کوێرێک - خۆرخێ لویس بۆرخێس

 هۆنراوەی کوێرێک، خۆرخێ لویس بۆرخێس، گۆڤاری ئەنستیتووتی کورد لە کۆپنهاگن، دانیمارک.

کوێرێک

خۆرخێ لویس بۆرخێس 

و. لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر


نازانم چ ڕووخسارێک لێم دەڕوانێ،

کاتێک دەڕوانمە ڕووخساری ئاوێنەکە؛

نازانم چ پیرەپیاوێک کەوتووەتە بۆسەی وێنەدانەوەکەی،

بەوپەڕی ماتی و شەکەتییەوە.

کوێرەکوێر، لە ناو سێبەرەکەم، پەل دەکوتم،

هەڵوەدای هاوشێوە نادیارەکانمم.

برووسکەیەک بە بیلبیلەمدا هەڵدەچەقێ،

ئەگریجەتە؛ خۆڵەمێشییە یاخود هەر زەردە.

دەیڵێمەوە: من تەنیا ڕووکەشی بێبایەخی شتەکانم لە کیس چووە.

سا میڵتۆن بەهێزە و خەمڕەوێنمە،

بەڵام من بیر لە گوڵەباخ و پیتەکان دەکەمەوە.

دەهزرم گەر بمتوانیبایە ڕووخسارم ببینمەوە،

بەم ئێوارە نامۆیە دەمزانی من کێم.


سەرچاوە:

Un ciego, Jorge Luis Borges, Obra poética, 1923-1977, P: 451 (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)


ژیار هۆمەر (Jiyar Homer): وەرگێڕ و بیرازکەر. لەدایکبووی ١٩٩٦ـی سلێمانییە. توێژەرە لە ڕێکخراوی کەشکۆڵ سەر بە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی (AUIS). وەرگێڕانەکانی لە ئەمریکا، بەڕیتانیا، ئەرجەنتین، مەکسیک، کوردستان، تورکیا، ئێران، عێراق، ئەرمەنستان و ئەفغانستان بڵاو بووەتەوە، لەوانە گۆڤاری World Literature Today ،The Brooklyn Rail ،Buenos Aires Poetry ،Círculo de Poesía. بەرهەمی دەیان نووسەری ئەمریکای لاتینی بۆ کوردی وەرگێڕاوە. لەگەڵ د. ماری لابرۆس چیرۆکەکانی فەرهاد پیرباڵ بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و لەگەڵ دەیڤد شووک هۆنراوەکانی پیرباڵ بۆ ئیسپانی وەردەگێڕێت. سەرنووسەری گۆڤاری ئیلیان و بەرپرسی بەشی سۆرانیی گۆڤاری تەماشە (Temaşe) و زارەما (Zarema)ـی باکووری کوردستانە. ئەو کوردی و ئیسپانی و ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی دەزانێت و سەرقاڵی فێربوونی پۆرتوگالییە.