ژمارە ۳ـی گۆڤاری «تەماشە» لە ئەستەمبوڵ بڵاو بووەوە!

 English | کوردی

ژمارە ۳ـی گۆڤاری «تەماشە» لە ئەستەمبوڵ بڵاو بووەوە! من وەک بەرپرس و بیرازکەری بەشی سۆرانی بەشدار بووم.
تەماشە گۆڤارێکی سینەماییە، بە ھەر سێ شێوەزاری کورمانجی و سۆرانی و زازاکی دەردەچێت. دەیان بابەتی بەپێز و فەرھەنگۆکێکی سینەماییی لە خۆ گرتووە، سۆرانییەکەی من دامناوە.
The third issue of Temaşe magazine is out in Istanbul! I participated in this issue as the supervisor and editor of its Sorani section.
Temaşe is a cinema magazine, publishing in the Kurmanji, Zazaki, and Sorani dialects of the Kurdish language. The issue includes many great materials, both in the original language and translations, about world and Kurdish cinema alongside a multilingual cinematic dictionary in English, Kurmanci, Zazaki, and Sorani, the last compiled by me.
ئامانجمان گەشاندنەوەی ئاگری سینەمای كوردییە. ئەم بیرۆکەیە بۆ ئەوەیە پاشەڕۆژمان بە تیشكی چرایەک ڕووناک ببێتەوە. ھەموومان باش دەزانین كە سینەمای كوردی تازە خەریكە پێدەگات و گەشە دەسەنێت، ھێشتا ڕێیەكی دوورودرێژ و پڕکۆسپی لە پێشە. بازاڕی نییە، بینەری كەمی ھەیە، لە دنیایەکی بەرتەسكدایە و ناتوانێت خۆی بگەیەنێتە بینەرە ڕاستەقینەكانی. ئێمەیش بە بڵاوکردنەوەی ئەم گۆڤارە، ھەوڵ دەدەین چەند خاڵ و خەتێكی بۆ زیاد بكەین، لاوان زیاتر ھۆگری سینەما بكەین و كارێک بكەین كورد و سینەما ئاشت ببنەوە، بەرھەمی فیلمنامەنووس، دەرھێنەر، بەرھەمھێنەر و ئەكتەران بخەینە بەر دەستی ئەو کوردانەی ھۆگری سینەمان و بەم جۆرە بتوانین خۆمان بگەیەنینە ئاستی سینەمای جیھان. ھەروەھا لە سینەمای دنیاوە دوور نەبین و خۆمان بەڕۆژ بكەینەوە تا بیر و ھزرمان دواكەوتووانە نەبێت و لە دنیایەكی بەرتەسكدا قەتیس نەبێت.
لەم خەباتە کوردانەیەدا، ھیوا و ئامانجمان ناساندنی سینەمای كوردی و سینەمای سەربەخۆ و گشتگیرە تا نەڵێن ئەكراد بێ ئەسڵ و بونیاد و بێ سینەمان. جاری وایە بە بەرھەمێكی بچووک، دەستکەوتی گەورە دەستەبەر دەكرێت؛ ئاواتی ئێمەیش ئەوەیە ئەم كارەمان سوودێكی ھەبێت. بەو ھیوایەی ئەم گۆڤارە ببێتە خاڵی پێكگەیشتن و دیداری ھۆگرانی سینەما لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و بازاڕگەرمییەک بێت بۆ فیلم و دەرھێنەرە زەحمەتكێشەكانمان. بە پشتگیری و پێشنیاری خوێنەرانمان، ھەنگاو بەرەو پێشتر ھەڵدێنین و پتر تێدەكۆشین و شانازی بە سامانی سینەمای خۆماڵییەوە دەكەین.