مەلا مەحموودی بایەزیدی

تۆسنی ڕەشید
لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر

کاتێک دەمویست سەبارەت بە زانای هێژای کورد «مەلا مەحموودی بایەزیدی» بنووسم، بەر لە هەمووشتێک پرسیارێک مێشکی داگیر کردم: ''مەلا مەحموودی بایەزیدی، گەر لە ژیانیدا تووشی نوێنەری ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا لە ئەرزڕۆم «ئالێکساندەر ژابا» نەبووبا، چی لە پاش جێ دەما؟''

کاتێک «مەلا مەحموودی بایەزیدی» ساڵی ١٨٥٦ لە ئەرزڕۆم «ئالێکساندەر ژابا»ـی ناسیوە، تەمەنی ٥٩ ساڵ بووە. بەڵام لەو ٥٩ ساڵەدا چی کردووە، چی نووسیوە؛ هیچیمان بە دەست نەگەیشتووە.

ئەو کەسە زۆر شارەزایە، ئەو بلیمەتە مەزنە، هەتا ٥٩ ساڵی هیچی لە دوا جێ نەماوە. دوور نییە، گەر «ئا. ژابا»ـی نەناسیبایە، ئەو شارەزاییە زۆرەی، ئەو بلیمەتییە مەزنەی، لەگەڵ خۆیدا دەبردە ژێر گڵ و بەردی ساردوسڕ.

ئەوەیش لە چارەڕەشیی گەلی کوردە، تەنانەت لاوە زاناکانیشی شتی کەمیان بۆ گەلەکەیان کردووە، شتی کەمیان بەجێ هێشتووە. گەر کردبێتیشیان، زۆربەری زۆریان، بەرهەمەکانیان لە خزمەتی گەلانی دەسەڵاتداردا بووە. وەک چۆن ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسی مەزن، بەڕێز «هۆڤسێپ ئۆبێلی» نووسیوویەتی: ''ئەوان لە ژێر ناوی عەرەب، تورک، فارس... دیرۆکی ڕۆژهەڵاتیان ڕسکاندووە.'' سا ئەو نەخۆشینەمان بۆ گوازراوەتەوە و تا ئەم سەردەمەی ئێمەیش بەردەوامە: ''ئەحمەد شەوقی، یاشار کەمال، ئەحمەد عارف، سەلیم بەڕەکات...'' تەنێ چەند ناوێکن لە جیهاندا ناسراون، بەڵام نەک وەک کورد.

بڕێک زانیاری لەسەر کار و ژیانی مەلا مەحموودی بایەزیدی لە نامەکانی «ئا. ژابا» هەڵهێنجراوە، بەڵام زۆر کەمە. دەبوو لە هەمبەر کار و ژیانی، زانیاریی مەزنترمان بزانیبایە.
مەلا مەحموودی بایەزیدی ساڵی ١٧٩٧ لە باژێڕی بایەزید (کە هەندێک کورد پێی دەڵێن بازید) لە دایک بووە. لەو باژێڕە دەستی بە خوێندن کردووە. پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە ئێران و لە باژێڕی تەورێز خوێندنی تەواو کردووە. م. م. بایەزیدی زۆربەی باژێڕەکانی ئێران و ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی گەڕاوە؛ بۆیە پتر شارەزای زمانی عەرەبی، فارسی و کوردی بووە و تێیاندا قاڵ بووەتەوە.

دواتر دەگەڕێتەوە بایەزید، لە خوێندنگا وانەی فارسی، عەرەبی و تورکی، لەپاڵیشیاندا وانەی قورئان دەڵێتەوە.

ساڵی ١٨٥٦، «م. م. بایەزیدی» لە ئەرزڕۆم نوێنەری ڕووسیا لەو باژێڕە «ئا. ژابا» دەناسێ. ئەو ناسینەیان دەبێتە دەستپێکی هاوڕێیەتییەکی دوورودرێژ. م. م. بایەزیدی دەبێتە مامۆستای زمانی کوردیی ئا. ژابا، یارمەتیی دەدا، تاکوو نموونەی فۆلکلۆری کوردی و دەستنووسی کوردی کۆ بکاتەوە.

کاتێک ئا. ژابا لە ئەرزڕۆم دەبێت بە نوێنەر، «ب. ئا. دۆرن» ئەندامی ئاکادێمیای ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا، داوای لێ دەکا بچێ زانیاری لەسەر زمانی کوردی کۆ بکاتەوە. ئیدی دواتر ئا. ژابا لە ئەرزڕۆم م. م. بایەزیدی دەناسێ، لە بەجێهێنانی ڕاسپاردەکەی ب. ئا. دۆرندا، یارمەتییەکی بێوێنەی دەدا.

لەسەر داخوازیی ئا. ژابا، م. م. بایەزیدی گەلەک بەرهەمی فارسی و تورکی بۆ کوردی وەردەگێڕێ و چەند بەرهەمێک لەسەر ڕێزمان، دیرۆک و ڕەچەڵکناسیی کورد دەنووسێ.

لەو ساڵانەدا، پەڕتووکێک لەسەر ڕێزمانی کوردی دەنووسێ، بەگوێرەی سەرنجی کوردناس «ژ. س. مووسائێلیان»، دەشێ وەک یەکەمین پەڕتووکی ڕێزمانی کوردی دابنرێ. پەڕتووکەکەی تری لەسەر زمانی کوردی، ئەلفبێیەکە بە ناوی «ڕووپێلێن ژ بۆ کورکان». نووسینی ئەم پەڕتووکە دەرخەری ئەوەیە کە م. م. بایەزیدی ویستوویەتی ئەو زارۆکانەی لە خوێندنگا دەخوێنن، بەم پەڕتووکەی فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردییان بکات، وەک چۆن کاتی خۆی ئەوە ئامانجی «ئەحمەدی خانی»ـی مەزن بوو.

پەڕتووکی «عەدەت و تۆرەیێن کوردان»ـی «م. م. بایەزیدی» بەرهەمێکی ڕەچەڵەکناسیی تێروتەسەلە. دەکرێ وەک ئینسایکڵۆپێدیای ژیانی کوردان لێی بڕوانرێ.
1. م. بایەزیدی پاشماوەی «شەرەفنامە»ـی نووسیوە؛ دیرۆکی کوردان لە دوادوایییەکانی سەدەی ١٦ تا سەدەی ١٩. لێ مخابن ئەو بەرهەمە نەپارێزراوە. تەنێ پێشەکییەکەی ئا. ژابا کە بە زمانی فڕانسی بۆ ئەو بەرهەمەی نووسیوە، پارێزراوە.
2. م. بایەزیدی بەرگی یەکەمی «شەرەفنامە»ـی «شەرەفخانی بەدلیسی» کە سەبارەت بە کورد و کوردستانە، لە فارسییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە [١]. هەروەها بڕێک نموونەی فۆلکلۆری فارسی و تورکی بۆ کوردی وەرگێڕاوە. لەسەر ڕاسپاردەی ئا. ژابا، پێشەکیی بۆ چەند بەرهەمێکی زانا و نووسەرانی کورد نووسیوە.
3. زۆرینەی ئەو دەستنووسانەی ئا. ژابا کۆی کردووەتەوە و پارێزراوە، بە دەستی م. م. بایەزیدی نووسراوە.

[١]: مەلا مەحموود بایەزیدی. ''Tavarix-i kadim-i Kurdistan''. ئەم پەڕتووکە «قاناتی کوردۆ» و «ژ. مووسائێلیان» ئامادەیان کردووە و پێشەکییەکی زۆری بۆ نووسراوە. ساڵی ١٩٨٦ لە مۆسکۆ چاپ کراوە.

ژێدەر:
Mela Mehmûdê Bayezîdî / Tosinê Reşîd / RiaTaza.com