یەکەمین ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتین

"ئۆنێتی مەزنترین ڕۆماننووسی ئەمریکای لاتینە."

- خولیۆ کۆرتاسار

"بیر یەکەمین ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتینە."

"ڕۆمانی ئەمریکای لاتین لە بیرەکەی ئۆنێتییەوە هەڵگۆزراوە."

"ئێمەی نووسەرانی ئەمریکای لاتین هەمیشە قەرزارباری ئۆنێتیین."

- ماریۆ بارگاس یۆسا

"ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئۆنێتی بەردی بناغەی نوێبوونەوەمانن."

- کارلۆس فوێنتێس

"ئۆنێتی لە نووسەرە مەزنەکانی زمانی ئیسپانییە."

- ئۆکتاڤیۆ پاز 


خوان کارلۆس ئۆنێتی ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و وتارنووسێکی ئوروگواییە. نووسەرێکی هەرە گرنگی مێژووی ئەمریکای لاتین و زمانی ئیسپانییە. سەر بە وێژەی بوونخوازییە و باوکی ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتینە. ساڵی ١٩٨٠، خەڵاتی بەناوبانگی سێرڤانتێس و ساڵی ١٩٨٥، خەڵاتی مەزنی وێژەی ئوروگوایی وەرگرتووە.

ساڵی ١٩٣١ لە بوێنۆس ئایرێس، سەردەمی ڕژێمی ئوریبوروو، شەممە و یەکشەممان فرۆشتنی جگەرە قەدەغە بووە. ئەوەی جگەرەکێش بووایە، دەبووایە هەینی مشووری بخواردایە. جارێکیان ئۆنێتی بیری دەچێت و جگەرەی لێ دەبڕێت، دادەنیشێت لەسەر ئامێری نووسین بیر دادەڕێژێت.

بیر بنچینەیەکی تێگەیشتنی دنیای گێڕانەوەی ئەمریکای لاتینە. ئۆنێتی کاریگەرییەکی باڵکێشی لەسەر ڕیالیزمی جادوویی و ڕەوتی وێژەییی «بوم» و نەوەی دواتر داناوە؛ ئەو کەڵەنووسەرانی وەک نوێنەری ئەمریکای لاتین لە چوار قۆڕنەی دنیادا دەنگیان داوەتەوە. نووسەری وەک ماریۆ بارگاس یۆسا و خولیۆ کۆرتاسار و کارلۆس فوێنتێس و خوان ڕولفۆ و گابریێل گارسییا مارکێز لە لایەنی ناوەڕۆک، لێکدان و ڕێکخستن و تێکهەڵکێشی کات، گەمەی بەردەوامی نێوان حەقیقەت و خەیاڵەوە، قەرزارباری ئۆنێتین.

نووسیاری کۆبەرهەمی ئۆنێتی، ئۆرتێنسیا کامپانێلا، دەڵێت: "بیر گرنگترین بەرهەمی ئۆنێتییە. زۆربەی کەڵکەڵەکانی نووسەر لەم ڕۆمانەدایە. دەقی بیر سەرتۆپی سەردەمەکەیەتی. زۆر کەس بەراوردی «هێڵنج»ـەکەی سارتەری دەکەن. ڕاستە کەشەکەیان هاوشێوەیە، بەڵام ئۆنێتی ئاگاداری هێڵنج نەبووە و حەوت ساڵ لەوەو پێشتر «بیر»ـی نووسیوە." ڕەخنەگری ئوروگوایی، ئێمیر ڕۆدریگێز مۆنێگال، بیری بە «خەیاڵی ناو خەیاڵ» و «فرەلایەنیی ڕوانگەی گێڕانەوە» و «تێترنجاندنی دنیایەکی خەیاڵی لە دنیایەکی دیکەدا» پێناسە کردووە، هەروەها دەڵێت: "بیر سیمای تێکڕای بەرهەمەکانی دواتری ئۆنێتییە.''

ئۆنێتی ئەوەندەی شایانیەتی، بەرهەمەکانی نەناسراوە و بڵاو نەبووەتەوە، چونکە دنیای ئۆنێتی ڕەشبینانەیە، دنیایەکی تایبەتە و تاریکی باڵی بەسەردا کێشاوە. دنیایەکی سرکە و خوازیاری سەرنجی چڕی خوێنەرە. سا هاوکات قووڵایی و ڕەسەنایەتییەکەی دەماندرەوشێنێتەوە، وەڕەسمان دەکات و تاڵییەک لەسەر زمانمان جێ دەهێڵێت.

ئەو نووسەرانەی ئۆنێتی ستایشی کردوون و بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەری داناوە: وڵیەم فۆکنەر، جەیمس جۆیس، لویی فێردینان سێلین، ڕۆبێرتۆ ئارلت و خۆرخێ لویس بۆرخێس.

وەک ئاشکرایە، خۆم جگەرەکێشێکی باشم، جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنم. لەبەر وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە وازم لە جگەرەکێشان هێنا، هەمووان حەپەسان و کەس بڕوای نەدەکرد، هۆکارەکەیشیم نەدرکاند؛ خۆم خستە هەمان دۆخی نووسەر تا باشتر بتوانم وەریبگێڕم و دایبڕێژمەوە و هەستی ئەودیو وشەکان بگوازمەوە. دڵخۆشم دوای شەونخوونیی تاقەتپڕووکێن و نەبڕاوە، وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەم بڕاندەوە. ئەمە یەکەمین دەقی ئۆنێتییە بە زمانی شیرینی کوردی بڵاو دەبێتەوە و یەکەمین کتێبی چاپکراومە. سوپاس و پێزانین بۆ وەشانخانەی کەشکۆڵ، دەیڤد، ناتالیا، سوورێن و ئێوەی خوێنەرانی هێژا.

| بیر
| خوان کارلۆس ئۆنێتی
| و. لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر
| پێداچوونەوە: سوورێن ئیبراهیم
| ٨٤ لاپەڕە
| تیراژ: ١٠٠٠ دانە
| نرخ: ٢٠٠٠ دینار
| چاپی یەکەم - ٢٠٢٢
| بڵاوکار: وەشانخانەی کەشکۆڵ (AUIS)

ئێستا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەردەستە!