لە فارسییەوە: ژیار هۆمەر
«ئەدەبیات بەرهەمی لێزمەیەکی بەهێزی خوێن، ئارەق، سپێرم و فرمێسکە.» - ڕۆبێرتۆ بۆلانیۆ
گەر بمانەوێ لەنێو نووسەرەکاندا نموونەیەک بۆ ئەم پەیڤەی بۆلانیۆ بهێنینەوە، کەسێکی باشتر لە «گوستاڤ فلۆبێر» نادۆزینەوە. ڕۆماننووسێکی مەزن، بە ڕقلێبوونەوە لە ڕێکخراوەکان و ئەکادیمیا ئەدەبییەکان و «کۆمەڵگاکانی نمایش»[١] و خەڵاتە ئەدەبییەکان و چاپەمەنییەکانی ئەو ڕۆژگارە، هەروەها بە ملنەدانی بۆ نەریتەکان و دابی نەفرەتاویی بۆرژوازی، سەری پەرژاندە سەر ژینە نەبڕاوە و ڕاستەقینەکەی[٢] نێو ناخی: «ئەدەبیات.»
گوستاڤ، زارۆکە هەڵەشە و ناساغەکەی دوکتۆر فلۆبێر، تیمارکەری بەنێوبانگی ڕوان، لە ساڵی ١٨٢١ لە هەمان شاردا لەدایکبوو. پاش تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی، بە مەبەستی خوێندنی بەشی ماف چوو بۆ پاریس. بەڵام گەر فلۆبێر، ئەم بەشە وەڕەسکەر و دوور لە ئەدەبیاتەی بە نیوەناچڵی جێنەهێشتایە، دەبوو واقمان بوڕمایە. لە ٢٣ ساڵیدا بۆ یەکەمین جار تووشی نەخۆشیی پەرکەم دەبێت –ئەم نەخۆشیینە تاوەکوو دوا هەناسەی تەمەنی بەرۆکی بەرنادات- پاش ئەوەی لە ساڵی ١٨٨٠ـدا لە کرواسی[٣]، لە نێو بێکەسی و تەنیایی، دەمرێ، بە یەکجاری خۆی لە خوێندنەوە و نووسین دادەبڕێ.
لە لایەکەوە فۆلبێر، ئەم «مرۆڤ - قەڵەم»ـە[٤]، دەکرێ بە درێژەپێدەری ڕیالیزمی ئەورووپی، واتا درێژەپێدەری ڕێچکەی ستانداڵ و بەلزاک دابندرێ. لە لایەکەی ترەوە، دەکرێ وەکوو پردێکی پۆڵایین و پتەوی نێوان ڕیالیزمی سەدەی نۆزدەهەم و مۆدێرنیزمی سەدەی بیستەم دابندرێ. لە خۆڕاوە نییە کە نووسەرانی وەک: «بێکت، پرووست، کافکا و گێرتود ستاین» گەلێگ جاران ئاماژەیان بە کاریگەریی فلۆبێر کردووە لەسەر نووسینەکانیان. فلۆبێر، وەسواسی و هەستیارییەکی کوشندەی هەبوو لە نووسیندا کە خۆی گوتەنی: "خوێنم دەکرد بە ئاو و، ئارەقم هەڵدەڕشت تاوەکوو جێی درووستی فاریزە لە ڕستەدا بدۆزمەوە." هەروەها خوویەکی دی هەبوو؛ بە دەنگی بەرز نووسینەکانی خۆی دەخوێندەوە و بەردەوام گۆڕانکاری لە ڕستەکاندا دەکرد، ئەمە بووە هۆی ئەوەی نەتوانێ پتر لە چەند ڕۆمان و چیرۆک و شانۆنامە لە دوای خۆی جێبهێڵێ. فلۆبێر لە ساڵی ١٨٧٥ـدا لە نامەیەکیدا بۆ «ژۆرژ ساند» دەنووسێ: "ڕاستییەکەی ئاوهایە: من هەستیارییەکی نابەجێ و پێکەنیناوییم پێ بڕاوە. ئەو شتەی ئەوانی دی دەڕووشێنێ، من هەڵدەدڕێ و پارچە پارچەم دەکات.''
بێجگە لە کتێبەکان، دەکرێ شوێنپێی هونەرە ناوازەکەی فلۆبێر لە نامەکانیدا بەدی بکرێت: نامەکانی بۆ خۆشەویستەکەی «لوییز کولێ» نامەکانی بۆ «ژۆرژ ساند» تەنانەت نامەکانیشی کە لە میسڕەوە بۆ دایکی نوسیووە. لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ لوییز دەنووسێ: "تاکە ڕێگە بۆ ناشادنەبوون، بریتییە لە خۆخنکاندن لەنێو هونەردا."
بە ڕاستی نووسەرێکی هۆشیار و پڕجۆشی وەک فلۆبێر دەتوانێ «ناشادنەبوون» لە جێی «شادبوون» جێگیر بکات. ئەو کاتانەی کە دەستی لە ئیش هەڵدەگرت و نەیدەنووسی، بە خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە دڵخوازەکانی، واتا: «هۆمەر، ئەریستۆفان، شەیکسپێر، سێرڤانتس و گۆتە» سەرقاڵ دەبوو.
بە تێڕوانینی فلۆبێر؛ بێزاربوون لە بۆگەنی بۆرژوازی، خاڵی دەستپێکی کەماڵە. ئەو ڕق و هێڵنجدانە ناکۆتاییانەی بەرامبەر بە بێنرخیی بۆرژوازی، کە نرخی پووشێکی بۆ دانەدەنا، هەروەها ڕقی بەرامبەر ئەو کۆلکە شاعیرانەی وەک لامارتین، کە بە تەڵەکەباز و هەڵخەتێنەری کچان ناوزەدی دەکردن، چونکە چاوانیان بەرامبەر ژینی حەقیقیی دادەخەن، هەموو ئەم ڕق و کینەیەی بەرامبەریان لەبەر ئەڤینە قووڵەکەی بوو بۆ ئەدەبیات. نووسەرێتی بە ڕاهێنانی بەردەوام و وێرانکەر و لە هەمان کاتدا پڕچێژ دەبینی، ئیلهامی لە نووسەرییدا بە گاڵتە وەردەگرت وەک بڵێی فلۆبێر بۆ خولقاندنی بەرهەمە دووبارەنەبووەکانی، تووشی قینێکی بڕواپێنەکراو بوویەوە، ئەویش مەحکووم بووبێت بە داماڵین و هەڵپاچینی پێستی خۆی. سەبارەت بە شاکارەکەی «پەروەردەی هەستیاریی» لە نامەیەکیدا بۆ لوییز، پێی ڕاگەیاندبوو کە دەیەوێ کتێبێ لەبارەی هیچەوە بنووسێ، کتێبێ کە هەر لەخۆوە بە حەواوە ڕاگیرببێ. سەیرەکەی لێرەدایە بە پێچەوانەی تێڕوانینی گشتی، سەرکەوتوو بوو: فلۆبێر لەم کتێبەدا، سەرگوزەشتەی گەنجێکی دڵپر و سەرلێشێواو وێنا دەکات کە لێکچوونی زۆرە لەگەڵ خۆیدا. هەروەها دەیگوت: "مادام بۆڤاری منم."
لەوانەیە بکرێ ئەم ڕۆمانەی کە لە جەنجاڵیی لێشاوی ساڵان و ڕۆژانی نائارامی شۆڕشی ١٨٤٨ ڕوودەدات، بە یەکەمین ڕۆمانی مۆدێرن بێتە هەژمار. داڕشتنێکی تازەگەرانە و هەڵپژاو، لەگەڵ ئەوەیشدا گەلێک توند و تۆڵە ڕۆمانەکە، وەک بڵێی بیهەوێ ئالەن ڕۆب گریێ گوتەنی: «تەواوی جیهان بخاتە ژێر ڕکێفی پرسیارەوە.» لێرەدایە کە هەمدیس بە قسەی ڕۆب گریێ؛ ڕێچکەی بەلزاک، کە هەندێک بە درێژەپێدەری ڕۆمانتیزمی دادەنێنن، لە فلۆبێر جیا دەبێتەوە: جیهانی فلۆبێر بە پێچەوانەی جیهانە پڕ لە ئاسوودەیی و ئارامییەکەی بەلزاکەوەیە، لێوانلێوە لە نائارامی و گرژی. جیهانێکە کە لەنێویدا، بێ ئەوەی بیرۆکە یاخود پلانی شۆڕش دابرێژرێ، ڕزیین و کەرتبوون زۆرتر دەردەکەێ، ئەمانە ئەو پێکهاتانەن کە نووسەرێکی تەواو بەوەفا لە فلۆبێر دەخولقێنێ.
١- «کۆمەڵگای نمایش» ناوی کتێبێکی «گێ دوبۆر»ـە.
٢- «ژینی نەبڕاوە» کتێبێکی «ماریۆ بارگاس یۆسا»ـیە سەبارەت بە مادام بۆڤاری. (و.)
٣- کرواسی؛ شارێکی بچووکە لە نێزیک شاری ڕوان.
٤- فلۆبێر ئەم ناوەی لە خۆی نابوو.
ژێدەر:
- تربیت احساسات / گوستاو فلوبر / مهدی سحابی / مرکز
ـ آوازهای کوچکی برای ماه: نامهنگاریهای فلوبر و ژرژ ساند / گلاره جمشیدی / افق
ـ عیش مدام: فلوبر و مادام بوواری / ماریو بارگاس یوسا / عبدالله کوثری / نیلوفر
ـ فن داستاننویسی: فلوبر و مادام بوواری / محسن سلیمانی / امیرکبیر
ـ نوشتن مادام بوواری: حماقت، هنر و زندگی / اصغر نوری / نیلوفر
ـ درباره رمان و داستان کوتاه / سامرست موام / کاوه دهگان / امیرکبیر
ـ شرم نوشتن / روبرتو بولانیو / گروه مترجمان / نیکا

*ئەم وەرگێڕانە لە ژمارە ١١ی ڕۆژنامەی «هیچ»ـدا بڵاو بووەتەوە.