چیرۆکی منەکەی تر - ماریۆ بێنێدێتی

لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر
لە چیرۆک 

کوڕێکی ئاسایی بوو؛ پانتۆڵەکەی پینەی پێوە بوو، چیرۆکی دەخوێندەوە، کاتی خواردن دەیمڵچاند، قامکى دە لووتی دەژەند، لە نیوەڕۆخەودا دەیپرخاند. لە ھەموو شتێکدا ئارماندۆی ئاسایی بوو، بەدەر لەوە منەکەی تری ھەبوو.
منەکەی تر تێڕوانینێکی تەواو شاعیرانەی ھەبوو، ئەڤینداری کچەئەکتەرەکان دەبوو، وریایانە ڕادەکشا، خۆرئاوابوونیش ھەستی دەبزواند. کوڕەکە زۆر پەرۆشی منەکەی تری بوو و وای لێ دەکرد لە بەردەم ھاوڕێکانیدا پەژارە دایبگرێت. لە لایەکی ترەوە، منەکەی تر، مێلانکۆلیای ھەبوو. سا لەبەر ئەوە، ئارماندۆ وەک ئەوەی ھیوای بۆ دەخواست، نەیدەتوانی زۆر ئاسایی بێت.
ئێوارەیەکیان، ئارماندۆی کەنەفت و شەکەت، لۆژەلۆژ گەڕایەوە ماڵەوە. پێڵاوەکەی داکەند، بەشێنەیی پەنجەی قاچی جووڵاند و ڕادیۆکەی داگیرساند. مۆسیقای مۆزارت لە ڕادیۆکەدا دەیچریکاند، کەچی خەو کوڕەکەی ھەڵفریواند. منەکەی تر کاتێک لە خەو ڕاپەڕی بەکوڵ گریا. یەکەم سات، کوڕەکە نەیدەزانی چی بکات، پاشان ژیر بووەوە و منەکەی تری بە جنێو داشۆرد. ئەو فزەی نەکرد، بەڵام بەیانیی دواتر، خۆی کوشت.
مردنی منەکەی تر سەرەتا ئارماندۆی داماوی زۆر تاساند، بەڵام یەکسەر بیری لەوە کردەوە ئێستا دەتوانێ ببێتە کەسێکی تەواو ئاسایی. ئەو بیرە ئاسوودەییی پێ بەخشی.
تەنێ پێنج ڕۆژ ماتەمین بوو. کاتێک بە مەبەستی فیزلێدان بە ئاساییبوونە نوێ و تەکووزەکەی، لە ماڵ ھاتە دەرێ، ھەر لە دوورەوە ھاوڕێیەکانی بینی لێی نێزیک دەبنەوە. بەوە گەشایەوە و دەستبەجێ لە قاقای پێکەنینی دا.
سەرباری ئەوەیش، کاتێک بە لایدا تێپەڕین، تێبینیی ئەویان نەکرد. سا لە ھەمووی خراپتر، کوڕەکە گوێی لە پەیڤەکانیان بوو: «ئای ئارماندۆی داماو. ئا بزانە پێشتر چەند بەھێز و لەشساغ دەردەکەوت.»
کوڕەکە بێجگە لە دامرکاندنەوەی پێکەنینەکەی، بژاردەیەکی تری نەما. جا لە ھەمان کاتیشدا، لە سەرەوەی کۆڵەکەی سنگیدا، ھەستی بە ھەناسەبڕانێک کرد کە فرە ھاوشێوەی نۆستالجیا بوو. بەڵام نەیدەتوانی ھەست بە مێلانکۆلیا بکات. چونکە منەکەی تر ھەموو مێلانکۆلیاکەی لەگەڵ خۆیدا بردبوو.

سەرچاوە:
El otro yo, La muerte y otras sorpresas, Mario Benedetti, 1968 – Alfaguara (traducido al kurdo por Jiyar Homer)

ماریۆ بێنێدێتی (Mario Benedetti): ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و هۆنەر و ڕۆژنامەوانی ئوروگوایی، ناوی تەواوی «ماریۆ ئۆرلاندۆ خاملێت خاردی برێنۆ بێنێدێتی فاڕووخیا»ـیە، ساڵی ١٩٢٠ لە شاری «پاسۆ دێ لۆس تۆرۆس»ـی «ئوروگوای» هاتووەتە دنیاوە، خاوەنی پتر لە ٨٠ پەڕتووکە و لە وێژەی «ئیسپانی» و «ئەمریکای لاتین»ـدا ناوێکی دیار و پرشنگدارە. لە بەرهەمە بەنێوبانگەکانی: «سوپاس بۆ ئاگر» و «کەشکۆڵی هەڵبەست» و «ئەڤین، ژن و ژیان» و «ئاگربەست» و «داهاتووی ڕابوردووم» و… هتد. ساڵی ٢٠٠٩، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا، لە شاری «مۆنتێڤیدێیۆ»ـی «ئوروگوای» کۆچی دواییی کردووە.

پەڕاوێزی وەرگێڕ:
١. El Otro Yo یان Alter Ego: منەکەی تر، منی تر، جووت‌کەسێتی، دووانەکەسێتی. چەمکێکی دەروونناسییە.
٢. تەکووز (Tekûz): کامڵ.