«بوونی ھەیە!»

یەکێک لەو ھەڵە باوانەی کە لەم ساڵانەی دوایدا خزاوەتەوە نێو زمانی کوردییەوە «بوونی ھەیە» و «بوونی نییە»ـیە.
لە کوردیدا، چاوگی «ھەبوون بوون» یان «بوون بوون» نییە تاکوو بێین «بوونی ھەیە»ـی لێ چێ بکەین و بێژین ڕاستە!
لە فارسیدا، چاوگی «وجود داشتن» ھەیە. ھەر بۆیە لە فارسیدا «وجود دارد / بوونی ھەیە» ڕاستە، بەڵام لە کوردیدا ھەڵەیە.
لە کوردیدا، چاوگی «ھەبوون» ھەیە.
بۆیە «ھەیە» و «نییە» ڕاستە،
نەک «بوونی ھەیە» و «بوونی نییە».

بۆ وێنە:

چەوت: جارانیش ئاوێنە بوونی ھەبوو.
ڕاست: جارانیش ئاوێنە ھەبوو.

چەوت: ھیچ بیانوویەک بوونی نییە.
ڕاست: ھیچ بیانوویەک نییە (لە ئارادا نییە، لە گۆڕێ نییە).

چەوت: داخۆ ئاو لەسەر مەریخ بوونی ھەیە؟
ڕاست: داخۆ ئاو لەسەر مەریخ ھەیە؟

چەوت: گەر مردن بوونی نەبووایە.
ڕاست: گەر مردن نەبووایە.

چەوت: منیش بوونم ھەیە.
ڕاست: منیش ھەم.

#زمانی_کوردی