠ هۆنراوەیەکیش لەو ٧٦ ژمارەی گۆڤاری ڤاتەدا بڵاو بووەتەوە. دیارە هۆیەکەی ئاشکرایە، هەڵبەستوانانەی کرمانج سەرەتا هەڵبەستیان بە زمانی بیانی ناسیوە. پێش ساڵی هەشتاکان، چەند هەڵبەستێکی کرمانجکیی م. مالمیسانژ هەبوو و چەند دانەیەکی تریش هەر خۆی لە تورکییەوە وەریگێڕابوون.

    جێی بایەخە ھێراکلیتۆس یەکەمین پەرتووکی هەڵبەستی کرمانجکییە. لەبەر ئەوەی زۆر جاران شت چۆن دەست پێ بکات، وەهایش بەردەوام دەبێت. مالمیسانژ نیشانی دا هەڵبەست پتر لە «قیڕەقیڕ و بۆڵەبۆڵ»ـە، پتر لە «کڕووزانەوە و ڕۆڕۆ»ـیە. هەڵبەست وردبوونەوەیە، زانینە، هەست و خەیاڵە. هەڵبەست زمانە، نرخاندنی پەیڤە، ڕیتمە، ئاهەنگە.

    بێگومان درەنگکەوتنی نووسینی کرمانجکی کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر هەڵبەستی کرمانجکییش داناوە. بەڵام هەڵبەستوانە کرمانجەکان، هەر هەڵبەستی کرمانجکییان نەناسیوە. ئەوان بە زمانی تر هەڵبەستیان خوێندووەتەوە، هەندێکیشیان بە زمانی تریش هەڵبەستیان هەڵبەستووە. زانینە وێژەیییەکەیان بۆ کرمانجکی گواستووەتەوە. بۆیە زۆرینەی ئەو هەڵبەستانەی وەک پەرتووک وەشاون، لە لایەنی زمان، ناوەڕۆک، هونەر و پێکهاتەی هەڵبەستەوە زۆر باشن. گەر زۆریش نەبن، ئەوڕۆ هەڵبەستی کرمانجکی تایبەتمەندیی خۆی وەرگرتووە، بەردەوام لە گەشە و برەودایە. هەندێک هەڵبەستوانی کرمانج بە شێواز و بابەتی هەڵبەستەکانیان ئیدی لە لایەن خوێنەرانەوە دەناسرێن. ئەو هەڵبەستوانانەی دوو-سێ پەرتووکی هەڵبەستیان وەشاندووە، ڕۆژاوڕۆژ زێدەتر دەبن.

    ئەم کەشکۆڵە، یەکەمین نموونەی هەڵبەستی کرمانجکییە وەک پەرتووک بە کوردیی ناوەندی (سۆرانی) و ئینگلیزی و ئیسپانی بڵاو دەبێتەوە. هەنووکە هەر ئەوەندەمان لە توانادا بووە و هیچ هەڵبەستوانێکی تری ئەم زاراوە شیرینەمان بە مەبەست پشتگوێ نەخستووە. هیوادارین ئەم بەرهەمە، ڕێخۆشکەر بێت تا وێژەی کرمانجکی پتر بناسرێت و بخوێنرێتەوە، بەو هیوایەی بەرهەمی ژمارەیەکی زۆرتری نووسەرانی بە کوردیی ناوەندی، ئینگلیزی، ئیسپانی و زمانەکانی تر بڵاو ببێتەوە. «ناوم گوناحە» بەشێک لە کارە گرنگەکانی ناوەندی کەشکۆڵە؛ ئامانجمان تەنیا وەرگێڕانی نێوان کوردی و زمانەکانی تر نییە، بەڵکوو نزیکخستنەوەی زارە کوردییەکانیشە. زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو هەڵبەستوانانەی بەرهەمەکانیان لەم پەرتووکانەدا هاتووە.

| ناوم گوناحە: کەشکۆڵی شیعری کرمانجکی (زازاکی)

| ئامادەکردن: ژیار هۆمەر

| کوردییە ناوەندییەکەی (سۆرانییەکەی): ژیار هۆمەر

| ئینگلیزی و ئیسپانییەکەی: ژیار هۆمەر & دەیڤد شووک

| پێداچوونەوە: م. مالمیسانژ & ئۆغر سەرمییان & ژیانکارلۆ ئواپایا

| بڵاوکار: وەشانخانەی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی (AUIS)