ماهی من تەنها مەهێکە - گوڵبژێری شیعری نالی بە ئینگلیزی!

 بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە، یەکێک لە گرنگترین هەواڵەکانی مێژووی وێژە ڕادەگەیەنین: ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی (AUIS) وەک پێشەنگی وەرگێڕانی پێچەوانە، لە هەوڵێکی بێوێنە و لە ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕاندا، گوڵبژێری شیعرەکانی نالی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە! پیرۆزە لە هەمووان! تریفەی ئەو مانگەی کورد هەر گرشەدار بێت.

وەرگێڕەکان: د. ئالانا ماری لێڤنسۆن لابرۆس، شێنێ محەمەد، د. تایڵەر فشەر، د. حەیدەر خزری

جێی شانازیمە کە من وەک سەرپەرشتی پێداچوونەوەی وەرگێڕانە ئینگلیزییەکە و دەقە کوردییەکانی ناو ئەم بەرهەمە دانسقەیە بەشدار بووم.


دەیڤد شووک، نووسیاری کتێبەکە، دەڵێت:

"ئەمە بەرگی یەکەمی زنجیرەی نوێی وەشانخانەی کەشکۆڵە بۆ ناساندنی شاعیرانی کلاسیکی کوردستان بە زمانی ئینگلیزی. لە کاتی ئامادەکردنی ئەو وەرگێڕانانەی لەم بەرگەدا خراونەتە ڕوو، چەند غەزەلێکی نالیم بە وەرگێڕانی تایڵەر فشەر و حەیدەر خزری لە گۆڤاری بڕۆکڵن ڕەیڵ خوێندەوە و گەشامەوە. سا پەیوەندیم بەو دوو مامۆستایەوە کرد و لێم پرسین گەر بلوێ وەرگێڕانەکانیان لەم بەرگەدا بڵاو دەکەینەوە، بە سوپاسەوە پێشنیارەکەمیان قبووڵ کرد. لە ڕوانگەی منەوە، چەشنی زۆرینەی شاعیرانی کلاسیکی کوردی، نالی شاعیرێکە بەرهەمەکانی وەرگێڕانی زۆر هەڵدەگرێت. تا هەوڵی زیاتر و چڕوپڕتر و جیاوازتر لە هونەری وەرگێڕانی وێژەیی لە ئارادا بێت، بواری بەرینتر بۆ خوێنەری ‌زمانی ئینگلیزی‌ دەڕەخسێت تا باشتر لە دەوڵەمەندیی ئەم جۆرە شیعرە تێبگات کە داڕشتنەوەی شێواز و تایبەتمەندییەکانی لە زمانێکی تردا چەند ئاڵۆزە و ئەو ئاستەنگ و کۆتوبەندانە کامانەن کە وەرگێڕ ناچار دەکەن زیاتر سەرنجی لەسەر هەندێک لایەنی بێت. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا، بە چەند وەرگێڕانێکی جیاوازی تاکە شیعرێک و تۆمارکردنی بۆچوونی جیاوازی وەرگێڕەکان و هێشتنەی مشتومڕەکان تا گەیشتنە دواقۆناغی وەرگێڕان، کەشکۆڵ سەردەقی وەرگێڕانی هەرەوەزیی شکاندووە، بە ڕادەیەک دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە د. ئالانا ماری لێڤنسۆن لابرۆس چەمکی «وەرگێڕانی دووبەرەکی»ـی بۆ داتاشیوە. هیوادارم بەرگەکانی داهاتووی ئەم زنجیرەیە بە تیشکی بەتینتر ساباتی هونەری وەرگێڕان ڕووناک بکاتەوە، هەروەها ئەم بەرهەمە و ئەوانەی دواتر هانی زمانزان و وەرگێڕە کوردەکان بدەن -چ لە نیشتمان بن یان تاراوگە- تا ببنە سەرقافڵەی وێژە دڵنشینەکەیان بەرەو زۆرینەی زمانەکانی جیهان.

ئامانجی هۆنراوەکانی ئەم کتێبە و کتێبەکانی دواتری زنجیرەکەمان بۆ ناساندنی مامۆستایەکی مەزنی شیعری کوردییە. بێگومان نیازی ئەم گوڵبژێرەمان هەوڵی یەکجارەکیی خستنەڕووی نالی و بەرهەمەکانی نییە، دانەنانی شیعرە پڕشنگدار و ناسک و تەڕوپاراوەکانی تریشی هیچ مەبەستێکی ئەوتۆی لە پشتەوە نییە. ئەم نموونانە هەنگاوە گرنگەکەی سەرەتان لەم قۆناغەی پەلهاویشتنی شیعری کوردی لە ڕێی وەرگێڕانەوە. بەهیوام هەوڵی تێروتەسەلتر بۆ نیشاندانی وێژەی کوردی لە ئاستی جیهانیدا بدرێت. مخابن! دەوڵەمەندیی وێژەی کوردی هێشتا لە سنووری دەرەوەی کوردستان تا ڕادەیەک نەناسراوە. دڵخۆشم بەوەی بەڕێزان تایڵەر و حەیدەر بەردەوامن لە وەرگێڕانی شیعری نالی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و بەڕێزان ماری و شێنێ سەرقاڵی ئامادەکردنی گوڵبژێری شیعری کلاسیکی کوردین کە ساڵی ٢٠٢٣ وەشانخانەی فۆنیم میدیا لە ئەمریکا بڵاوی دەکاتەوە.

زۆر خۆشحاڵم بەوەی ئەم بەرگە بەراییە لە ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕاندا بڵاو دەبێتەوە، بە تایبەتی بەوەی ئەرکی پێشەنگیی چالاکیی ساڵانەی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ بە شاری ئەدەبیی سلێمانی سپێردراوە. سوپاس و پێزانین بۆ نووسینگەی پارێزگاری سلێمانی د. هەڤاڵ ئەبووبەکر کە پشتگیریی بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەی کردووە. سوپاس و پێزانین بۆ بەڕێز بوشرا کەسنەزانی کە پێشەکییەکەی نووسیوە. سوپاس و پێزانین بۆ بەڕێوەبەری کاروبارەکانی شاری ئەدەبیی سلێمانی سەروەر تەها کە بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە لە وادەی خۆیدا ئاکامی هەوڵەکانی ئەوە. سوپاس و پێزانین بۆ جێگری بەڕێوەبەری وەشانخانەی کەشکۆڵ ژیار هۆمەر کە وەک هەمیشە پێداچوونەوە و بەراورد و بەدواداچوونی وردی لە ئەستۆ گرتووە. هەر وەک بەڕێز بوشرا کەسنەزانی لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی پێ داوە، درکاندنی ڕازی گەنجینەکەی نالی لای دنیا زۆر درەنگ کەوتووە. هەنووکە، دوای چەند سەدەیەک، خۆی بە گوێی خوێنەرە نوێیەکانیدا دەچرپێنێ: "نالی لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور…"

دەیڤد شووک - ڕەزبەری ٢٧٢١

وەرگێڕانی ژیار هۆمەر"