ڕۆژەکانی ئەڵمانیا - جەلادەت عالی بەدرخان


| ھەینی - ۱۷ی تەباخ (ئاب)ـی ۱۹۲۳

لەم ڕۆژانەی دواییدا دۆلار تا ٦۰۰۰۰۰۰ ماڕک دابەزی. دۆخەکە چاک لینگەوقووچ بووەتەوە. کابینەکەی کونۆ [۱] کەوت. بەھۆی ئەو ئینقیلابەوە دۆلار ھەتا دوو ملیۆن ماڕک هاڕەى کرد، ئەمڕۆ دیسان تا چوار ملیۆن هەڵکشایەوە. ھەر پلانێکی حکومەت بگۆڕدرێ، بەھای ژیانیش عەجیب دەگۆڕێ. لیترێک بیرەی م... [۲] ئەمڕۆ بە ۱۷٥۰۰۰ـە. بارودۆخیشمان زۆر خراپە. لە بێ‌جگەرەییدا ئیمانم نەماوە. بەو پانزە جگەرەیەی کە کامران سێ ڕۆژ لەمەوبەر پێی دام، ددانم بە خۆمدا گرتوە. ئەمڕۆ لە قەراغی سەبەتەیەکدا، تۆزێک تووتنی سەبیلم بینییەوە. یەکسەر خواردم. تەقریبەن خواردنم بە زەڵاتە و پەتاتە سنووردارە. جگەرە و چەند چۆڕێک کحوول ھەبایە، بە نانی وشکی مەمرەومەژی ھەڵم دەکرد. بۆ ئەوەی ھۆشم لەسەردا نەمێنێ، دەمەوێ زۆر سەرخۆش بم. بەتایبەتی هەندێ نامەیشم لە ستەمبۆڵەوە بۆ دێ، شپرزەم دەکەن. لە لایەنی ڕۆحییەوە ئەوەندە پەرێشانم کە تەسەوڕ ناکرێ.

ڕۆژێکیان باوکم (...؟) [۳] نووسی بووی:
"Mahkûm-i zevâl etti bizi koydu bu hâle
Dehrîn bu kadar çilesi gelmezdi hayale."

* * *
پەڕاوێز:

[۱]: ڤیلهێڵم کونۆ (Wilhelm Cuno) لە سەرماوەرزی ۱۹۲۲ تا ۱۲ی تەباخی ۱۹۲۳، سەرۆکوەزیری ئەڵمانیا بوو.
[۲]: ئەو ناوە باش نەخوێندراوەتەوە.
[۳]: لە دەستنووسەکەی نووسەردا، نەخوێندراوەتەوە.

ژێدەر:
Rojên Almanyayê (1922-1925) / Celadet Alî Bedixan / Çapa Yekem: 2015 - Stembol / mîzanpaj: Avesta.