یاداشتێکی زاهید بارخودا - Cascade

کەرت بووم؛ دوو کەرت بووم. نیوە. نیوەم ڕۆیشت؛ سەری هەڵگرت؛ بێ‌ ئەوەی بزانم بەرەو کوێ! نیوەکەی ترم، ترتر دەبێت هەردەم. نیوە دەبێت. نیوە. هەر نیوەیەک دووپاتە نیوە دەبێت؛ نیوەکانیش نیوەتر، «تر»ـەکانیش گشتیان «تر»ـتر. من نیوەی نیوەی نیوەی نیوەی نیوەی نیوەی خۆمم. خەریکە دەبم بە هیچ. دەگەم بە هیچ. بە «ھ»، بە «ی»، بە «چ».

مۆسیقا؛ شێوازێکە لە تەکووزیی شێتی.

خەریکم گوێ لە بەرهەمێکی تری «William Basinski» دەگرم. ڕاستییەکەی تەنێ گوێی لێ ناگرم، چاوی لێ دەگرم، دەمی لێ دەگرم، برۆی لێ دەگرم، لووتی لێ دەگرم، ملی لێ دەگرم، ناوکی لێ دەگرم، پشتی لێ دەگرم، دەستی لێ دەگرم، پێی لێ دەگرم. ئەو نیوانە لەم گرتنانەدا نیوەتر دەبن؛ ئەو نیوەترانە نیوەترتر دەبن. گەر مردن دەنگێکی هەبێ، ئەم پارچەمۆسیقایە ئاوازی تەپەی پێیەتی. ئەو ساتەی ژیان ماڵاوایی دەکات، و پێ دەخەینەوە ناوچەی مردنەوە. نەک هەر مردن، نەک هەر ژیان؛ ڕێک مەودای نێوان مردن و ژیان؛ مەودایەکی تا ڕادەیەک هیچ.

بڕێک بەشی ئەم مۆسیقایە، هەر دەڵێی دەنگەکان بە نەبوونیاندا ڕۆ دەچن، دەچنە ناو عەدەمەوە، ئیدی هیچ دەنگێک نامێنێ، هیچ نابیسترێ. زەمەن دەمرێ. ڤالاهی، کەوتنە ناواخنی بێدەنگی؛ دەنگی ئەم بێدەنگییە هێندە بەرزە بە ڕادەیەک نابیسترێ. چەشنی کەوتنە ناو چاڵێکەوە، گۆڕێکەوە، هەمووشتێک درێژەپێدەری مردنمان دەبێ. دەنگەکە خۆی ڕزگارکەرە، پاش چەند خولەکێک، وەک ئەو نووقمبووەی خەریکە دیسان هەناسەی تێ دەگەڕێتەوە، دەبیسترێتەوە؛ ئەم جارەیان بە تەتەڵە.

مۆسیقا بایە. لە ناخمدا دەشنێتەوە. وشەکان خەبەریان دەبێتەوە؛ دەتۆقن، دەیشترسن، چڕنووکیشم لێ دەگرن. ناخم دەڕووشێنن. پێستم هەڵدەقڵیشێ، بۆگەن دەفیچقێنێ. وشەکان وەک کرم لوول دەبن. من مردووم لەناو ئەم دەنگە؛ ئەم دەنگی ئاویلکەیە، ترپەی پێڵووی مردنمە. نغرۆبوونمە لەناو هیچ. چیدی نیوەیەکم نەماوەتەوە تا نیوە ببێت. ئێستاکە لە مەودای نێوان دوو نیوەدام.

 * * *
William Basinski - Cascade (2015)