دەقێک لە پەڕتووکی «ط» - زاهید بارخودا


لەسەر چرپاکە ڕادەکشێم و لە بەردەکان دەڕوانم. گەرمیی دەستم دەیانتوێنێتەوە. پەنجەکانم خوێنیان لێ دەچۆڕێ. ھەموو گیانم خوێناوڵ دەبێ. وەک بڵێی کەسێکم کوشت بێ. لەپی دەستم لەبەر لووتمدا ڕادەگرم و بۆنی دەکەم. تامی بۆن دەناسم. ساڵانێک ئەم تامەم لەگەڵدا بووە. ئەمە بۆنی ژوورەکەمە. ئەو ژوورەی چەشنی منداڵدانی دایکم منی لە خۆیدا ھەڵگرتووە. کەنگێ دەتوانم لەدایک ببم؟ ئەم دیوارانە. تەنانەت ناتوانم سێبەری خۆم لەسەریان دەستنیشان بکەم. لە ھەر لایەک بڕوانیت سێبەرگەلێک دەبینیت کە لەشیان لێ ون بووە. تاریکییە گەڕۆکەکان. جووڵەیان ھێندە خێرایە ناتوانیت دەستنیشانی بکەیت لە کوێوە دێن، بۆ کوێ دەچن، کێن؟ بە شوێنی سێبەرێکدا دەگەڕێم کە ھیچ نەجووڵێتەوە. لە جێیەک ڕاوەستا بێت. بەڵام سێبەرەکانی تر ھێندە خێرا بەملاولادا دەڕۆن کە جگە لە 'جووڵە' ناتوانم ھیچ ببینم. سەرەخوولێ دەگرم. ژوورەکە بە دەوری سەرمدا دەخوولێتەوە. خێراییەکەی پتر دەبێت، پتر، پتر. هەست دەکەم خەریکە هەڵدەقڵیشێم. هەردوو دەستم لە دەوری سەرم دەهاڵێنم و گوشاری لێ دەکەم. وەک بڵێی ھەمووشتێک بەرەو خوار دادەکشێت. دەنگێک دەبیستم. دەنگێکە و لەبەر قاییمیی خوولانەوە ناتوانم دەستنیشانی بکەم ھیی کێیە. دەنگێکی پیاوانەیە. ڕەنگە باوکم بێت. دەمھەوێت ھەڵبستم. ھەروەھا سەرم لە نێو دەستمدایە. دەترسم دەستم لا ببەم و سەرم بەر ببێتەوە. ناتوانم لەسەر پێی خۆم ڕابوەستم. خۆم بە دیوارەکەدا دەدەم. گەرمیی سێبەرەکان ناخم ھەڵدەقرچێنێت. دەگوڕێنم: «باوکە.» سێبەرەکان لە تریقەی پێکەنین دەدەن. پێکەنینەکان نابڕێنەوە. قاییمتر دەبن. وەک بڵێی ھەر دەنگێک کە دێت بڕێک لە قەبارەی ژوورەکە پڕ دەکاتەوە. ھەست دەکەم خەریکە دەخنکێم. بە زۆرەملێ دەتوانم خۆم لەسەر پێ ڕابگرم. دەمھەوێت بۆ سەر چرپاکەم بگەڕێمەوە. ھەمووشتێک دەخوولێتەوە و ناتوانم دەستنیشانی بکەم لە کام لای ژوورەکەدام. دەنگێکیان خۆی دەگەیەنێتە ناوکم و دەچێتە ژوورەوە. ھەوایەک لە ناخمدا هەڵدەکات. کف دەکەم. ئیدی جگە لە گڤەگڤی بای ناخم، ناتوانم ھیچی تر ببیستم. بایەکی گەرمە و وەک ئەوەی لە جێیەکدا مابێتەوە بۆنێکی ناخۆشی لێ دێت. بۆنی لاشەی گەنیووی سێبەرێک کە خاوەنەکەی دەری کردبێت. گشت ساتێک ئەشێ بتەقم. ناتوانم دەستم بگەیەنمە گوێم. لە دەنگی تەقینی خۆم دەترسم. چاوم خەریکە دەربتۆقێت. گەورەتر دەبم. ھێندە گەورە کە ھەمووشتێک لە جووڵە دەوەستێت. ڕەنگە ئیدی ژوورەکە نەتوانێت من لە نێو خۆیدا ڕابگرێت. ئەو دەنگەی کە چووەتە ناخمەوە پێکەنینەکەی دادەمرکێتەوە. بەتاڵی لە ناخمدا ھەست پێ دەکەم. دەنگەکە لە دووی کونێک دەگەڕێت. دەتوانم وەک کرمێک دوای بکەوم. خۆی دەگەیەنێتە پشتم و لە ماوەی کەمتر لە چرکەیەکدا بە تەوژمێکی وەها دەردەپەڕێت کە وەک میزەڵدانێکی دەم با دەست بە خوولانەوە دەکەم. بە هەموو لایەکدا دەڕۆم. سەرەوە، خوارەوە، چەپ، ڕاست. لاونیو دەڕۆم. بە لاری دەگەڕێمەوە. بە سەر. بە پێ. خاوخلیچکانە لەسەر چرپاکە دەکەوم. ژوورەکە وەک ئەوەی بیهەوێ بڕشێتەوە لە بنمیچەکەیەوە شلەمەنییەک دادەتکێ. دەمم دەکەمەوە و چەند دڵۆپێک شلەمەنی قووت دەدەم. شلەمەنییەکی گەرم؛ تا ڕادەیەک ترش، تا ڕادەیەک سوێر. نازانم چەندێک کات تێدەپەڕێت. کە چاوم هەڵدەهێنم دەبینم لەسەر کورسییەکە دانیشتووم و خەریکم شتێک دەنووسم. ناتوانم لەسەر هێڵێکی ڕاستەوڕاست بڕۆم. دێڕە چەماوەکان بە گشت لایەکدا چوون. هەوڵ دەدەم یەکێکیان بخوێنمەوە. واتای چەند وشەیەکم بیر نەماوە. تەنانەت دڵنیا نیم داخۆ بە ڕێنووسێکی ڕاست نووسیبێتم. دەگەڕێمەوە لای چرپاکە. خۆم دەبینم وا لەسەر چرپاکە کەوتووم. چەشنی مرۆڤێک کە مردن تێیدا فەرمانڕەوایە. چاوم زەرد هەڵگەڕاوە. لێوەلەرەمە، وەک بڵێی بمهەوێ شتێک دەرببڕم و گۆکردنیم بیر چووبێتەوە. هەوڵ دەدەم هەڵبستم و بەرەو لای خۆم بچمەوە. پێم وایە ئەمە دوایین خولەکە دەتوانم خۆم بە زیندوویی ببینم. حەزم دەکەم بەدەم ئاویلکەی خۆمەوە دابنیشم و چاولەچاوی بڕوانم و بزانم چیم لێ نایەت. ناتوانم هەڵبستم. هەر دەڵێی بە کورسییەکەوە لکاوم، یان هێشتاکە گیرۆدەی دێڕێکم کە تەواو نەبووە. ڕستەیەکی دی. بۆ نووسینی ئەم ڕستەیەکە ناچارم سەرم دابچەقێنم. واتا ئاوها دانیشتووم و ڕستەی دواتر چاوەڕێی منە. یانژی من چاوەڕێیمە. لەم کورتەمەودایەدا واتای وشەی 'ڕزگاربوون'ـیشم لە بیر چووەتەوە. خۆزگە هەمیشە کەسێکی نێو ناخم لەسەر چرپاکە ڕابکشایە. هیچ شتێک وەک دیمەنی مرۆڤێک نییە کە خەریکە لە مەودایەکی کورتەوە سەیری خۆی دەکات. ڕەنگە بتوانم واتای وشەی ڕزگاربوون هەر لەم ڕستەیەدا بدۆزمەوە. دەبێ بتوانم لە دووریی ئەو مەودا کورتەوە ڕابوەستم. گەر بمتوانیبایە ئەو مەودایە ڕەچاو بکەم، بەر لە ڕستەی داهاتوو ‌هەڵدەستام و دەستم دەخستە ملم. هێشتاکە لەسەر چرپاکە ویرەویرمە. لەوانەیە گەر سەرنج بدەم بتوانم بڕێکیانم بیر بکەوێتەوە: میم دەگۆڕێت بۆ عەین. لە ڕوانینێکی تردا هەر ئەم عەینە دەبێت بە دال. هێشتا لەسەر کورسییەکە دانیشتووم. لەوانەیشە هەڵبستم و کەمێک لەو 'مەودا'ـیەدا بخەوم.

| ط - زاهد بارخدا