ژمارە ٧ـی گۆڤاری ئیلیان بڵاو بووەوە

 ئیلیان یەکەمین گۆڤاری تایبەت بە وێژەی گێڕانەوە و بابەتی تیۆریی وێژەیییە. لەو سۆنگەیەوە، سەرتۆپی گۆڤاری وێژەیی بووە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هاوینی ساڵی ٢٠١٥، لە دووتوێی ١١٨ لاپەڕەدا، ژمارەی یەکەمی بڵاو بووەتەوە. لەو دەمەوە تا هاوینی ٢٠١٧، واتا لە ماوەی دوو ساڵدا، شەش ژمارە لە گۆڤارەکە و پەڕتووکێکی بڵاو کردووەتەوە. بە هۆی خراپیی دۆخی دارایی گۆڤارەکەوە، کە بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکە، خۆیان تێچووی چاپ و ئەرکی دیزاین و دابەشکردن لە ئەستۆ دەگرن، پاش بڵاوبوونەوەی ژمارەی شەشەم، گۆڤاری ئیلیان لە وەشاندن وەستا.

خۆشبەختانە، دوای پتر لە سێ ساڵ، وا دیسان ژمارەیەکی تری ئیلیان بڵاو دەبێتەوە، سا بە هەندێک بەرنامە و پلانی تازەوە، درێژە بە وەشانی ئیلیان دەدەینەوە. تێدەکۆشین پڕۆژەکەمان بۆ درێژمەودا بێت.

لەو شەش ژمارەیەدا، ئیلیان لە دوو ئاستدا کاری کردووە، وەرگێڕانی چیرۆک و بابەتی تیۆریی پەیوەست بە گێڕانەوە، هاوشان لەگەڵ گرینگیدان بە چیرۆک و چیرۆکنووسانی هەموو زارە کوردییەکان و گێڕانەوەی کوردی، کە ئەمەی دوایییان دەکرێت بکرێتە پڕۆژەیەکی تایبەت، یان هەر لەنێو ئیلیاندا جێگایەکی تایبەت و مەودایەکی فراوانی بۆ تەرخان بکرێت. گەر ژینگەی لەبار ھەبێت، مسۆگەر خەونی مەزنمان لە ھەگبەدایە.

لە گۆڤاری ئیلیاندا، تا ئێستا لە کۆمەڵێک زمانی گرنگی جیھانەوە بابەت وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، لەوانە: "ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانی، ئیتاڵی، ڕووسی، ئەڵمانی، عەرەبی، فارسی، تورکی." و نزیکەی ٤٠٠ چیرۆک وەرگێڕدراون. جگە لە وتار و ھەڵسەنگاندن و چاوپێکەوتن.

ئێستایش ژمارە حەوتی ئیلیان لە دووتوێی ٤٢٥ لاپەڕەدا و بە گورزێک چیرۆک و ھەڵسەنگاندن و چاوپێکەوتن و لێکۆڵێنەوە و ڕاڤەوە ئامادەیە و لە چاپخانە گەڕاوەتەوە، لەم چەند ڕۆژەدا لە کتێبخانەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەست دەبێت.

ئەم ژمارەیە، بە سەرپەرشتیی «سوورێن ئیبراھیم، ژیار ھۆمەر، ھەژار فەقێ سڵێمان، ئارام سەمین» و ۳٦ وەرگێڕ ئامادە کراوە.

ڕووبەرگی گۆڤارەکە بەرھەمی هونەرمەندی بەناوبانگی کورد «ڕۆستەم ئاغالە»ـیە و پشتبەرگیش کاری هونەرمەندی دەستڕەنگینی کورد «ئەحمەد نەبەز»ـە و دیزایینەریش «بەڵێن باقی»ـیە.

دەستەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری ئیلیان - ۲۰۲۱.

#ئیلیان_٧