عەرەبی شەمۆ؛ چەند بیرەوەرییەک

تۆسنی ڕەشید
لە کورمانجییەوە: ژیار ھۆمەر

من بە منداڵی ناوی نووسەر و سیاسەتمەداری بەناوبانگی کورد، عەرەبی شەمۆم بیستبوو. باوکم دەیناسی و زۆر جار لە ماڵماندا باسی فرەزانی و ژیرییەکەی دەکرا. هەروەها دەگوترا عەرەبی شەمۆ ساڵی ١٩٢٨، چەند لاوێکی کوردی ئەرمەنستانی بۆ خوێندن ڕەوانەی لێنینگراد کردووە، لاوێکیان قاناتی کوردۆ بووە. گەرچی ئەوساکە قانات لە شاری تبیلیس دەژیا، بەڵام لەبەر ئەوەی لە مێژەوە یەکتریان دەناسی، عەرەبی شەمۆ ناوی قاناتیش دەخاتە ناو لیستی ئەو کۆمەڵەیەوە.
بەڵام من بۆ یەکەمین جار عەرەبی شەمۆم لە پاییزی ساڵی ١٩٥٩ـدا بینی.
سەرەتای مانگی سێپتەمبەر بوو، تازە دەستم بە خوێندنی باڵا کردبوو، ڕۆژێکیان زانیم قاناتی کوردۆ لە باژێڕی لێنینگرادەوە هاتووە بۆ ئێریڤان و میوانی عەرەبی شەمۆیە. بنکەی ڕۆژنامەی ڕیا تەزەم دەزانی و بۆ وەرگرتنی ژمارەی عەرەبی شەمۆ چوومە ئەوێ. ژمارەکەیم لە کارلێنی چاچانی وەرگرت و هەر لە ژوورەکەی ئەوەوە تەلەفۆنم بۆ ماڵی عەرەبی شەمۆ کرد. کاتێک ژمارەکەی عەرەبی شەمۆم لێ دەدا، نەختێک شڵەژابووم، نەمدەزانی چی بێژم و لە چییەوە دەست پێ بکەم. یەکەمین جارم بوو لەگەڵ کەسێکی بەناوبانگدا بدوێم. عەرەبی شەمۆ خۆی بیستۆکی تەلەفۆنەکەی هەڵگرت. گەرموگوڕییەک لە دەنگیدا هەبوو، ئەوە ئۆخژنی لە دڵم گەڕاند. خۆمم ناساند و گوتم دەمەوێ لەگەڵ مامە قاناتدا بپەیڤم. گوتی خۆ من باوکت دەناسم و بە پێکەنینەوە درێژەی پێ دا: ''ئەی تۆ ناتەوێ مامە قاناتیشت ببینی؟'' من چاوەنواڕی ئەو پەیڤانە نەبووم و کڕ بووم. درێژەی بە قسەکانی دا: ''ناونیشانی ماڵمان ئەوەیە، لە چەقی شارە، لە کۆڵانی «ئابۆڤیان»ـە. وەرە ماڵەوە، مامیشت دەبینیت.'' منیش گوتم: ''ئەوەم هەر زۆر پێ خۆشە.'' و بیستۆکی تەلەفۆنەکەم دانا.
بنکەی ڕۆژنامەی ڕیا تەزە لە چەقی شار بوو و هەڵتەک-هەڵتەک بەرەو ماڵی عەرەبی شەمۆ چووم.
ئەوسا، لە شوێنی ئەو خانووە خۆش و بەرزەی ئەمێستا، خانوویەکی دوو نهۆمی لێ بوو. ڕووکارەکەی بە سوورێکی کاڵ بۆیاخ کرابوو. نیوەی نهۆمی دوو، ماڵی عەرەبی شەمۆ بوو. خاوەنی نیوەکەی تر، کۆنەبەڵشەڤیکێک بوو، بەڵام ناوەکەیم بیر ناکەوێتەوە.
ئەوە یەکەمین چاوپێکەوتنی من و عەرەبی شەمۆ بوو. هەتا مامە قانات لە ماڵیان میوان بوو، هەموو ڕۆژێک یەکمان دەدیت.
شەممەیەک هەموومان پێکەوە، بەو سەیارەیەی سمەند سیاباندۆڤ ناردبووی، چووین بۆ ماڵی ئێمە لە گوندی کووڕەکەند. مانگی دواتر، واتا مانگی ئۆکتۆبەر، زەماوەندی ڕۆستەمی برام بوو، بۆیە باوکم عەرەبی شەمۆ و قاناتی کوردۆی بانگێشتی شاییەکە کرد. قاناتی کوردۆ گوتی خۆی ناتوانێ لە لێنینگرادەوە بێ، با عەرەبی شەمۆ لە بری هەردووکمان بێ. ئێوارەی ڕۆژی دواتر عەرەبی شەمۆ گەڕایەوە ئێریڤان، بەڵام مامە قانات حەفتەیەک لە ماڵی ئێمە مایەوە.
ڕۆژی شاییەکە، کاتێک عەرەبی شەمۆ گەیشتە گوند، سەیارەی بووک ڕۆیشتبوو. گوتی خۆی لە ئەنقەست درەنگ هاتووە؛ نەیویستووە ئەو هەموو ڕێگەیە بکوتێ و بێ. (بووکێ خەڵکی گوندی «گەڵتۆ»ـی ناوچەی «تێلین» بوو.)
لەبەر ئەوەی باوکم و ڕزعالیی کاکیشم لە سەیارەی بووکدا بوون، ڕۆستەمی برایشم زاوا بوو و سەری نەدەپەرژا، سا دۆخەکە ئاوها بوو، دەبوو من میوانم بەڕێ بکردایە. ئیدی یەکتریشمان دەناسی. دانیشتین پێکێک کۆنیاکمان هەڵدا، پیرۆزباییی شاییەکەمان کرد و چووینە گەڕان.
عەرەبی شەمۆ زۆر لفتخۆش و زمانشیرین بوو. مرۆ لە قسەکانی تێر نەدەبوو. ژیانێکی ئەوەندە پڕ لە هەوراز و نشێوی تێپەڕاندبوو، ئیدی هەرچییەکی بگوتبایە، سەرنجڕاکێش بوو. سا بۆم دەرکەوت، حەزی نەدەکرد سەبارەت بە ساڵانی ڕاگواستن بدوێ. کەچی هەر چەند شتێکی گێڕایەوە و قسەیەکیم قەت لە بیر ناچێتەوە. گوتی، جارێکیان دەیەوێ شتێکی چەشنی چیرۆکەکان بنووسێ، بەڵام ماوەیەکی زۆر کاغەزی دەست ناکەوێ. دەچێتە فەرمانگەی ڕاگواستن، داوای کاغەز دەکا، نایدەنێ، دەبێژن خۆ تۆ دوژمنی دەوڵەتی، خوا دەزانێ چی تێدا دەنووسی.
تا دەهات قسەوباسمان گەرموگوڕتر دەبوو، پرسیارێکیش لە ناخمدا چەکەرەی دەکرد. دوادواییەکەی خۆم نەگرت و بە شەرمێکەوە درکاندم: ''مامە عەرەب، هەندێک لە لاوەکانمان ٢-٣ ساڵێک عەسکەری دەکەن، دەگەڕێنەوە، کوردییەکەیان دوکەڵ دەکا و ناتوانن وەک پێشتر پێی بدوێن. کەچی تۆ ١٧-١٨ ساڵە قسەت پێ نەکردووە، ئەوە چۆنە کوردییەکەت ئەوەندە باش ماوە؟''
نەختێک بێدەنگ بوو، پاشان هەڵستا، پەلی گرتم و گوتی: ''هیچ خراپەیەکم دژی دەوڵەتی سۆڤێت نەکردبوو. سەرەڕای ئەوەیش من هەڕەتی لاوێتیم، ساڵانی پڕوزەییم، بەبێ بەرماوە لە ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەتی سۆڤێتدا دانا. سا لەو بڕوایەیشدا بووم، هەرچۆنێک بێ، زوو یان درەنگ، ڕۆژێک دادێ ڕووی ڕاستییەکان هەڵدەماڵرێن و لێخۆشبوونم بۆ دەردەکەن. بیریشم لەوە دەکردەوە کاتێک دەگەڕێمەوە ناو هۆز و خێڵەکەم، گەر کوردییەکەم لاواز بێ، ئەوپەڕی سەرشۆڕییە. خۆم چارەیەکم دۆزییەوە؛ ڕۆژانە ئەوەندە دەستبەتاڵ نەدەبووم، لە مەلابانگدانەوە تا زەردەپەڕی ئێوارە دارمان دەبڕی، کەچی گشت ئێوارەیەک کە دەچوومە ناو نوێنەوە، بە ورتەورت چیرۆکێکی کوردیم دەگوت، پاشان دەنووستم. جاروبار بەیت و بالۆرەیشم دەگوت. [١]
ساڵانێکی دوورودرێژە پەیڤەکانی ئەو کەڵەنووسەرە لە هزرم دەرناچێ، بۆیە لە داهاتوودا چیرۆکێک بە ناوی «نمێژا سەر بەلگی» لە قسەکانییەوە هەڵدەهێنجم تا لە یەکەمین گوڵبژێری چیرۆکەکانمدا، «شەڤا بێ خەو»، چاپ بکرێ.
پاش ڕاگواستن، لەگەڵ ژنەڕووسێکدا ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو و ئاخاوتن لە ماڵیاندا بە ڕووسی بوو، هەر وەک چۆن خۆیشی دەیگوت، هەر جارێک دەچێتە ناوبازاڕ، چەشنی ئەوەی لە گوندەوە هاتبێ، بە کوردی دەدوێ. پەیڤین بە زمانی کوردی، بۆ ئەو وەک نان و ئاو پێویست بوو!
ئەو شایی و گەڕانەمان، بووە دەستپێکی هاوڕێیەتییەکی پتەو و دوورودرێژ لە نێوانمان.
من زۆر جار دەچوومە ماڵیان و ئەویش بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە میوانداریی لێ دەکردم. جاری وەها هەبوو کە دەچوومە ماڵیان، گازی دەکردم، ڕاپێچی ژوورەکەی دەکردم، دەرگاکەی کڵۆم دەدا و لە قوژبنێکەوە بتڵێک کۆنیاکی دەردەهێنا، لەسەر مێزەکە دایدەنا و دەیگوت: ''خۆ جاروبار دڵم بۆی دەگڕێ و بێزووی پێوە دەکەم، بەڵام کابرا پێی خۆش نییە بخۆمەوە (بە سەریشی ئاماژەی بە ژوورەکەی تەنیشتی دەدا، بە کوردییەکەی واتا سکاڵای لە ژنەکەی دەکرد)، دەبێژێ بۆ لەشساغییت باش نییە، ئیدی نایشتوانم بە تەنێ بخۆمەوە، دە تۆ ئێستا وەرە با یەکی پەنجایییەک بخۆینەوە.'' و دەکەنی. سا منیش چیم بکردایە، چییشم بگوتایە، دیسان ٥٠ گرامی بۆ تێ دەکرم.

* * *

ماوەیەک گرژی کەوتبووە نێوان ئەو و مامە قانات. قاناتی کوردۆ سەرۆکی بەشی کوردناسیی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسیی لێنینگراد بوو، کوردناسێکیش کە لەو بەشە کاری دەکرد، بە عەرەبی شەمۆ ڕادەگەیەنێت گەر قاناتی کوردۆ بیەوێت، دەتوانێت لەمەڕت بۆ سەرۆکایەتیی کۆڕی زانیاریی یەکیەتیی سۆڤێت بنووسێت و نازناوێکی زانستییت پێ بدەن. عەرەبی شەمۆ بڕوای بە قسەکانی ئەو کەسە کردبوو و دڵی لە قاناتی کوردۆ شکابوو. لەسەر ئەم پرسە، جارێکیان مامە قاناتم دواند. ئەویش پێی گوتم خۆ لە سەرانسەری یەکیەتیی سۆڤێت، لە نووسەران، تەنێ میخاییل شۆلۆخۆڤ ئەندامی کۆڕی زانیاریی یەکیەتیی سۆڤێتە، جا من بچم ناوی عەرەبی شەمۆ بدەم. سەدان کەسی هاوشێوەی عەرەبی شەمۆ لە یەکیەتیی سۆڤێتدا هەن.
بە ڕاستییش هەر وەها بوو. لە کۆڕی زانیاریی ئەرمەنستانیش، تاقە نووسەرێک بووە ئەندامی کۆڕی زانیاری، ئەویش ئاڤەتیک ئیسحاقیان بوو.
بەڵام من هەر پەیوەندیم لەگەڵ عەرەبی شەمۆ دانەبڕی و پێم لە ماڵیان نەبڕی.

* * *

ڕۆژێکیان لە دانیشتنی نووسەرە کوردەکانی یەکیەتیی نووسەرانی ئەرمانستان، ڕووداوێکی دڵتەزێن قەوما. نووسەرێکی ئەرمەنی، ئەمێستا ناوەکەیم بیر نایەتەوە، هەر لە خورتوخۆڕایی گازندەی لە عەرەبی شەمۆ کرد؛ گوایە عەرەبی شەمۆ کرۆکی دەقەکەی ئەوی دزیوە! پرسەکە ئەوە بوو، ئەو نووسەرە ساڵی سییەکان شانۆیەکی بە ناوی «گور حەسۆ» نووسیبوو. گور حەسۆ نیگارێکی ڕاستییە، لە گوندی شامیرام بووە. بەر لە جەنگی جیهانیی یەکەم، کوردە موسوڵمانەکان لە شامیرام ژیاون. بەڵام کاتی جەنگ چوونەتە تورکیا، ئیدی کوردە ئێزییەکانی هۆزی «حەسنیا»ـیش لە دەڤەری سورمەلی، بارگەوبنەیان پێچاوەتەوە و لە گوندی شامیرام گیرساونەتەوە.
بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر، گور حەسۆ هەڵهاتووی دەوڵەت بووە و گەلەک جاران هاوکاریی چینی کرێکار و بندەستی کردووە، ئەوانی لە زۆردارەکان پاراستووە. عەرەبی شەمۆیش چیرۆکێکی لەسەر بەسەرهاتی ژیانی گور حەسۆ نووسیوە، بەڵام ناوەڕۆکی چیرۆک و شانۆکە، هیچ یەکیان نەدەگرتەوە.
چەند نووسەرێکی خۆیشمان، کوێرانە عەرەبی شەمۆیان تاوانبار کرد.
مامە عەرەب، پیاوێکی مەزن بوو، بڕێک شڵەژابوو، دەیزانی هەموویان هەڵەن، قرچە لە ناخی هەڵدەستا کەچی زاری هەڵنەهێنا.
من لە جێی خۆم ڕابووم، توخنی کەوتم، پەلیم گرت و پێم گوت: ''ئاپۆ! گوێ بە قسەکانیان مەدە، تۆ هیچی هەڵەت نەکردووە. هەڵستە، با بڕۆینەوە ماڵەوە، لێرە چییان دەوێ، با بیڵێن.'' کوشکەڵەی کردبوو و سەری هەڵبڕی، بە کزۆڵییەوە لێی ڕوانیم، پەیڤەکەم دووپات کردەوە: ''هەڵستە، دەی هەڵستە، با بڕۆینەوە ماڵەوە.''
پەلیم گرت، ئالیکارییم کرد هەڵبستێت، خۆم دابووە ژێر باڵی و ئاوهایی چووینە دەرەوە.
دوای ڕۆیشتنمان، ئەوانەیشی مابوونەوە، بێ ئەوەی بڕیارێک بدەن، بڵاوەی لێ دەکەن.

* * *

هاوڕێیەکی هاوپیشەم، دراوسێی عەرەبی شەمۆ بوو، دەرگاکانیان بەرامبەری یەکتر بوو. ڕۆژێکیان کە چوومە سەر کار، هاتە کنم و پێی گوتم: ''تەلەفۆنم بۆ ماڵتان کرد، کەچی تۆ لە ماڵ هاتبوویتە دەرەوە، عەرەب شامیلۆڤ چووە بەر دلۆڤانیی یەزدان...''
دەستبەجێ چووین بۆ ماڵی مامە عەرەب.
عەرەبی شەمۆ لە گۆڕستانی مەزنانی ئەرمەنستان نێژرا. لە گۆڕستانەکەدا کۆڕی ماتەمینی گێڕدرا و منیش لەو کۆڕەدا دوام.
هەر لەبەر ئەوەی دە گوتارەکەمدا گوتبووم، ئیدی وێژەی کوردی ڕیشسپییەکەی نەماوە و هەتیو کەوتووە، نووسەرێکمان لێم زویر بوو. بەڵام من تا ئەم ساتەیش هەر مکووڕم لەسەر ئەوەی عەرەبی شەمۆ ڕیشسپیی وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بوو.
عەرەبی شەمۆ کەسایەتییەکی گەش بوو: بە بەرهەمەکانی، بە ژینی، بە زمانشیرینییەکەی...
بەختەوەریی جیلەکەمان ئەوە بوو: عەرەبێ شەمۆ، قاناتێ کوردۆ، حەجیێ جندی و زۆرینەی مەزنەکانمان، ئەوانەی ماون؛ ناسیمانن، بینیمانن.
عەرەبی شەمۆ چەند پەڕتووکێکی خۆی بە دیاری پێ داوم، زۆر جاریش لێی دەنووسی بۆم. دەقی دیارییەکی لە خوارەوەدا دادەنێم.
نووسینەکە بە زمانی ڕووسییە. وەرگێڕانەکەی ئەمەیە: ''ژ بۆ تۆسنێ سەڤا من گرانبها. ب دل و جان. خودان (ئیمزە) ٢٧ تیرمەهێ ١٩٧٦س.''

[١]: وەک دەزانین، عەرەبی شەمۆ شێخ بوو، شێخی شێخوبەرکرا بوو. گەلێک پەند و قسەی نەستەق و دەربڕین و بەیت و بالۆرەیشی دەزانی. ئەوەی زانیبووی لە دووتوێی ڕۆمانە دیرۆکییەکەیدا «دمدم» بەکاری هێناوە – ت. ڕ.