فیلمی پیاوێکی خەوتوو بە ژێرنووسی کوردی

ڕۆمانەفیلمی پیاوێکی خەوتوو

یەکەمین جار کەی بینیم؟ چوار ساڵ، دوو ساڵ، ساڵێک، سێ مانگ، مانگێک، حەفتەیەک یان ڕۆژێک لەمەوبەر؟ ھەمووی. هەر لە یەکەمین بینینیەوە، ویستی وەرگێڕانی لە دڵمدا گەڕا. پاش کورتەماوەیەک، قۆڵم لێ ھەڵماڵی و وەرمگێڕا؛ کەچی مخابن، بەر لە دواپێداچوونەوە و بڵاوکردنەوەی، ھاردەکەم سووتا و گەلێک بەرھەمی بەنرخی تێدا فەوتا، یەکێکیان ئەم فیلمە بوو. لەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا، دەیان جار، لە کات و سات و دۆخی جیاوازدا سەیرم کردووەتەوە، ژیلەمۆی وەرگێڕانی لە دڵمدا گەشاوەتەوە، لێ بوار و بڕستیم نەبووە. سا ئەم ماوەیەی پێشوو، ھەلێکم بۆ ڕەخسا و قۆستمەوە، توانیم سەرلەنوێ وەریبگێڕمەوە. وەرگێڕانی ئەم فیلمە، دەستکەوتێکی مەزنمە، ئاواتی لە مێژینەمە.
ژۆرژ پێرێک، نووسەر و دەرهێنەری فەڕەنسی، ساڵی ١٩٣٦ لە پاریس و لە ماڵباتێکی پۆڵەندی چاوی بە دنیا پشکوتووە. باوکی لە دووەم جەنگی جیهانیدا کوژراوە و دایکی لە هۆڵۆکۆستدا مردووە. دوای مردنی دایکی، ڕۆمانێکی نووسیوە کە هیچ پیتێکی «E»ـی تێدا بەکار نەهێناوە. یەکێک لە بەرهەمە پڕشنگدارەکانی، ڕۆمانی پیاوێکی خەوتووە. ساڵی ١٩٧٤، لەگەڵ بێرنارد کیسان ئەم فیلمەی بەرهەم هێناوە. ساڵی ١٩٨٢، لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا، بە شێرپەنجەی سی مردووە.

ئەمەیش ئێوە و یەکێک لە فیلمە دڵخوازەکانم بە ژێرنووسی کوردی: پیاوێکی خەوتوو.