هونەری چیرۆکنووسین

ڕۆبێرتۆ بۆلانیۆ
لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر


ئێستا تەمەنم ٤٤ ساڵە، سەبارەت بە نووسینی چیرۆک چەند سەرنج و پێشنیارێک دەخەمە ڕوو.

١. قەت توخنی یەک چیرۆک مەکەون، ئەگینا تا ئەو ڕۆژەی دەمرن هەر خەریکی نووسینی هەمان چیرۆک دەبن.
٢. باشترین ئەوەیە بە جارێک سێ یان پێنج چیرۆک دابڕێژن. گەر وزەی زۆرتان پێیە، ئەوا دە یاخود پانزە بنووسن.
٣. وریا بن: هەوڵدان بۆ نووسینی یەک چیرۆک بە جارێک زۆر مەترسیدارە، هەر وەک چۆن دڕدۆنگی لە نووسینی دووانیش بە جارێک مەترسیدارە. ئیدی وەک وێنەدانەوەی ناو ئاوێنەی ئەڤیندارانە، ناواخنەکەی چەپەڵ و قێزەونە.
٤. دەبێ کیرۆگا[1] بخوێننەوە، پێویستە فێلیسبێرتۆ هێرناندێز[2] و بۆرخێس[3] بخوێننەوە. پێویستە ڕولفۆ[4]، مۆنتێڕۆسۆ[5]، گابریێل گارسییا مارکێز[6] بخوێننەوە. چیرۆکنووس گەر تۆزقاڵێک نرخی بوارەکەی خۆی بزانێت، قەت سێلا[7] و ئومبراڵ[8] ناخوێنێتەوە. بەڵێ، پێویستە کۆرتاسار[9] و بیۆی کاسارێس[10] بخوێننەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک خۆتان لە قەرەی سێلا و ئومبراڵ مەدەن.
٥. نەوەک ڕوون نەبووبێت، بۆیە جارێکی تر جەخت لەوە دەکەمەوە: توخنی سێلا و ئومبراڵ مەکەون، تەنانەت وێنەکانیشیان.
٦. چیرۆکنووس دەبێت چاونەترس بێت. ئەمە ڕاستییەکی تاڵە، بەڵام ئیتر ئاوهایە.
٧. چیرۆکنووسەکان زۆر جار سنگ دەردەپەڕێنن و خۆیان بەوەوە ڕادەوەشێنن کە پێترووس بۆرێڵیان خوێندووەتەوە! چییە هەر ئەوەیە ناوی زڕاوە و زۆربەی چیرۆکنووسەکان دەیانەوێ لاساییی بکەنەوە. ئەوە هەڵەیەکی زەقە. دەبێ هەر لە جلوبەرگدا لاساییی پێرتووس بۆرێڵ بکەنەوە! ئینجا خۆی ڕاستییەکەی ئەوەیە هیچیش نازانن سەبارەت بە پێرتووس بۆرێڵ! نە سەبارەت بە گۆتییێ[11] و نە سەبارەت بە نێرڤاڵ![12]
٨. چاکە، دەی با ڕێک بکەوین. پێترووس بۆرێڵ[13] بخوێننەوە، وەک پێترووس بۆرێڵ جل بپۆشن، بەڵام ژوڵ ڕێنار[14] و مارسێل شۆبیش بخوێننەوە؛ بە تایبەت مارسێل شۆب[15]، پاشان ئەڵفۆنسۆ ڕێیێس[16] و ئەوساکە بۆرخێس.
٩. بەبێ ئەملاولا، مادام ئێدگەر ئاڵن پۆ[17] هەیە، کەواتە باشترین هەلی خوێندنەوەمان بۆ ڕەخساوە.
١٠. بیر لە خاڵی نۆیەم بکەنەوە. پێویستە بیری لێ بکەنەوە. کاتی بۆ گل بدەنەوە و بیخوێننەوە، تەنانەت گەر بە گاگۆڵکێیشەوە بووە.
١١. ئەو نووسەر و پەڕتووکانەی لە کانگای دڵمەوە پێشنیاریان دەکەم: «De lo Sublime»ـی «پسێودۆ لۆنگینۆس[18]»، سۆنێتەکانی «فیلیپ سیدنی[19]»ـی بوێر و کڵۆڵ؛ ئەوەی «باڕۆن بڕووک[20]» ژیاننامەکەی نووسیوەتەوە، «Spoon River Anthology»ـی «ئێدگەر لی ماسترز[21]»، «Suicidios ejemplares»ـی «ئێنریکێ ڤیلا ماتاس[22]».
١٢. هەموو ئەم پەڕتووکانە بخوێننەوە و هەروەها چێخۆڤ[23] و ڕەیمۆند کارڤەر[24] بخوێننەوە، یەکێکیان باشترین چیرۆکنووسی ئەم سەدەیە.

ژێدەر:

El arte de escribir cuentos \ Roberto Bolaño \ Diario «El País» de Uruguay/GDA - Noviembre, 2001.

ڕۆبێرتۆ بۆلانیۆ ڕۆماننووس، چیرۆکنووس، هۆنەر، گوتارنووسی چیلێیی. ساڵی ١٩٥٣، لە سانتیاگۆی پایتەختی چیلێ هاتووەتە دنیاوە. تەمەنی منداڵیی لە شاری لۆس ئانخێلێس، ڤالپاراییسۆ، کیلپێ، ڤینییا دێل مار و کاوکێنێس بەسەر بردووە. یەکەمین کاری لە ١٠ ساڵیدا کردووە، ئەویش فرۆشتنی بلیتی پاس بووە. لە تافی لاویدا، لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو شاری مێکسیکۆ کۆچی کردووە؛ وازی لە خوێندن هێناوە و ڕێچکەی ڕۆژنامەنووسیی گرتووە. ساڵی ١٩٧٣، بۆ بەشداری لە شۆڕشی وڵاتەکەی گەڕاوەتەوە چیلێ بەڵام بە تۆمەتی ئەوەی تیرۆریستە، خراوەتە زیندانەوە. دوای ئەوەی ٨ ڕۆژ دەستبەسەر بووە، دوو هاوڕێی ڕزگاریان کردووە. ساڵی ١٩٧٤ گەڕاوەتەوە مێکسیکۆ. ساڵی ١٩٧٧ چووە بۆ ئیسپانیا، لە  بارسێلۆنا نیشتەجێ بووە و هاوسەرگیریی کردووە. وەک قاپشۆر و پاسەوانی کەمپ و خزمەتکاری هۆتێل و کەناس کاری کردووە. بۆلانیۆ بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی ئیسپانیزمان و ئەمریکای لاتین دادەنرێت. خاوەنی دەیان پەڕتووکی چیرۆک و ڕۆمان و هۆنراوەیە. ساڵی ٢٠٠٣، لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا، لە شاری بارسێلۆنا کۆچی دواییی کردووە. 



[1]  Horacio Quiroga
[2] Felisberto Hernández
[3] Jorge Luis Borges
[4] Juan Rulfo
[5] Augusto Monterroso
[6] Gabriel García Márquez
[7] Camilo José Cela
[8] Francisco Umbral
[9] Julio Cortázar
[10] Adolfo Bioy Casares
[11] Théophile Gautier
[12] Gérard de Nerval
[13] Petrus Borel
[14] Jules Renard
[15] Marcel Schwob
[16] Alfonso Reyes
[17] Edgar Allan Poe
[18] Pseudo Longinus
[19] Philip Sidney
[20] Baron Brooke
[21] Edgar Lee Masters
[22] Enrique Vila-Matas
[23] Anton Chekhov
[24] Raymond Carver