شاری هەڵم - کۆچیرۆکی کارلۆس ڕویز زافۆن

«شاری هەڵم» کۆچیرۆکی کارلۆس ڕویز زافۆنە و ژیار هۆمەر لە ئیسپانییەوە وەریگێڕاوە، وەشانخانەی پەیک بەم زووانە بڵاوی دەکاتەوە. نموونەی وەرگێڕانەکەیش دانراوە. 

بێناو

کارلۆس ڕویز زافۆن

لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر


بەرشەلۆنە، ١٩٠٥

    دوای ساڵانێک بۆیان گێڕامەوە دواجار لەسەر شەقامە نسرمەکەی گۆڕستانی ڕۆژهەڵات بینیویانە. زەردەپەڕ سەری لە کەل دەرهێناوە و کزەبای شەماڵ گەواڵەی ئاڵی بەسەر شاردا ڕاپێچاوە. تاقوتەنیا ڕێی پێواوە، کڕێوەیش شەقەشەق هەڵیلەرزاندووە و شوێنپێی دڕدۆنگی لەسەر نواڵەبەفری ئەو دەمەو ئێوارەیەدا لە دوای خۆی جێ هێشتووە. هەر گەیشتووەتە دەروازەی سەرقەبرانەکە، کیژۆڵەکە وچانێکی داوە تا هەناسەی بە بەردا بێتەوە. دارستانێک فریشتە و خاچیش لەودیو دیوارەکانەوە سەرەتاتکەیان پێ کەوتووە. بۆساری گوڵی ژاکاو و قسڵ و گۆگرد ڕووخساریان لێساوەتەوە، بانگهێشتی ژوورەوەیان کردووە. کەوتووەتەوە ڕێ کەچی برووسکەی ژان وەک ئاسنی داپڵۆخێن جەرگی بڕیوە. دەستی بە سکیەوە ناوە و هەناسەی قووڵی هەڵمژیوە، بە گژ هێڵنجدا چووەتەوە. ساتێکی نەبڕاوە سوێ و ترسی ئەوەی لە دڵدا گەڕاوە هەنگاوێکی تری پێ نەنرێت، هەر لە بەردەم دەروازەی گۆڕستانەکەدا هەرەس بهێنێت و گزنگ لەوێدا بدۆزرێتەوە. قەڵافەتی بەستوو و بزڕکاوی باوەشی بە ڕمی دەروازەکەدا کردووە، ئەو کوڕەیشی بە چەرمی سک هەڵیگرتووە دەستەوەستان کەوتووەتە تەڵەی تابووتێکی بەردینی شەختەبەندەوە.

خۆڕادەستکردن لەوێدا ئێجگار ئاسان بووە؛ هەر لەسەر بەفرەکە ڕابکشایە و چاوی بۆ هەتاهەتایە بنووقاندایە. بەڵام لە هەناویدا هەستی بە ترپەترپی ژین کردووە؛ ئەو ترپەیەی بە پێوە ڕایگرتووە و نەیویستووە دابمرکێتەوە، زانیویەتی ژان و سەرماوسۆڵەیش چۆکی پێ دانادەن. هەموو هێزی لێبڕاوی کۆ کردووەتەوە و سەرلەنوێ هەڵستاوەتەوە. قردێلەی ژان لە ناو سکیدا پێچی خواردووە، کەچی پشتگوێی خستووە و هەنگاوەکانی گورج کردووە. نەسرەوتووە تا پێچەڵانی گڵکۆ و پەیکەرە پواوەکانی تێپەڕاندووە. ئەوساکە سەری هەڵهێناوە و شادەرگا ئاسنەکەی کۆنەکارگەی کتێبی لە هەمبەر بوولێڵ بینیوە، هیوا لە هەناویدا چەکەرەی کردووە.

    لەوپەڕەوە، گەڕەکی پوێبلۆ نوێڤۆ پەلی بەرەو ئاسۆی خۆڵەمێشی و نسێ هاویشتووە. کارگەکان وێنەدانەوەی لێڵی بەرشەلۆنەیەکی جادوویییان بە سەدان دووکەڵکێشەوە نەخشاندووە؛ هەناسەی ڕەشیان بە ئاسمانی ئاڵدا فیچقاندووە. هەر ئەوەندەی کیژۆڵەکە پێی ناوەتە ناو گڵۆڵەی کۆڵانی بەتەڵەوەبووی کۆگا و دووکانی ئەشکەوتئاساوە، هەر لە کارگەی کان ساڵادریگاس تا لا تۆڕێ دێ لاس ئاگواسەوە، چاوی بڕێک پێکهاتەی بناغەی گەڕەکەکەی ناسیوەتەوە. کۆنەکارگەی کتێب لە نێوان هەموویاندا هەڵکەوتووە. بورج و پردی هەڵواسراو لەسەر ڕووکارە ڕیزپەڕەکەی هەڵتۆقیوە؛ دەرخەری کاری ئەندازیارێکی شەیتان و پسپۆڕی چاوخەڵەتاندن بووە. قوبە و منارە و دووکەڵکێش بەسەر گەڕەلاوژەی گومەز و ڕێڕەوەکانەوە بووە، دەیان کۆڵەکە و کاریتەیش بۆیان سەندووەتەوە. پەیکەر و نەخشی هەڵکۆڵراو مارانە بە دیوارەکانیدا لچکاوە، بنمیچی گومەزەکانیش سیخناخی پەنجەرە بووە و دەزوولەشەبەنگی ڕووناکییان پێدا شۆڕ بووەتەوە.

    کیژۆڵەکە چاوی بە تاقمی پلووسکەپەیکەرەکاندا گێڕاوە؛ کۆڕنیشەکانیان تەنیوە، توێژاڵەهەڵمیان دەڵاندووە و بۆخاوی مەرەکەب و کاغەزیان فیشقاندووە. سەرلەنوێ تەوژمی ژان هەناوی دابێژاوە، گورجێ بەرەو شادەرگاکەی پێشەوە هەڵهاتووە و گوریسی زەنگۆڵەکەی ڕاتەکاندووە. زایەڵەی منگنی زرنگەزرنگ لەودیو دەرگا ئاسنەکەوە زرنگاوەتەوە. کیژۆڵەکە گورگەئاوڕی داوەتەوە و بینیویەتی چەند چرکەیەکی نەخایاندووە ڕنوو شوێنپێیەکانی داشاردووە. کزەبای جەرگبڕ و کەڵبەدار لای دەرگا ئاسنەکەوە کوشکەڵەی پێ کردووە. پەیتاپەیتا قایمتر گوریسی زەنگۆڵەکەی ڕاکێشاوە بەڵام هیچ وەڵامێکی چنگ نەکەوتووە. سا ڕووناکییە کزەڵۆکەکەی چواردەوری تواوەتەوە، ھەر لەڕێوە تاریکییش لە بەرپێیدا قوت بووەتەوە. زانیویەتی کاتی زۆر بە دەستەوە نەماوە، چەند هەنگاوێک لە دەرگاکە کشاوەتەوە و چاوی بە شاپەنجەرەکانی پێشەوەدا خشاندووە. تارمایییەک لەودیو پەنجەرەی هەڵمینەوە، چەشنی جاڵجاڵۆکەی چەقی تەون، خۆی مەڵاس داوە. کیژۆڵەکە هەر نەخشی لەشی ژنێکی تێدا بەدی کردووە کەچی ڕووخساری نەناسیوەتەوە؛ زانیویشیەتی خراوەتە بن چاودێرییەوە. پەلی ڕاوەشاندووە و کڕووزاوەتەوە. تارماییەکە، تا توانەوەی کتوپڕی ڕووناکییەکە، بێخوست ماوە. پەنجەرەکە تەواو ڕەش داگیرساوە، بەڵام کیژۆڵەکە ئاگای لێ بووە؛ ئەو دوو چاوەی چاودێرین لە نووتەکیدا ماونەتەوە، بەبێ ترووکە، لە بوولێڵدا بریسکاونەتەوە. سا بۆ یەکەمین جار ترس کڕێوە و ژانیان لە بیر بردووەتەوە. گوریسی زەنگۆڵەکەی بۆ سێیەمین جار ڕاتەکاندووە، هەر ئەوەندەی تێگەیشتووە ئاوها کەس ناچێت بە هانایەوە، ئیدی زرمەزرم بە مستەکۆڵە دەرگاکەی داگرتووەتەوە و قاووقیژی ناوەتەوە. ئەوەندەی پێدا کێشاوە تا چەپۆکی خوێنی تێ زاوە، ئەوەندەیش لاڵاوەتەوە تا دەنگی نووساوە و قاچی توانستی ڕاگرتنی بەژنی نەماوە. سەرسمی بەسەر گۆلێکی بەستوودا داوە، چاوی قووچاندووە و گوێی بۆ ترپەترپی ژین لە ناو منداڵدانیدا هەڵخستووە. ڕنوو وردەوردە ڕووخسار و لەشی داپۆشیوە.

    زەردەپەڕ وەک مەرەکەب ڕژاوە. هەر دەرگاکە ترازاوە، باوەشێنێک ڕووناکی بە بەژنیدا پرژاوە. دوو چرابەدەست لە تەنیشتیەوە چۆکیان داداوە. پیاوێکیان، کەتە و ئاوڵە ڕووخساری قرنجاندووە، پەرچەمی سەر هەنیەی کیژۆڵەکەی شەمزاندووە. ئەویش چاوی هەڵهێناوە و بزەیەکی تێ گرتووە. دوو پیاوەکە چاوچاوانێیان پێ کەوتووە. ئەوەی دووەمیان، لاوتر و ڕیوەڵە، ئاماژەی بە بریکەبریکی شتە درەوشاوەکەی دەستی کیژۆڵەکە داوە. ئەڵقە. لاوەکەیان مرخی لێ خۆش کردووە و ویستوویەتی هەڵیبگرێتەوە بەڵام هاوەڵەکەی بەری پێ گرتووە.

    پێکڕا دەستیان ناوەتە ژێر باڵیەوە. بەتەمەنتر و ملقەوییەکەیان بە باوەش هەڵیگرتووە و کۆسەکۆسە ئەوی تریانی بۆ داوای یارمەتی ناردووە. لاوەکەیان بە لالووتەوە ملی داوە و زەردەپەڕ هەڵیلووشیوە. کیژۆڵەکە هەر چاوی لەسەر چاوی ئەو پیاوە چوارشانەیەی بە باوەش هەڵیگرتووە هەڵنەگرتووە، ویرەویر پەیڤێکی دەربڕیوە بەڵام بە هۆی لێوی شەقارشەقاری سەرمابردوویەوە جوان بۆی گۆ نەکراوە. سوپاس، سوپاس.

    پیاوەکە شەلەشەل ئەوی بەرەو ئەو شوێنە گەراجئاسایەی کن دەرگای کارگەکە بردووە. ئەوساکە لە ژوورەوە، کیژۆڵەکە دەنگی دیکەی بیستووە و هەستی کردووە چەند قۆڵێکی جۆراوجۆر پەلیان گرتووە و لەسەر مێزی بەردەم ئاگرەکە پاڵیان خستووە. تینی بڵێسە ئەسرینی بەستووی سەر کەزی و ڕووخساری زیواڵ-زیواڵ تواندووەتەوە. دوو کیژۆڵە، ئەوئاسا لاو و بەرگیان کەنیزانە، لە بەتانییەکیان هەڵپێچاوە و چوارپەلیان شێلاوە. دەستێک بە بۆنی بەهاراتەوە، پێکەشەرابی تیژی بە لێویەوە ناوە. ئەو شلەمەنییە شلەتێنە چەشنی هەتوان لە هەناویدا تەشەنەی سەندووە.

    کیژۆڵەکە بەدەم ڕاکشانی لەسەر مێزەکە، چاوی بە ژوورەکەدا گێڕاوە و بۆی دەرکەوتووە لە لێنانگەیە. کەنیزەیەکیان چەند خاولییەکی خستووەتە بن سەریەوە و ناوچاوانی کیژۆڵەکەیش بۆ دواوە خزاوە. بەم شێوازی ڕاکشانەی هۆدەکەی بەرەواژ بینیوە؛ مەنجەڵ و تاوە و قاپوقاچاغ دژی هێزی ڕاکێشان وەستاونەتەوە. ئاوها هاتنەژوورەوەی ئەوی بینیوە؛ ڕووخساری ژاکاو و مەندی ئەو خانمە سپیپۆشەی بە ئەسپایی لە دەرگاکەوە توخنی کەوتووەتەوە، وەک بڵێیت بەسەر بنمیچەکەدا هەنگاوی هەڵهێناوەتەوە. کەنیزەکان لاتریسکەیان لێ بەستووە، پیاوە چوارشانەکەیش بە لێوەلەرەوە چاوی داژەندووە و گورجێ پرینگاوەتەوە. کیژۆڵەکە دوورکەوتنەوەی تەپەتەپی پێ و دەنگی دیکەی بیستووە، تێگەیشتووە ئەویان لەگەڵ خانمە سپیپۆشەکەدا بە تەنیا جێ هێشتووە. نووشتانەوەی ئەوی بەسەر خۆیدا بینیوە و هەستی بە ئۆخژنی گەرموگوڕی هەناسەی کردووە.

    خانم «مەترسە»ـی بە گوێدا چرپاندووە، ئەوی کڕوماتیش چاوە کاڵەکانی پێدا گێڕاوە. پشتەدەستی، نەرمترین پێست بووە لە هەموو تەمەنیدا بەری کەوتووە، بەسەر کوڵمەیدا خشاندووە. کیژۆڵەکە هزریوە سەروسیما و هەڵسوکەوتی خانمەکە چەشنی فریشتەیەکی داڕووخاوە، دیارە لە تۆڕی جاڵجاڵۆکەی فەرامۆشیی بەهەشتەوە بەر بووەتەوە. داڵدەی لە ڕوانینیدا خوێندووەتەوە. خانمەکە بزەی پژاوە و بەوپەڕی نیانییەوە ڕووخساری لاواندووەتەوە. ماوەی نیو کاتژمێرێک ئاوها ماونەتەوە و نەیانورتاندووە کەچی لە ناکاو غەڵبەغەڵبێکیان لە حەوشەکەوە بیستووە؛ کەنیزەکان –لەگەڵ کوڕە لاوەکە و ئەو ئەفەندییەی پاڵتۆی ئەستووری لە خۆی هەڵپێچاوە و جانتایەکی قەبەی ڕەشی لە دەستیدا هەڵگڵۆفیوە– گەڕاونەتەوە. حەکیمەکە بەسەر سەریەوە ڕاوەستاوە و لێدانی دڵی گرتووە. ئۆقرەبڕاو چاولەچاوی ڕوانیوە. دەستێکی لە سکی ساویوە و ئاخی هەڵکێشاوە. کیژۆڵەکە بە ئاستەم تێگەیشتووە لەو فەرمانانەی جەنابی حەکیم بە کەنیزە و خزمەتکارەکانی دەوروبەری ئاگرەکەی داوە. ئەوسا ورەی وەبەر خۆی داوە، دەنگی هەڵهێناوە و پرسیویەتی داخۆ منداڵەکەی بە سەلامەتی دێتە دنیاوە. خۆی بە گوێرەی کاردانەوەی حەکیمەکە بووایە، چارەنووسی هەردووکیان مردن بووە، چاویشی لە ڕوانینی خانمە سپیپۆشەکە دزیوەتەوە.

    کیژۆڵەکە «دەیڤد. ناوی دەنێم دەیڤد»ـی سرتاندووە.

    خانمەکە سەری ڕاوەشاندووە و تەوێڵی ڕامووسیوە. «دەی ورە بدەرە بەر خۆت»ـی بە گوێدا چرپاندووە و دەستوپلی توند هەڵگڵۆفیوە.

    ساڵانێک دواتر زانیم ئەو کیژۆڵە حەڤدە ساڵە ڕاکشاوە نقەی لێ بڕاوە، تەنانەت نووزەیەکیشی لێ نەهاتووە؛ کاتێکیش حەکیمەکە بە نەشتەر ورگی هەڵدڕیوە و ئەو منداڵەی هەر لە ڕێی قسەی بێگانانەوە ئەوی ناسیوە هێناوەتە دنیاوە، چاوی دەرتۆقیوە و ئەسرین بەسەر کوڵمەیدا خلۆر بووەتەوە. هەزار جار لە خۆمم پرسیوە: داخۆ خانمی سپیپۆشی بینیوە چۆن پشتی تێ کردووە و مەلۆتکەکەی خستووەتە ئامێزیەوە و نووساندوویەتی بە سنگی سپیوسۆڵی هەوریشمییەوە، ئەمە لەو کاتەی خۆی ئامێزی کردووەتەوە و کڕووزاوەتەوە تا چاوی بە کوڕەکەی بکەوتایە. چەندین جاریش لە خۆمم پرسیوە: داخۆ ئەو کیژۆڵەیە زووڕەزووڕی دوورخستنەوەی کوڕەکەی لە باوەشی ژنێکی تردا بیستووە، ئەمە لەو کاتەی تاقوتەنیا لە گۆمی خوێنی خۆیدا جێیان هێشتووە تا گەڕاونەوەتەوە و لەشی لەرزۆکیان لە کفن هەڵپێچاوە. هەروەها لە خۆیشمم پرسیوە: داخۆ هەستی بەوە کردووە چۆن کەنیزەیەکیان بە مەبەستی دزینی ئەڵقەکەی پەلاماری دەستی چەپی داوە و توێخی پێستەکەی داماڵیوە، ئەمە لەو کاتەی لەشیان بەرەو شەو ڕاپێچاوە و ئەو دوو پیاوەی ڕزگاریان کردبوو خستوویانەتە ناو گالیسکەوە. زۆر جاریش لە خۆمم پرسیوە: داخۆ هێشتا هەناسەی بە بەرەوە ماوە کاتێک ئەسپەکان چەقاندوویانە و دوو پیاوەکە کفنەکەیان داگرتووە تا هەڵیبدەنە ناو ئەو شەتاوەی ڕووەو بەستەڵەکی کاولاش و کوخی قامیشی قەراغ دەریای بۆگاتێل کشاوە و پاشەڕۆی سەدان کارگەی تێ قڵپاوە.

    هەمیشە ویستوومە بڕوا بکەم بەوەی لە دواساتەکانی تەمەنیدا –لەو دەمەی ئاوە بۆگەنبووەکە تفاندوویەتییە ناو زەریاوە و کفنە تێپێچراوەکەی ترازاوە و تەوژمێک بەژنی ڕادەستی تاریکەسەلاتی بێبن کردووە–  زانیویەتی ئەو کوڕەی بوویەتی نەمردووە و هەردەم یادی دەکاتەوە.

    قەت ناویم نەزانی.

    ئەو کیژۆڵەیە دایکم بوو.


سەرچاوە:

 بێناو، شاری هەڵم، کارلۆس ڕویز زافۆن، و. ژیار هۆمەر، وەشانخانەی پەیک-  ٢٠٢٣.  

(Sin nombre, La ciudad de vapor, Carloz Ruiz Zafón, Traducido al kurdo por Jiyar Homer, Peyk Book – 2023)

کارلۆس ڕویز زافۆن نووسەرێکی هەرە ناسراوی دنیایە و دوای سێرڤانتێس پڕخوێنەرترین نووسەری ئیسپانییە. بەرهەمەکانی بۆ سەروو ٥٠ زمان وەرگێڕدراون و دەیان خەڵاتی بردووەتەوە. لەدایکبووی ١٩٦٤ـی بەرشەلۆنەیە. ساڵی ١٩٩٤ تا دواهەناسە، نیشتەجێی لۆس ئەنجڵسی ئەمریکا بووە. بەرهەمەکانی بریتین لە سێینەی تەم: شازادەی تەم (١٩٩٣)، کۆشکی نیوەشەو (١٩٩٤) و ڕووناکییەکانی سێپتەمبەر (١٩٩٥). مارینا (١٩٩٩). چوارینەی گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان: سێبەری با (٢٠٠١)، گەمەی فریشتەکە (٢٠٠٨)، زیندانییەکەی ئاسمان (٢٠١١) و پێچەڵانی خێوەکان (٢٠١٦). ساڵی ٢٠٢٠، دوای دواکۆچی، کۆچیرۆکەکەی بە ناونیشانی شاری هەڵم بڵاو بووەتەوە.