چیرۆکی دزەکەی شەممە - گابریێل گارسییا مارکێز


دزەکەی شەممە
گابریێل گارسییا مارکێز
و. لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

هوگۆ دزێکە هەر کۆتاییی حەفتە دزی دەکا، شەوێکی شەممە خۆی بە ماڵێکدا دەکا. ئانای خاوەنماڵ، سیساڵێکی جوانکیلە و خەوزڕاو، پێی دەزانێ. دزەکە بە دەمانچە هەڕەشەی لێ دەکا، ئەویش هەموو زێڕ و زیو و شتە بەنرخەکانی دەداتێ، داوایشی لێ دەکا توخنی پاولی -کیژۆڵە سێ ساڵەکەی- نەکەوێ. هەرچۆنێک بێ، کیژۆڵەکە لێی دەڕوانێ، دزەکەیش بە تەڕدەستی دەیخافڵێنێ. هوگۆ بیر دەکاتەوە: «مادام ئێرە ئەوەندە خۆشە، بۆ چی زۆر زوو بڕۆم؟» دەیتوانی تێکڕای کۆتاییی حەفتەکە بمێنێتەوە و تەواو چێژ لەو دۆخە ببینێ، سا مێردەکەیشی -چاودێریی دەکردن بۆیە دەیزانی- تا شەوی یەکشەممە لە گەشتە بازرگانییەکەی ناگەڕێتەوە. دزەکە زۆر بۆی داناچێ: پانتۆڵی پیاوی ماڵەکە لە پێ دەکا، داوا لە ئانا دەکا چێشتی بۆ لێ بنێ و شەرابی ئاڵی بۆ بهێنێ و کاتی شێو بیخاتە سەر مۆسیقایەک، چونکە ناتوانێ بەبێ مۆسیقا بژی.
ئانا هەر دڵی لای پاولییە، بەدەم ئامادەکردنی شێوەوە بە سەریدا دێ کابرا لە ماڵەکەی وەدەر بنێ. بەڵام ناتوانێ بەرهەڵستییەکی بەرچاو بنوێنێ، چونکە هوگۆ کێبڵی تەلەفۆنەکەی پچڕاندووە، ماڵیشیان دوورەدەستە، شەوە و کەس فریای ناکەوێ. ئانا بڕیار دەدا حەبی خەو بکاتە ناو پەرداخەکەی هوگۆوە. دزەکە ڕۆژەکانی تری حەفتە چاودێری بانکە، کاتی شێو بۆی دەردەکەوێ ئانا بێژەری بەرنامە ڕادیۆییە دڵخوازەکەیەتی کە بەرنامەیەکی بەناوبانگی مۆسیقییە و هەموو شەوێک گوێی لێ ڕادەگرێ، بێ ئەوەی هیچی لێ بپەڕێنێ. هوگۆ گوێگرێکی هۆگریەتی. کاتێکیش قەوانەکە چڕینی چۆن بووی[1] بێنیی مەزن بڵاو دەکاتەوە و گوێی لێ دەگرن، سەبارەت بە مۆسیقا و ژەنیاران دەدوێن. ئانا پەشیمان دەبێتەوە لە خەواندنی هوگۆ لەبەر ئەوەی بە شێنەیی هەڵسوکەوت دەکا و هیچ مەبەستێکی ئازاردان و توندوتیژیی نییە، بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە، حەبی خەو لە پەرداخی دزەکەدایە و بەوپەڕی دڵخۆشییەوە چۆڕبڕی دەکا. کەچی ئانا هەڵەیەکی زەقی بەسەردا تێپەڕیوە، ئەوەی پەرداخی حەبی خەوەکەی هەڵقوڕاندووە خۆیەتی. ئەوەندەی بڵێی یەک و دوو ڕادەستی خەوێکی شیرین دەبێ.
بەیانیی دواتر، ئانا لە پێخەفەکەیدا بە پۆشتەیی خەبەری دەبێتەوە و بەتانییەکەی بە جوانی پێدا دراوە. هوگۆ و پاولی لە باخچەکەدا یاری دەکەن، تازە لە بەرچاییکردن بوونەتەوە. ئانا دەحەپەسێ لەوەی چەند لێک دەوەشێنەوە. هەروەها، حەزی لە دەستاوی ئەو دزەیە کە بە گشتی کەسێکی زۆر سەرنجڕاکێشە. بەرەبەرە شادییەکی نامۆ لە هەناوی ئانادا چرۆ دەکا.
لەو ساتانەدا، هاوڕێیەکی دێ تا بانگهێشتی ژەمێکیان بکا. هوگۆ دەشڵەژێ، بەڵام ئانا وا دەنوێنێ کیژۆڵەکەی نەخۆشە و پوولێکی پێوە دەنێ. ئاوها هەر سێکیان پێکەوە لە ماڵەوە دەمێننەوە تا چێژ لەو یەکشەممەیە وەربگرن. هوگۆ بەدەم فیکەلێدانەوە، تەلەفۆن و پەنجەرەکەی شەوی پێشتر شکاندنی چاک دەکاتەوە. ئانا بۆی دەردەکەوێ زۆر باش لە سەمای دانسۆن[2] دەزانێ، سەمایەکە پڕبەدڵ حەزی لێیەتی بەڵام قەت ناتوانێ لەگەڵ کەسدا خۆی ڕابهێنێ. دزەکە پێشنیار دەکا نەختێک سەما بکەن کەچی بەو شێوازە تا ئێوارە هەڵدەخولێن. پاولی هەر لێیان دەڕوانێ و چەپڵە لێ دەدا تا خەو هەڵیدەفریوێنێ. شەکەت دەبن، دواتر دەچن لەسەر قەنەفەی هۆڵەکە ڕادەکشێن.
فسیان دەنیشێتەوە، کاتی گەڕانەوەى مێردەکەیەتی. گەرچی ئانا پێداگری دەکا، هوگۆ نزیکەی هەموو ئەو شتانەی دزیبووی دەگەڕێنێتەوە، بڕێک مۆچیارییشی دەکا تا دز نەتوانێ ماڵیان ببڕێ، ئیدی بەبێ هیچ خەم و ناسۆرێک ماڵئاوایی لەو دوو خاتوونە دەکا. ئانا لە دوورکەوتنەوەکەی دەڕوانێ. هوگۆ خەریکە لە چاو ون دەبێ و ئانا بانگی دەکا. کاتێک دەگەڕێتەوە، چاو لە چاوی ناترووکێنێ و پێی دەڵێ کۆتاییی حەفتەی داهاتوویش دیسان مێردەکەی گەشت دەکا. کاتێک دنیا تاریک دادێ، دزەکەی شەممە بە لەنجەولار دەڕوا و لەسەر شەقامەکە سەما دەکا.

پەڕاوێز:

[1] گۆرانیی Cómo fueـی سترانبێژی کوبایی بێنی مۆرێ (Benny Moré) – وەرگێڕ.
[2] دانسۆن (Danzón): ڕیتم و سەمای کوبایی – وەرگێڕ.


سەرچاوە:

Ladròn de sàbado, Gabriel García Márquez, Ciudad Seva (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)