زارەما دوای ٣ ساڵ دابڕان گەڕایەوە

 گۆڤاری زارەما لە گوڵانی ٢٠١٤ـدا دەستی بە وەشان کردووە. مەڵبەندەکەی لە ئامەدە. ناوەکەی لە کتێبی ئاڤێستاوە وەرگیراوە، بە ئاڤێستایی واتا: «بەهار، شینایی، گەشبوون» بە کرمانجکی: «دڵمان» بە کورمانجی: «منداڵەکانمان، زمانەکەمان»؛ چەشنی زمانەکەمان و خاوەنەکانی لە یەکترەوە دوورە، ڕەنگینە، فرەڕەهەندە، پڕواتایە، پارچەپارچەیە.
ئامانجی زارەما بووژانەوە و پاراوکردنی زمانی کوردییە لە لایەنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەخنەی وێژە و هونەرەوە؛ دەخوازێت وشیاریی ڕووناکبیریی کوردی بەرفراوانتر بکات، خۆی لە باڵادەستیی زمانی تورکی و سەرچاوەکانی دابماڵێت یان ببێتە پێگەیەکی شیاو بۆ ڕووناکبیرانی کورد.
ئامانجێکی تری زارەما ئەوەیە ببێتە پردێکی سنوورنەناس و پتەو لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا، ڕێی وتووێژی ڕووناکبیری لە نێوان پارچەکاندا واڵا بکات و پەرە بە کارلێکەکان بدات. بۆیە لە هەر ژمارەیەکیدا جێ بۆ نووسەرانی پارچەکانی تر و تاراوگە دادەنێت. وێڕای شێوەزاری کورمانجی، بەشێک بۆ کرمانجکی و سۆرانی لە گۆڤارەکەدا تەرخان دەکرێت.
دوای سێ ساڵ دابڕان، ئەمڕۆ ژمارە ١٤ـی گۆڤاری «زارەما (Zarema)؛ تایبەت بە ڕەخنە و تیۆریی وێژەیی» بە چەپکێک بابەتی بەپێزەوە لە ئامەد بڵاو بووەوە و وەشانخانەی ئاڤێستا لە ئەستەمبوڵ چاپی کردووە. من وەک بەرپرسی بەشی سۆرانی و وەرگێڕ بەشدار بووم، دوو بابەتیشمی تێدا بڵاو بووەتەوە:
١. ژ چیا بۆ گراڤێ، ژ تۆمیس بۆ مانوسێ / هاشم ئەحمەدزادە / لە سۆرانییەوە بۆ کورمانجی: ژیار هۆمەر & ئەحمەد بەڕۆژی
٢. گۆران و گەڕانەوە بۆ کێشی کوردی: گەڕانەوە بۆ کوردستان / سوورێن ئیبراهیم / تیپگۆڕین: ژیار هۆمەر