دارەمەیت Darbest

دارەمەیت
عوسمان مەهمەد
لە کورمانجییەوە: ژیار ھۆمەر

Darbest
Osman Mehmed
Ji Kurmancî bo Soranî: Jiyar Homer


ئەم ئاسمانەم لەسەر ھەڵماڵن
ھەور و ئەستێرەکان بە ناخم بسپێرن
وەک چۆن چڵێکی تێدا بشکێ
وەک چۆن مردن بیەوێ ساردوسڕیی ئاسن بچێژێ
من بە نووکی زمان بۆ برین دەگەڕێم
تا زەوییەکی نوێ پەیدا بکەم
بێ خەو، بێ هۆشیاری، بێ ئاسمان
هاکا ساتی مردووەباران
گزرەی هەناسەسوار لە هەنگاوەکانم بئاڵێنم
هەڵبێم، هەڵبێم
تا ئاسمانێکی دی بۆ زەوییەکەم بهۆنمەوە
ئەو زەوییەی بەرماوەی کوشتنە
هاکا ڕووناکی هەڵقرچا و
لە هاڵاوەکەیەوە تاریکی داتکا و
پێمدا وەشاند ئەو ئەستێرانەی گۆشتەکەمیان ڕزاندووە و
فووم کردە ئەو گەواڵەهەورانەی برینەکەمیان هەڵگوشیوە بەرەو ساوی تازەهاتوو
تا ھەست بە مردنەکەم بکەم

دەسا ئەم ئاسمانەم لەسەر هەڵماڵن
خەمی مانگ و هەتاوتان نەبێ
ئەوانە ژەنگی ئاسنەکانی قەفەزی زەمەنن
منی نەشۆردراو، سێبەری دارهەنجیرێکم
لەسەر دوو باسکی چەپ و
لەسەر دوو باسکی ڕاست
سەرەڕای گریانە ماڵییەکەتان
ئێوە بە بێدەنگی دەمبەن
١٤/١٢/٢٠١١

عوسمان مەهمەد چیرۆکنووس و شاعیر و وەرگێڕی کورد. ساڵی ١٩٧٩ لە گوندی «قودب»ـی سەر بە شاری «نسێبین»ـی «باکووری کوردستان» لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە دەستی بە نووسینی شیعر و کورتەچیرۆک کردووە. لە ساڵی ١٩٩٦ بە دواوە شیعر و چیرۆکی لە گۆڤاری وەک «دوگر، نوودەم، ژیانا ڕەوشەن و چروسک»ـدا بڵاو کردووەتەوە. ساڵی ٢٠٠١، یەکەمین دیوانی بە ناوی «گولووجنووکاڤل GulûCinûKavil» لە چاپەمەنیی ئاڤێستا چاپ بووە. ساڵی ٢٠١٣، دووهەمین دیوانی بە ناوی «ل دۆر کێڤژالان Li Dor Kêvjalan» لە چاپەمەنیی ئاڤێستا دەرچووە. ئێستا دانیشتووی ئەنقەرەیە و کاری تەلەڤزیۆنی دەکات. ئەو زمانی کوردی (کورمانجی، سۆرانی، زازاکی) و تورکی و فارسی دەزانێت، شاکاری ناڵەی جودایی و کۆمەڵێک هەڵبەستی مامۆستا هێمنی بۆ تورکی وەرگێڕاوە. خۆیشی بەم وەرگێڕانەدا چووەتەوە. لە سۆرانییەوە بۆ کورمانجی ئەم دوو کتێبەی وەرگێڕاوە: “کەسی ب قاسی من ژ تە رە حەز نەکر – سەحەر ڕەسایی” و “ل غوربەتێ – محەمەد عومەر عوسمان”. – ماڵپەڕی باڵندە