دەقێک لە ڕۆمانی «پێست» - کورزیۆ مالاپارتێ


حەز ناکەم ببینم کە داخۆ مرۆڤ لەبەر مانەوە لە ژیان تا چ ڕادەیەک خۆی دەچەمێنێتەوە. جەنگم لەو تاعوونە پێ باشتر بوو کە دوای ئازادی، هەر ھەموومانی بە پیاو و ژن و منداڵەوە، تێکشکاو و دزێو و شەرمەزار کردبوو. پێش ئازادی، لە پێناو «نەمردن»ـدا تێکۆشابووین و تاڵاوەکەیمان هەڵقوڕاندبوو. ئێستاش لە پێناو «زیندوویەتی»ـدا تێدەکۆشین و ئازارەکەی دەچێژین. جیاوازیی نێوان چنگەکڕێ بۆ نەمردن و چنگەکڕێ بۆ زیندوویەتی، زۆر قووڵە. ئەوەی لە پێناو نەمردندا دەجەنگێ نامووسی خۆی دەپارێزێ، پیاو و ژن و منداڵ وێکڕا بەوپەڕی مکووڕییەوە داکۆکیی لێ دەکەن. پیاوان چۆکیان دانەدەدا و سەریان دانەدەواند. بەرەو کەژ و کێو و دارستان ھەڵدەھاتن و لە ئەشکەوتدا دەژیان و چەشنی گورگ دژی داگیرکەران دەجەنگان. لە پێناو نەمردن دەجەنگان. جەنگێکی شەرافەتمەندانە و دڵسۆزانە و مەزن بوو. ژنان لە پێناو کڕینی سووراو و سپیاو و گۆرەویی ھەوریشمی و جگەرە و نان، لە بازاڕی ڕەشدا لەشی خۆیان نەدەفرۆشت. لە برسییەتییدا دەتلانەوە بەڵام خۆیان نەدەفرۆشت. پیاوەکانیان بە دوژمن نەدەفرۆشت. منداڵەکانیان لە برسان بمردنایە بە لایانەوە باشتر بوو وەک لەوەی خۆیان یان پیاوەکانیان بفرۆشن. تەنێ قەحبەکان خۆیان بە دوژمن دەفرۆشت. وڵاتە ئەورووپییەکان بەر لە ئازادی، بە سەربەرزییەوە ئازاریان دەچەشت. بە سەربەرزی دەجەنگان. لە پێناو «نەمردن»ـدا دەجەنگان. کاتێکیش مرۆڤەکان لە پێناو «نەمردن» دەجەنگن، بەوپەڕی بێهیواییەوە پەل دەهاوێژن بۆ ناواخن و شەریفانەترین و پاکژترین پێکهاتەکانی ژیان: کەرامەت، شانازی، ئازادیی ویژان. لە پێناو ڕزگاربوونی ڕۆح دەجەنگن.
کەچی دوای ئازادی، خەڵک ناچاربوون لە پێناو «زیندوویەتی» بجەنگن. جەنگینیش لەبەر ژیان قۆڕە و ترسناکە و پێویستییەکی حەیابەرانەیە. جا تەنێ لەبەر ژیان. تەنێ لەبەر ڕزگارکردنی پێست. چیدی ئەم جەنگە بۆ ئازادی و دژی ستەم و پاراستنی شەرەف و کەرامەتی مرۆڤ نییە. جەنگ دژی برسیەتییە. چنگەکڕێیە بۆ پاروویەک نان و جلیکانەیەک سووتەمەنی و پارچەیەک قوماش تا مناڵەکانیانی پێ دابپۆشن و کەمێک پووش و کا تا لەسەری بحەسێنەوە. کاتێک مرۆڤ لە پێناو ژیاندا دەجەنگێ، نرخی هەمووشتێکی لایە، تەنانەت گۆزەیەکی بەتاڵ و قنچکەجگەرەیەک و قاشێک پرتەقاڵ و کوتێک نانی کەڕووکردوو کە لە ناو خاشاکدا ھەڵگیرابێتەوە و پارچەیەکیش ئێسقانی ڕزیوو. مرۆڤ لە پێناو ژیاندا دەتوانێت ھەموو چەپەڵییەک و بێشەرەفییەک و تاوانێک بکات. ھەر یەکێکمان لە پێناو پاروویەک نان، ئامادەین ژنەکەمان یاخود کچەکەمان بفرۆشین و دایکمان بتۆپێنین و برا و ھاورێکەمان بفرۆشین و ببینە قەحبەی کەسێکی دی. ئامادەین چۆک دابدەین و لە قوڕاودا بگەوزێین و بە تامولامەوە پێڵاوی ئەو کەسە بلێسینەوە کە تێرمان دەکات و پشتمان لە ژێر شەلاقدا بچەمێنینەوە و بە بزە و دڵخۆشییەوە، بە ڕوانینی لێوانلێو لە برسییەتی و ھیوای سەرسڕهێنەر و ئاژەڵانە، دەموچاوی پڕ لە تفمان بسڕینەوە.


| پێست - کورزیۆ مالاپارتێ
La piel di Curzio Malaparte