بەڵێننامە - زاهید بارخودا

چیرۆکی بەڵێننامە | زاهید بارخودا | لە فارسییەوە: ژیار هۆمەر | بڵاوکار: گۆڤاری ئیلیان و چیرۆک.نێت

ئەو ژنەی لەودیو مێزەکەوە دانیشتبوو پەرداخە چاکەی هەڵگرت و هاتە لام. گوتم پەڕاوەکەم تەواوە. چاوێکی پیادا گێڕام. پەرداخە چاکەی لەسەر مێزەکە دانا و پەڕاوەکەی هەڵدایەوە.

«هەمووی تەواوە جگە لە فۆڕمی بەڵێننامەکە.»

«فۆڕمی بەڵێننامەکە؟! جا ئێسا ئەبێ چی بکەم؟»

بەرەو کتێبدانی تەنیشت مێزەکەی ملی نا. چەند چەکمەجەیەکی ڕاکێشا: «خاتوو میرزایی، ئەرێ نازانی فۆڕمی بەڵێننامەکانیان لە کوێیا داناوە؟»

میرزایی گوتی فۆڕم نەماوە و پرێنتەرەکەیشیان بۆ چاککردنەوە بردووە.

«بەیانی!»

«چی؟»

«بڕۆ بەیانی بێرەوە. پەڕاوەکەشت لەگەڵ خۆتا ببە. لێرە ون ئەبێ.»

«تکایە گەر ئەکرێ ئێستا واژووی بکەن، بێگومان بەیانی فۆڕمەکە پڕ ئەکەمەوە.»

دواچۆڕی چاکەی هەڵقوڕاند و بە لالووتەوە گوتی: «نابێ.»

«کە وا بێ ئەکرێ ئەرک بکێشن و نوسخەیەکی فۆڕمەکەم بدەنێ تا لە دەرەوە پرێنتی کەم.»

بە چاوزەقییەوە لەسەر کورسییەکەی ڕابوو: «چی چی کاکە؟! هیچ نوسخەیەک بە کەس نادرێ. هەموو شتەکانی ئێرە تایبەتین. بڕۆ بەیانی بێرەوە.»

لە ترسی ئەوەی نەوەکا پەڕاوەکە بدڕێنێ یاخود گەڕێکی ترم پێ بگێڕێ یەکسەر پەڕاوەکەم خستە بنهەنگڵم و بێ ماڵئاوایی بەرەو دەرگاکە ملم نا. هێشتاکە نەگەیشتبوومە دەرگاکە بانگی کردم. تیامابووم بگەڕێمەوە یان نا. هەنگاوێکی ترم بەرەو دەرگاکە نا. جارێکی تر بانگی کردم. ئەم جارەیان هێندە بە تووڕەیییەوە بانگی کردم کە کاتی گەڕانەوە پەڕاوەکەم لە دەست بەر بووەوە.

«ئەتوانین شتێکی تر بکەین.»

خەریکی هەڵدانەوەی پەڕاوێک بوو. بەرەو لای چووم. لەوەی هەمدیسان سڵاوم کرد پەژارە دامیگرت. پەڕاوەکەی بندەستی بەرەو ڕووم ڕاگرت.

«مەبەستم ئا ئەم فۆڕمەیە. ئەتوانی خۆو کۆپی کەی؟»

چاوێکم پێدا خشاند. چەند دێڕێک نووسینی تێدا بوو لەگەڵ خشتەیەکیش کە هەر دیار بوو هیی زانیارییەکانە.

«بەڵێ، بێگومان.»

لاپەڕەیەکی دایە دەستم.

«دەی خێرا دانەیەکی لەبەر بگرەوە. پەڕاوەکەش نوکەقەڵەمێکی بەرنەکەوێ. ئینجا زانیارییە پێویستەکانی لەسەر بنووسە. لە خوارەوەشیا واژوو بکە.»

لە خۆشییان دەستم دەلەرزی. لاپەڕە و پەڕاوەکەم وەرگرت. چاوێکم بە ساڵۆنەکەدا گێڕا. لای پەنجەرەکەوە کورسی و مێزێکی چۆڵم بینی. هەر کە لەسەر کورسییەکە دانیشتم بۆم دەرکەوت جافم پێ نییە. دڵنیابووم لەوەی گەر بۆ وەرگرتنی جاف بچمەوە لای، تووڕە دەبێ. سەیری چەند کارمەندێکی ترم کرد. بەرەو لای ئەو پیاوە ڕۆیشتم کە پەنجەی ئەسپێکوژەی بە باندج هەڵپێچابوو. سڵاوم کرد و داوام لێ کرد گەر دەکرێ ئەرک بکێشێ جافێکم بداتێ. بە سەر وەڵامی دایەوە کە پێی نییە. بەرەو لای کارمەندێکی تر ڕۆیشتم. هێشتا زارم هەڵنەهێنابوو بە دەست ئاماژەی بۆ کردم بچم عەرەبانەکەم ڕابکێشم. پەڕاوەکەی خۆم و پەڕاوەکەی تر و لاپەڕەکەم هەڵگرت و ڕۆیشتم لە دەرەوە جافێک بکڕم. دەستم لەسەر کێلوونی دەرگاکە بوو کە دەنگی ژنەکارمەندەکە وەک مار چزەی لێ هەڵستاندم:

«ها، بۆ کوێ؟»

هەمووان ئاوڕیان لێ دامەوە. گوتم دەمویست بچمە دەرەوە جافێک بکڕم. هاتە لام. پەڕاوەکەی لێ سەندم: «بڕۆ بەیانی بێرەوە. ئەمانە هیی ئەوە نین چاکەیان لەگەڵا بکەی. حەی! پەڕاوی خەڵکیو خستۆتە بنباڵت و ئەچیتە دەرەوە. ئا لاچۆ لە بەرچاوم مەمێنە.»

«ڕاستییەکەی بەتەمای ئەوە نەبووم. جافم پێ نەبوو فۆڕمەکەی پێ کۆپی بکەم. ترساشم لەوەی پەڕاوەکان لێرە جێ بێڵم و خۆم بڕۆم.»

«هینە، جاف! یەکێ نەزانێ جاف لێرە قاتییە. ئەی جا بۆ نەهاتی بە خۆم بڵێی. ئا تۆ چاوێ لەم سەر مێزانە کە. جاف وەک خۆڵە.»

لە دەوروپشتمم ڕوانی. هەموو کارمەندەکان ئەو جافەی کە بەدەستیانەوە بوو، هەڵیانبڕی و ڕایاندەوەشاند. سوور بووم لەسەر ئەوەی چاکەیەک بنوێنێ و بهێڵێ فۆڕمەکە کۆپی بکەم. بە نابەدڵی و ڕووخسارە سوورهەڵگەڕاوەکەیەوە پەڕاوەکەی دایەوە دەستم. جافێکیشی پێ دام.

ئاودامانم ئارەقی لێ دەچۆڕا. بەرەو مێزی تەنیشت پەنجەرەکە گەڕامەوە. پەڕاوەکانم لەسەر مێزەکە دانا. نەمدەتوانی بە ڕێکی هەناسە بدەم. پەلم کوتا و پەنجەرەکەم کردەوە. کە هەوا فێنکەکە لە دەموچاومی دا، هەڵلەرزیم. ئەوەندە هەڵلەرزیم بە ڕادەیەک گوێم لە چۆقەی ددانەکانم بوو. ئیدی بڕستی داخستنی پەنجەرەکەم لێ بڕابوو. سەرم بە ئانیشکمەوە نا تاکوو کەس شەقەشەقی ددانەکانم نەبیستێ. با پەنجەرەکەی تەواو خستە سەر پشت. ئەو لاپەڕەیەی لەسەر پەڕاوەکەمم دانابوو، لەسەر مێزەکە داخزا. چەند کارمەندێک هاواریان لێ هەڵستا.

«پەنجەرەکە داخە!»

سەرەڕای ئەوەی نەمدەویست بەڵام خۆنەویستانە بەرەو لای ژنەکارمەندەکە گەڕامەوە. وەها چڕوچاوی گرژومۆن کردبوو وەک بڵێی باوکیم کوشتبێ. هێندە بەهەڵپە ڕووەو پەنجەرەکە بەرز بوومەوە کە هاوسەنگیی خۆمم لە دەست دا و کەوتم بەسەر مێزەکەدا. مێزەکە بە جیڕوهوڕ بەرەو دیوارەکە خلیسکا. پەنجەرەکەم پێوە دا. لە ترسی ئەوەی نەوەکا دیسان مێزەکە دەنگی لێ هەڵبستێ، نەمخستەوە جێی خۆی. بە سەرنجەوە کورسییەکەم هەڵگرت، بردمە نزیک مێزەکە و دانیشتمەوە. وردەوردە پەڕاوەکەم هەڵدەدایەوە. فۆڕمی بەڵێننامەکەم دۆزییەوە. دەبوو خشتەیەکم بکێشایە. ئەو لاپەڕە سپییەی با خستبوویەوە سەر ئەرزەکە، هەڵمگرتەوە و لە پێشمدا دامنا. ئینجا بۆ دۆزینەوەی جافەکە، سەرەتا پەڕاوەکەی خۆم پاشان پەڕاوەکەی ترم ژێرەوژوور کرد. لێی نەبوو. سەرم سڕ ما. هەردوو پەڕاوەکەم هەڵدایەوە. ناو گیرفان و باخەڵم گەڕام. بەڵام لێی نەبوو. هەڵستام و جارێکی دی سەر مێز و کورسییەکە گەڕام. چاوێکم بەملاولادا گێڕا. دەترسام سەیری دوورتر بکەم. وا هەستم دەکرد هەمووان قڕوقەپیان کردووە. بیرکردنەوە لەوەی کارمەندەکان سەیرم دەکەن، ئازاری دەدام. دانەویم و سەرم بردە ژێر مێزەکە. ئەوەی دەمبینی نەمدەتوانی بڕوای پێ بکەم. جافەکە کەوتبووە ژێر قاچێکی مێزەکە. ئەویش ئەو قاچەی کە بە دیوارەکەوە لکابوو؛ دەبوو بۆ هەڵگرتنەوەی هەر بچووبامایەتە ژێر مێزەکە. مێزەکە چکۆلە بوو. هەر جووڵە و جێگۆڕکێیەکی من، کیڕەکیڕی لە مێزەکە هەڵدەستاند. تەپوتۆزەی ژێر مێزەکەیش قوڕگ و لووتمی دەتۆزاندەوە. هەموو دەمێک ئەگەری هەبوو بکۆکم. بە دوو پەنجە جافەکەم هەڵگرتەوە. بەبێ هەڵبڕینی قاچی مێزەکە، دەرنەدەهێنرایەوە. بە دەستەکەی تریشم تێدەکۆشام قاچی مێزەکە بێ ‌دەنگوهەرا هەڵببڕم. هەر کە جافەکە جووڵایەوە پژمیم. خێرا جافەکەم دەرهێنا و دەستم بەرەو لووتم برد. هێندە بە قاییمی لووتمم هەڵگڵۆفی کە پژمەکە زیاتر لەوەی دەنگ بداتەوە، ڕایتڵەکاندم. سەرم کێشای بە مێزەکەدا. تا بە خۆمدا هاتمەوه مێزەکەم دیت کەوتە سەر شان. زرمەکەی تۆقاندمی. هەڵستام. بینیم هەموویان بەرەو لای من دێن. لە نێوانیاندا چاوم بۆ کارمەندەژنەکە دەگێڕا. تا چەند چرکەیەک نەمدەتوانی هیچ دەنگێک ببیستم. تەنێ هێندەم دەزانی وا شاتەشات بەسەرمدا دەشیڕێنێ. دەستی بۆ سەروو و خوار دەبرد و لێوی هێندە بە قینەوە دادەخرا و دەکرایەوە کە سەروسەکوتم ئارەقەی تێ ‌زا، وەک ئەوەی تفی لە چارەم کردبێ. سەرم داژەنی. هەموو گیانم تەپوتۆز بوو. هەر دەستم بە پانتۆڵەکەمدا هێنا تەپوتۆزی لێ هەڵستا. هەموویان بەرەبەرە کۆکین و دوور کەوتنەوە. مێزەکەم بەرز کردەوە. پەڕاوەکانم هەڵگرتەوە. لەسەر کورسییەکە دانیشتم. جافەکەم لەسەر مێزەکە دانا و بۆ گەڕان لە دووی فۆڕمی بەڵێننامەکە، پەڕاوەکەم هەڵدایەوە. چاوم چووە پشتی سەرم. خەوم دەبینی. دەبوو خەو بووایە. گەلەک باشتر بوو خەو بووایە. بریا خەوم ببینیایە. فۆڕمەکە… فۆڕمی بەڵێننامەکە لە نێو پەڕاوکەدا دڕابوو. لە بنەوە تا ناوەڕاستی لاپەڕەکە. بڕوا بەوە نەدەکرا کە بە هەڵکەوت وای لێ هاتبێ. هێندە بە وردی دڕێندرابوو وەک بڵێی کەسێک لە ئەنقەست وای لێ کردبێ! پەڕاوەکەم داخست. لە دڵی خۆمدا گوتم ڕەنگە لە سەرەتاوە دڕابێ. خۆزیا پتر لێی ورد ببوومایەتەوە. خۆم هەر چەند جارێک پەڕاوەکەم کردبووەوە. تا ئەو دەمەی بە بیرمدا دەهات، فۆڕمەکە ساغ بوو. دووبارە ترەقەی پەڕاوەکەم ترازاند. دەستم لەسەر فۆڕمەکە دانا. بە یەکەم ڕوانین دەرنەدەکەوت دڕاوە. بەڵێ، دەشێ هەر لە سەرەتاوە دڕابێ. لێ دێتەوە بیرم کاتێک کارمەندەژنەکە فۆڕمەکەی پیشان دام چەند جارێک ڕایوەشاند. ئەمەم زۆر چاک لە بیر بوو. خۆزگە بیرم نەدەکەوتەوە. ڕەنگە هەر ئەو کاتە دڕابێ. ڕەنگە ژنە خۆی دڕاندبێتی و بۆ ئەوەی بیخاتە ئەستۆی من، هێشتی لەبەری بگرمەوە. ئا ئا، دەشێت کاری ئەو بێ. دەبوو هەوڵ بدەم هیچ نەبێ تەپوتۆزی سەر فۆڕمەکە بسڕم. هەر کە دەستم لەسەر فۆڕمەکە دانا، تەڕاییی ئارەقی ناولەپی دەستم پەڕاوەکەی پەڵەپەڵە کرد. هەموو شتێک بەرەبەرە خراپتر دەبوو. بۆ ئەوەی پەڵەکان لا ببەم، ئانیشکم بەسەر فۆڕمەکەدا هێنا. فۆڕمەکە هەر بە تەواویی دڕا. سەرم لەسەر پەڕاوەکە دانا. سا چیم پێ دەکرا؟ دەبوو هەڵبێم. بە هەر کلۆجێک بووایە دەبوو لەوێ بچوومایەتە دەرێ. ئەدی ئەرک و هیلاکیی ئەم چەند مانگەم چی؟ ئەو ماوەیە بە هۆی ئەم پەڕاوەوە هێندە ئاموشۆی ئێرەم کردبوو کە هەمووان دەیانناسیم. لەوانەیشە نەیاندەناسیم. سەرەڕای ئەوەی گشت ڕۆژێک لەگەڵ کارمەندەکان دەهاتمە ئێرە بەڵام ڕوانینی کەسیان ئاشنا نەبوو. قەت چاو لە قەڵافەتت ناکەن. پەڕاوەکەیان بە دەستەوە ڕادەگرت. مەراقیان بوو تاقەهەڵەیەکی تێدا بدۆزنەوە. ئینجا خۆ هەر من نیم. ڕۆژانە پانزدە کەسین هەموو کارمان بووەتە هاتن بۆ ئێرە. لەم ژوور بۆ ئەو ژوورە. نەمبینیوە کەسێک کاری تەواو کرابێ. ناهێڵن تەواو ببێ. دەبێ کۆتایی بەم مۆتەکەیە بهێنم. دەبێ ئەمڕۆ کارەکانم ڕایی بکەم. گەر کوتێک لەزگەی برینم دەست بکەوتبایە هەر فرە خاس دەبوو. لەزگەم لە فۆڕمەکە دەدا. لەوانە بوو سەیری پەڕاوەکەیان نەکردایە. دەبێ دەستوبرد لەبەری بگرمەوە. پەڕاوەکە دەکەمەوە. هەر کە جافەکە لەسەر فۆڕمەکە دادەنێم نوکەکەی دەچێتە ناوەوە. جافەکە ڕادەوەشێنم. نایەتەوە تاییم. دەبێ شتێکی تێ بئاڵێنم. لەتێک کلێنکس لە گیرفانم دەردەهێنم. لە بەشی ناوەوەی کونی جافەکەی هەڵدەپێچم و دیسان لە جێی خۆی دایدەنێمەوە. ئەمێستا بە بڕی پێویست توندوتۆڵ بووەتەوە. نووسینەکانی سەر فۆڕمەکە کۆپی دەکەم. کێشانی خشتەکە کۆسپ دەهێنێتە بەردەمم. ئەمجا ئێستا دەبێ چلۆن هێڵێکی وا ڕاست و ڕێک بکێشم. تێدەکۆشم کەڵک لە لێواری پەڕاوەکە وەربگرم. ناکرێ. ئەو گیرەکەی[1] فۆڕمەکانی ناو پەڕاوەکەی ڕاگیرکردووە ناهێڵێ. گەر جافێکی دی یان ڕاستەیەکم پێ بووایە کارەکەم ڕایی دەبوو. سەرم بەرەو کابرایەکی تر دەسووڕێنم کە چەند مەترێک لەولاترمەوە لەسەر کورسییەک دانیشتووە. بە شێنەیی هەڵدەستم. بەرەو لای دەچم. بە گوێیدا دەچرپێنم داخۆ جافی پێیە؟ بە سەر دەڵێ نا، دەپرسم ئەی ڕاستە؟ ئەم جارە تەنانەت بە سەریش وەڵام ناداتەوە. لە ترسی ئەوەی نەوەکا شتێک بڵێ، لێی دوور دەکەومەوە. پێ بە جەرگی خۆمدا دەنێم و بەرەو لای مێزی کارمەندێک هەنگاو هەڵدەهێنم. قامکی ژەنیووەتە ناو لووتی و تێی ڕادەدا. هەر لەوێدا دەوەستم و سەرم دادەنەوێنم. چاوەڕێم کارەکەی تەواو ببێ. پەنجەی لە کونەلووتی دەردەهێنێ، بە هەمان پەنجە و بە ئاماژە دەڵێ دوور بکەوەرەوە. چاو لە مەودای نێوان خۆم و مێزەکە دەکەم. نیو مەترێکە و مەودای ئەویش لەودیو مێزەکەوە هەر هێندەیە. لە دڵی خۆمدا دەڵێم جا تا کوێ دوور بکەومەوە. سا ئەگەر زیاتر دوور بکەومەوە بێ ئەملاولا هەمووان دەنگم دەبیستن. لەو مەودایەوە، بە دەستم لە هەوادا وێنەی ڕاستەیەک دەکێشم و بە سرتە دەڵێم: ”ڕاستە.” پەنجە بە کونەلووتەکەی تریدا دەکا و وەک ئەوەی وەڵامی دابێتمەوە زەق‌زەق لە مۆنیتەرەکەی بەردەمی دەڕوانێ. لەو مێزە دەڕوانم کە پەڕاوەکانم لەسەر جێ هێشتووە. هێشتا لەوێ ماون. بە بەردەم مێزەی کارمەندەژنەکەدا تێدەپەڕم. بە تەلەفۆن دەدوێ. بەرەو لای ئەو کارمەندە دەچم کە قامکی بە باندج هەڵپێچاوە. دەڵێم پێویستم بە ڕاستەیە. خۆی لە کەڕی دەدا. دوور دەکەومەوە. لەسەر کورسییەکە دادەنیشمەوە. دەکەومە بیری جزدانی پارەکەم. لەسەر لاپەڕەکە دایدەنێم و تێدەکۆشم بە هێمنی و وریایی هێڵەکان بکێشم. هێشتا نەگەیشتوومەتە کۆتاییی یەکەم هێڵ، دیسان نووکی جافەکە دەچێتەوە ناوەوە. دیسانەوە چواردەورەکەی بە کلێنکس دەپەستێوم. خشتەکە تەواو دەکەم. هەرچەندە خواروخێچە بەڵام خۆشحاڵم بەوەی لە ئاکامدا کێشام. دەست دەدەمەوە نووسین. دوو ڕیزی خشتەکەم پڕ کردووەتەوە کاتێک بۆم دەردەکەوێ کە لەبری نووسینی ناو و زانیارییەکانی خۆم، ناو و زانیارییەکانی پەڕاوەکەی ترم کۆپی کردووە. ناولەپی دەستم ئارەق دەردەدا. هەناسەم دەر نایە، خەریکە دەخنکێم. بە جاف ناو و زانیارییەکان دەکوژێنمەوە. بەڵام چیدی جێیەک بۆ زانیارییەکانی خۆم نەماوەتەوە. ئەستەمە ژنەکە ئەم فۆڕمە ببینێ و پەسەندی بکا. سا ئەگەر پەڕاوەکەم لەتوپەت نەکات ئەوا چاکەیەکی گەورەم دەگەڵ دەکا. بەرەو لای سەردانیکەرێک دەچم، پێی دەڵێم لاپەڕەیەکی سپیم گەرەکە. دەڵێت نییە. بە پاڕانەوەوە دەڵێم دەتوانی بچی لە کارمەندێکی وەربگری؟ ڕەنگ بە ڕوویەوە نامێنێ و ترس دایدەگرێ و دوور دەکەوێتەوە. بەرەو لای یەکێکی تریان دەچم. ئەویش هەمان کاردانەوەی دەبێ. یەک ڕێگەچارەم بۆ دەمێنێتەوە؛ بەرەو لای ژنەکارمەندەکە بگەڕێمەوە. لە مێزەکەی نێزیک دەبمەوە، لە کاتێکدا دەستی بەرەو من درێژ کردووە، دەڵێ:

«پەڕاوەکانم بدەرێ. خۆیشت بڕۆ بەیانی بێرەوە.»

«هێشتا فۆڕمەکەم پڕ نەکردۆتەوە. گەر ئەکرێ ئەرک بکێشن لاپەڕەیەکی سپیم بدەنێ. لەوەیان… لەوەیان…»

«لاپەڕەی سپی؟! جا لاپەڕەی سپییت بۆ چییە؟!»

«بۆ فۆڕمەکە… لەوەی خۆتان ویستتان کۆپیەکی لێ بگرمەوە.»

«هێشتا پڕت نەکردۆتەوە؟!»

«ئەو لاپەڕەی کە داتانمێ… پڕم کردەوە… بەڵام…»

«بەڵام چی؟!»

«کوژاندنەوە بە جاف… کەمێ کوژاندنەوە بە جافی تێ‌ کەوتووە…»

«بچۆ پەڕاوەکان بهێنە… خێرا… کۆپیکردنی ناوێ… تەنانەت ئەم کارەشت پێ ناکرێ… دەی بچۆ بیهێنە… بەیانی وەرەوە… ئێ بەشکم لە ناوچاوانی تۆ بەیانی پرێنتەرەکەیان چاک کردبێتەوە… خێرا کە… خێرا.»

«تکایە… تەنێ لاپەڕەیەکی سپیم بدەنێ… هەموویم پڕ کردەوە…»

تەلەفۆنەکە لێ دەدات. ژنەکە بیستۆکەکە هەڵدەگرێ و خەریکی قسەوباس دەبێ. گەر پەڕاوەکانی پێ بدەمەوە بێگومان سەیری فۆڕمەکە دەکا و دەزانێ دڕاندوومە. نابێ بهێڵم پێی بزانێ. دەبێ هەرچۆنێک بووە لاپەڕەیەکی لێ بستێنم. لێی دەڕوانم. خۆم کزۆڵ دەکەم، هەوڵ دەدەم هەست‌وسۆزی بە لای خۆمدا ڕابکێشم. تەلەفۆنەکەی تەواو دەبێ. بیری نەماوە من لەوێم. لەسەر کورسییەکەی دادەنیشێ. هەستم پێ دەکا. بە سەربادان دەپرسێ چما وەستاوم؟

«بۆ لاپەڕە… لاپەڕەیەکی سپی.»

لە جێی خۆیەوە لاپەڕەیەک هەڵدەداتە بەردەمم. لە خۆشحاڵیدا خەریکە باڵ دەگرم. لەسەر کورسییەکە دادەنیشم و دەست دەدەمەوە نووسین. تازە لە کێشانی خشتەکە بوومەتەوە کاتێک کارمەندێکیان دەڵێ هەموو سەردانیکەران بچنە دەرەوە. کاتژمێر یەکی نیوەڕۆیە و ئەوان تاکوو کاتژمێر یەک لە وەڵامدانەوەی هاووڵاتیان بەرپرسن. بە پەلەپڕووزکێ زانیارییەکانم دەنووسم. ژاوەژاو ناهێڵێ بە باشی جڵەوی سەرنجم بکەم. کارمەندێک دێتە لام و لە ژوور سەرم ڕادەوەستێ. پەڕاوەکەم لە بندەست ڕادەپسکێنێ و بە دەست ڕێی چوونەدەرەوەم پیشان دەدا.

«کارەکەم تەواو بووە. تەنێ دەبێ ئەم فۆڕمە ڕادەست بکەمەوە.»

مل نادات.

«ئەها ئەو خاتوونەیە. ئەبێ فۆڕمەکە ڕادەستی ئەو بکەمەوە.»

دووپاتە ئاماژە بە دەرگاکە دەدات.

بۆ ساتێک دەیدات لە کەللەم کە هەردوو پەڕاوەکە لەگەڵ خۆمدا ببەم، بەیانی بە دەرزی‌لێ‌دراویی بیانهێنمەوە. بەڵام لە ترسی ئەوەی نەوەکا تووشی تەشقەڵەیەک ببم، کۆڵ دەدەم.

«ئەم پەڕاوەم لەو خاتوونەی هاوکارتان وەرگرت. هیچ نەبێ مۆڵەتم بدەنێ با پەڕاوەکەی ڕادەست بکەمەوە.»

پەڕاوەکەی بە دەستەوەیە و چاوی لێ دەکا. هەڵی دەداتەوە. لە کاتی هەڵدانەوەدا، لەتەدڕاوەکەی فۆڕمی بەڵێننامەکە دەکەوێتە سەر زەوییەکە. لە ترسان زمانم گۆ ناکا. بە دەست ئاماژە بۆ ژنەکارمەندەکە دەکەم. لە کاتێکدا من تێدەکۆشم پێم لەسەر فۆڕمی سەر زەوییەکە دابنێم، ئەو پەڕاوەکە بەرەو هاوکارەکەی بەرز دەکاتەوە. ژنەکە بەرەو لامان دێ. پەڕاوەکە وەردەگرێ. بە دەستەلەرزە ئەو فۆڕمەی کۆپیم کردووە لەگەڵ پەڕاوەکەی خۆمی پێ دەدەم. سەیری هەردووکیان دەکا. پەڕاوەکە دەداتەوە دەستم و بەدەم دوورکەوتنەوەوە فۆڕمی بەڵێننامەکەم دەدڕێنێ، ئەمجا دەقریشکێنێت: «بەیانی!»

ژێدەر: تعهد، زاهد بارخدا (ترجمه از فارسی به کردی: ژیار هومر)

تێبینی: ئەم بەرهەمە پێشتر لە ژمار ٧ـی گۆڤاری ئیلیان بڵاو بووەتەوە.

[1]  گیرەک (Paper clip) – وەرگێر.