بارهەڵگرەکەی بەرلین - حەسەن بەلاسم

 | بارهەڵگرەکەی بەرلین

| حەسەن بەلاسم

| لە عەرەبییەوە: ژیار هۆمەر

| بڵاوکار: گۆڤاری ئیلیان و چیرۆک.نێت

ئەم چیرۆکە لە تاریکیدا قەوما. گەر بمتوانیبایە جارێکی دی بینووسمەوە، تەنێ قیژوهۆڕی تۆقین و دەنگە نەناسراوەکانی دیکەی کاتی کوشتارەکەم دەنووسییەوە. دەشێ بەشێکی بەرچاوی چیرۆکەکە بۆ پەخشی ئەزموونیی ڕادیۆ بەکار بهێندرێ. بە دڵنیایییەوە زۆرینەی خوێنەران بە چیرۆکێکی هەڵقوڵاوی خەیاڵدانی چیرۆکنووسی دادەنێن یانژی بە چیرۆکێکی ساکاری ترسناک پۆلێنی دەکەن. لێ بە پێویستی نازانم سوێندتان بۆ بخۆم تا بڕوا بە سەیروسەمەرەکانی دنیا بکەن. تەنێ پێویستە ئەم چیرۆکە، وەک پەڵەیەک گوو بە جلی خەوەوە یان پەڵەیەک چەشنی گوڵەکێویلە، بنووسمەوە.

هاوینی ساڵی ٢٠٠٠، لە چەقی ئەستەنبووڵ، لە باڕێکدا کارم دەکرد. لەوێ ئینگلیزییە شەقوشڕەکەم بەکەڵکم هات، چونکە ئاموشۆکەرانی باڕەکە گەشتیار بوون و زۆرینەیشیان ئەڵمانی بوون کە بە ئینگلیزییەکی گاڵتەجاڕانە دەدوان. من لە ترسی برسیەتی و دیكتاتۆر هەڵنەهاتبووم، بەڵكوو لە خۆم و لە دۆزەخی ساڵانی گەمارۆی ئابووری هەڵهاتبووم. لە دڕندەکانی تریش. لەو ساڵە دژوارانەدا، لە سۆنگەی هەژموونی پێداویستیی سادەوساکاری ڕۆژانەی مرۆڤەوە، ترس لە شتێكی نادیار و ناڕوون، بەرەو سەرەوە هەڵدەزنا و هەستی ئینتیمای شووناسی دە ناخی مرۆدا دەسڕییەوە. لەو ساڵانەدا، چونكە لەوە دەترسام لە برسان بمرم، دڵڕەقییەكی ئێجگار دزێو بەرۆكی گرتبووم. هەستم دەكرد خەریکە دەبم بە مشک!

لەو کارەدا زەڕوپارەم خڕ کردەوە و بە قاچاغچییەکی ئاژەڵخووم دا، تا لە ڕۆژهەڵاتی مرۆڤایەتییەوە بەرەو لەوەڕگاکانی ڕۆژئاوا بمپەڕێنێتەوە. ڕێگای هەڵهاتن بە گوێرەی نرخ دەگۆڕدرا؛ ڕێگای ئاسمانی بە پاسپۆڕتی ساختە هەبوو، بەڵام زۆری تێ دەچوو. ڕێگای دارستان و ئاویییش هەبوو کە هەرزانتر بوو. من بیرم لە ڕێگای ئاویی و بارهەڵگر دەکردەوە. سەرەڕای دڵەڕاوکێ لە هەمبەر ئەو دەنگۆیانەی دەگوترا پۆلیس ئامێری پێوەری دوانەئۆکسیدی کاربۆنی لە بارهەڵگرەکاندا داناوە، تاکوو ئەوانەی خۆیان تێدا حەشار داوە، بدۆزێتەوە. بەڵام هەبوونی ئامێرێكی لەو چەشنە، لە بیرۆكەی بارهەڵگرەكە ساردی نەكردمەوە، بەڵکو چیرۆکی عەلی ئەفغانی و کۆکوژیی بارهەڵگرەکەی بەرلین پاشگەزی کردمەوە. چیرۆکی ئەفغانییەکە مشتێکە لە خەرواری چیرۆکەکانی کۆچ. ماوەی دە ساڵی ڕەبەق بە نایاسایی لە ئەستەنبووڵ ژیا. سا بۆ دەرهێنانەوەی خەرجیی سۆزانییە ڕووسەکان و بەرتیل بە پۆلیس دان، سەرقاڵی فرتوفێڵ و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر بوو. لەبەر ئەوەی بڕوام بە چیرۆکی بارهەڵگرەکەی بەرلین دەکرد، هەندێک کەس گاڵتەیان پێ دەکردم. ڕاستییەکەی بۆ بڕواکردن بەم جۆرە چیرۆکانە چەند بیانوویەکم پێیە. بە لامەوە جیهان زۆر هەڵپرژاو و قۆڕ و نامرۆڤانەیە، تەنێ بیانوویەکی بچووکیشی گەرەکە تا چەپەڵی و قێزەونییەکانی خۆی بنوێنێ. بێگومان ئێوە چیرۆکی دڵتەزێنی کۆچی هاوشێوەی ئەم کۆچەتان بیستووە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەر لە هەموو شتێک تیشک دەخەنە سەر خنکانی کۆچبەران. نوقمبوونی بەکۆمەڵی لەم چەشنە دیمەنێکی سینەماییی خۆشە و هێندەی تایتانیک هەواداری هەیە. هەر بۆ وێنە، دەزگاکانی ڕاگەیاندن چیرۆکی کۆمێدیای ڕەش و هاوشێوەکانی ناگوازنەوە، یانیش هەواڵی سوپای ئەورووپییە دیموکراتەکان ناگوازنەوە کە کاتێک لە دارستانێکی زەبەلاحدا شەو دادێ، کۆمەڵێک مرۆڤی تۆقیو و خوساو بە باران و برسیەتی و ڕەهێڵە و سەرما، قۆڵبەست دەکەن. سا بەم دوو چاوەی خۆم بینیم کە سەربازێن بولگاری چۆناوچۆن لاوێکی پاکستانییان تێڵاتڕێن کرد تاکوو بورایەوە. پاشان داوایان لێ کردین لەو سەرماوسۆڵەیەوە بەرەو ڕووبارێکی نیمچەبەستەڵەک خلۆر ببینەوە. ئەمە بەر لەوەی ڕادەستی سوپای تورکیا بکرێینەوە.

بە گوێرەی گێڕانەوەی عەلی ئەفغانی، ئەوان سیوپێنج لاوی ئێراقی بوون. کۆمەڵێک لاوی خەیاڵپڵاو لەگەڵ قاچاغچییە تورکەکەدا ڕێک کەوتبوون کە لە ئەستەنبووڵەوە تا بەرلین، بە بارهەڵگری داخراوی تایبەت بە میوەى قوتوونراو، بیانگوازێتەوە. ڕێککەوتنەکە بەم شێوازە بوو؛ هەریەکێکیان چوار هەزار دۆلار بدا و ڕێگەکە ئەوپەڕی حەوت ڕۆژ بخایەنێ. بارهەڵگرەکەیش بە شەودا دەربچێ و بە ڕۆژدا لە شارۆچکەکانی سەرسنوور بوەستێ. ئەوەی دەیهەوێ پیسایی ڕۆ بکا دەبێ لە ڕۆژدا بیکا، میزکردنیش بە شەوان لە بارهەڵگرەکەدا ڕێپێدراوە، بە مەرجێک لە دەبەئاوی بەتاڵدا بکرێ. هەڵگرتنی مۆبایل قەدەغە بوو. دەبوو هەمووان هێمنیی بپارێزن، لە خاڵی پشکنین و ترافیکدا هەناسە لە خۆیان ببڕن و قڕەقڕ نەکەن. شتێک هەموو سەرنشینانی بارهەڵگرەکەی بەرلینی ڕاڕا کردبوو، ئەویش چیرۆکێک بوو وا چەند ڕۆژێک لەوەوبەر ڕۆژنامەکانی تورکیا سەبارەت بەو ئەفغانییانە بڵاویان کردبووەوە کە پارەیەکی زۆریان بە قاچاغچییەکی ئێرانی دابوو تا یۆنان بیانبا؛ بارهەڵگرەکە بە درێژاییی شەو ڕێ دەکا. پێش خۆرکەوتن ڕادەوەستێ، قاچاغچییەکە پێیان دەڵێ وردەوردە داببەزن، ئەوان وایان دەزانی گەیشتوونەتە شارێکی سنووری یۆنان. ئەفغانییەکان بەدەم دابەزینەوە باوەش بە جانتاکانیاندا دەکەن و هەست بە تێکەڵەیەکی خۆشی و ترس دەکەن، لە بن دارێکی زەبەلاحدا ڕۆدەنیشن. قاچاغچییەکە پێیان دەڵێ ئێرە گچکەدارستانێکی یۆنانە، ئەوەی لەسەرتانە تا بەیانی چاوەنواڕ بن، کاتێک پۆلیسی یۆنانی دەگا، دەستبەجێ داوای مافی پەنابەری بکەن. بەیانییەکەی، ڕۆژنامە وێنەی ئەفغانییەکانی بڵاو کردەوە کە لە باخچەیەکی چەقی ئەستەنبووڵ دانیشتوون. بارهەڵگرەکە بە درێژاییی شەو بە شەقامەکانی ئەستەنبووڵدا سووڕاوەتەوە و تەنانەت سنووری شارەکەیشی نەبەزاندووە. چەشنی هەموو چیرۆکە گیرفانبڕییەکان، قاچاغچی و بارهەڵگرەکە ون دەبن و ئەفغانییەکان لە گرتووخانەی سنوورداشی کۆچبەران دەئاخنێرن.

بەڵام ئەوانەی بارهەڵگرەکەی بەرلین جگە لە گرتنەبەری ڕێی هات و نەهات، بژاردەیەکی تریان نەبوو. لە چیرۆکی گیرفانبڕی دەترسان، واتا لە ئیفلیجی و هیوابڕان و گەڕانەوە بۆ وڵاتێک کە برسیەتی و زۆرداری تا بینەقاقای هاتووە. بڕوایان بە ئابڕووی قاچاغچییە بەنێوبانگەکە هەبوو. دەگوترا باشترین و سەرڕاستترین قاچاغچیی تورکیایە. لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی کەسی هەڵنەخەڵەتاندووە. پیاوێکە بە دینەکەیەوە پابەندە، سێ جاران حەجی کردووە، بۆیە بە حاجی براییم ناسراوە.

شەوێ، پاش دابینکردنی دەبەئاو و خواردەمەنی، بارهەڵگرەکەی حاجی براییم لە ئەستەنبووڵ دەرچوو. نێو بارهەڵگرەکە زۆر ئەنگوستەچاو و گەرم داهاتبوو، هەوایش لە سمەسا نادیارەکانەوە دزەی دەکردە ژوورەوە. ترسی نەمانی ئۆکسجین هەبوو، سا بۆیە لاوەکان وەک ئەوەی لە ڕووبارێکدا ژێرەمەلە بکەن خێراخێرا هەناسەیان هەڵدەکێشا. پاش پێنج کاتژمێر لە دەرچوونی بارهەڵگرەکە، لەو تاریکییەدا تا ڕادەی خنکان؛ بۆنی ئارەقەی لەش و بۆگەنی گۆرەویی و ئەو خواردنەی هەڵیان دەلووشی، دەهات. یەکەم شەو بە خێر و خۆشی تێپەڕی. بەرەبەیان بارهەڵگرەکە لە گەراجی گوندێکی سەر سنوور ڕاوەستا، دەرگای پاشەوەی کرایەوە، سەرنشینەکان هێشتا هەناسەیان دەدا و کڵپەی هیوا لە سنگیانەوە بڵێسەی دەسەند. جێگەی گەراجەکە جاران گەوڕ بووە و ئێستاکانێ دوو لاو چاودێرین. سەرنشینەکان تەنانەت بۆیان نەبوو لە بارهەڵگرەکەوە بۆ نێو گەوڕەکە داببەزن و بپرسن داخۆ ئەم گوندە لە چ شارێکە یاخود لە چ وڵاتێکە. چاودێرێکیان، سەرنشینەکانی یەک-یەک بۆ سەرئاوێکی تەنگەبەر و فرە پیس و پۆخڵ کە لە قوژبنێکی گەوڕەکەدا بوو، برد. ئەوەی تریشیان ئاو و خواردنی بۆ کڕین و پاشنیوەڕۆ گەڕایەوە.

دووەم شەو ترۆمبێلێکی مارسیدس، بۆ دڵنیاییی ڕێگاوبان و زانیاریدان بە لێخوڕی بارهەڵگرەکەی بەرلین، بە مەودایەکی زۆر دوور لە پێش بارهەڵگرەکەوە دەڕۆیشت. بارهەڵگرەکەی بەرلین دووەم شەویشی بە خێر بەڕێ کرد و تەنێ سێ‌ جاری کەم‌خایەن لای دا. نیوەڕۆی ئەم جارەیان، بەرەو گەراجێکی پانوبەرینتر کە بارهەڵگری تریشی لێ بوو، چوو. هەر زۆر بە سانایی ژاوەژاوی شار دەبیسترا.

سێیەم شەو، بۆ دڵنیاییی ڕێ، جێپێکی سەربازی لە پێش بارهەڵگرەکەوە دەڕۆیشت. ئەمجارەیان بارهەڵگرەکەی بەرلین تەنێ پێنج کاتژمێر ڕێی کرد، کوتوپڕ وەستا و خولێکی دا و بە خێرایییەکی شێتانە کشایەوە، لاوەکان لە تاریکاییی بارهەڵگرەکەدا زەندەقیان چوو و بە لێخوڕینە شێتانەیەکەیدا هەستیان بە شڵەژاوییی لێخوڕی بارهەڵگرەکە کرد. ترسیان لێ نیشت و هەندێکیان بە ویرەویر دوعا و قورئانیان دەخوێند. کوڕێکی منداڵکار بە دەنگێکی نەختێک بەرز ئایەتەلکورسیی دەخوێند، دەنگە خۆشەکەی سەرنشینەکانی خستە گریان. سەرلەنوێ بارهەڵگرەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک بە هەمان خێرایی بەڕێ کەوتەوە و دیسان ڕاوەستا. دوای چارەکێک بە خێرایییەکی مامناوەند وەڕێ کەوتەوە، بەڵام ڕەوتی بارهەڵگرەکە بەو ئاڕاستەیەدا لاوەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد؛ هەندێکیان دەیانگوت بارهەڵگرەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون و هەندێکیان پێیان وا بوو تا دواپشوو بەردەوام دەبێ و کۆڵ نادا. پێیشیان وا بوو قاچاغچییەکە بە تەلەفۆن ڕێنوێنیی لێخوڕەکە دەکا و مەترسیی پۆلیسی پێ ڕادەگەیەنێ. هەستیان بەوە کرد بارهەڵگرەکە بۆ سەر جادەیەکى پێچەڵپێچی خۆڵ لای داوە. لەپڕ بارهەڵگرەکە ڕاوەستا و لێخوڕەکە بزوێنەری ترۆمبێلکەی کوژاندەوە و بێدەنگییەکی سامناک باڵی بەسەر بارهەڵگرەکەی بەرلیندا کێشا. بێدەنگییەکی تۆقێنەر کە گێڕانەوەی بڕوا ناکرێ.

سیوپێنج لاوەکە بۆ ماوەی پتر لە سێ کاتژمێر لە تاریکاییی بارهەڵگرەکەدا چاوەنواڕ بوون. سەبارەت بەوەی ڕووی دەدا سرتە و چرپەیان بوو. هەندێکیان دەیانویست لە سمەساکانی نزیکی دەرگای پاشەوەی بارهەڵگرەکەوە بزانن داخۆ چ باسە. کاتژمێرەدەستییەکانیان کاتژمێر حەوت و دە خولەکی بەیانیی ڕاگەیاند. کاتی پڕکردنەوەی دەبەئاوەکان بوو، هێشتا خواردەمەنیی پێویستیشی لێ مابوو، بەڵام ئاو لە چاوترووکاندنێکدا نەدەما. دەبوو گوویش بکەن، ئیدی ئاوها سکاڵا و پرتەوبۆڵە سەری هەڵدا. هەندێکیان شەقیان لە بارهەڵگرەکە دەدا و هاواریان لە دەرەوە دەکرد. سێ لاو ناڕەزایییان دەربڕی و داوایان لەوانی دی کرد بسرەوێن. بۆنی دار و درەخت، هەوا شێدار و بارگاوییەکەی تەنیبوو. چەلەحانێی ئەوەیان بوو داخۆ دەنگەکە لە کوێڕا دێ. هەندێکیان ئەوانى تریان وەک تارمایییەک دەبینی. دەمی نیوەڕۆ، هەموویان پەلیان بە پلێتی پاشەوەی بارهەڵگرەکە دەکێشا و قیڕوهووڕی ڕزگاربوونیان بوو. هەندێکیان گوویان لە دەڵقی خواردنەکەدا کردبوو. بۆگەنێکی قێزەون و وڕکەر نێو بارهەڵگرەکەی تەنیبوو، وەک چەند چینێک بەرد کەڵەکە ببوو. هەناسەدانی لاوەکانیش مینا دێوەزمەیەک لە تاریکاییدا هەناسەبڕکێی بێ، تێک هاڵابوو. بۆن و ترس مێشکی هەموویانی کاس کردبوو. لەو تاریکاییەدا شەڕ و ململانێ سەری هەڵدا، پاشان پتر تەشەنەی سەند. پاش کاتژمێرێک دۆخەکە هێور بوویەوە. تینوویەتی سرەوتی بۆ نێو بارهەڵگرەکە گەڕاندەوە. دانیشتن و بە دەنگێکی نزم چەشنی زیکەی هەنگ بە پستەپست دەدوان. جاروبار یەکێکیان جنێوی دەدا و بە پێلەقە و مست، بارهەڵگرەکەی دەکوتا. زۆرینەی لاوەکان هەوڵی شاردنەوەی ئەو ئاو و خواردنەیان دەدا کە لە جانتاکانیاندا مابووەوە.

سەرەڕای تاریکی و نووتەکی، سەر لە قاچ جوێ نەدەکرایەوە و نەدەزاندرا چی ڕوو دەدا: ئەموئەو کاری وایان دەنواند کە دۆخەکە نەیدەخواست. یەکێک قەیتانی پێڵاوەکەی توند دەکردەوە. یەکێک کاتژمێرەدەستییەکەی دەترازند و لە گیرفانی دەئاخنی. یەکێک لەو تاریکاییەدا کراسەکەی دەگۆڕی. بیر و خەیاڵی مرۆڤی ئاوهایە، لە ساتی وەهادا، وەک زەنگی ئاگادارکەرەوە و حەبی هورووژێنەری لێ دێ.

نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر، هاتوهەرایەکی ئێجگار زۆر دەهات. تازەلاوەکان ئەوانەی هێشتا بڕستیان بە بەرەوە مابوو، دەیانویست باوەش بۆ ژیان بکەنەوە و دەرگای بارهەڵگرەکە بشکێنن. ئەوانی دییش لە قیژوهۆڕ و پێداکێشانی بارهەڵگرەکە بەردەوام بوون. یەکێکیان بۆ قومێک ئاو دەلاڵایەوە. دەنگی تڕ و نزا و قورئانخوێندن تا کەشکەڵانی فەلەک دەڕۆییشت. هەندێکیشیان ئەژنۆی خەمیان لە باوەش گرتبوو و وەک نەخۆشێکی‌ لەجێداکەوتووی کەنەفت و زەبوون بیریان لە ژیان دەکردەوە. بەڵام بۆنی تڕ و تسەکە هێندە پیس بوو کە دەیتوانی پتر لە پۆلێک باڵندە مردار بکاتەوە. ئەمن هەنووکە سەبارەت بەو دەنگ و بۆنانەی لەو گەشتەدا دەهاتن و دەچوون، نانووسم. بەڵکوو لەبارەی ئەو قیژوهۆڕە ترسناکانەی وا بڵاو دەبوونەوە، دەنووسم. لەوە دەچوو هێزێکی نادیار بارهەڵگرەکەی خستبێتە هەلەکەسەما. بێدەنگییەکی چڕ و لینج بواری دەدا ترپەی دڵی سەرنشینەکان ببیسترێ، قیژەکان لە ئەشکەوتێکی لێوانلێو لە نهێنییەوە دەهاتن. پاش بیستنی هاوارەکان، دەیانویست سەرچاوەی ئەو دەنگە نامرۆیی و نائاژەڵییە بدۆزنەوە کە ئاوها بێدەنگیی بارهەڵگرەکەی شڵەقاند.

بارهەڵگرەکە بە شێوەیەکی تۆقێنەر دەلەرییەوە، هەمدیسان قیژەقیژ و ترس سەری هەڵدایەوە. مینا کەڵەپشکۆیەک لەسەر زاری مرۆڤ بێ، دەینواند. بەڵێ، ئەم جارەیان بە شێوەیەک ئاهوناڵە دەهات وەک بڵێی گڕکانێک تەقیوەتەوە. هاتوهەرای دڵڕەقانەى مرۆڤ و ئاژەڵ و دێوەزمەی چیرۆکە خەیاڵییەکان تێک هاڵابوون و هەموویان وێکڕا ئاوازێکی دۆزەخیی هاوبەشیان پێک ‌هێنابوو.

پاش چوار ڕۆژ، پۆلیسی سڕبیا، لە شارۆچکەیەکی سەرسنووری پڕ لە جەنگەڵ و دارستانی چڕ، بارهەڵگرەکەی دۆزییەوە. بارهەڵگرەکە لە کێڵگەیەکی چۆڵکراوی بەخێوکردنی پەلەوەردا بوو. ئەوەی بەسەر قاچاغچییەکاندا هات، گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. ئەم چیرۆکانە هەموویان هاوشێوەن. ڕەنگە قاچاغچییەکان ئاگاداری چاودێری و جموجووڵی پۆلیس بووبێتن، لێ لەوانەیە ویستبێتیان بۆ چەند ڕۆژێک خۆیان بشارنەوە، یانژی لەبەر هۆی دی کە پەیوەندیی بە گێرمەوکێشەی مافیاکانی قاچاخ لەبەر پارەوزەڕ، هەیە.

هەنگینێ پۆلیس دەرگای پشتەوەی بارهەڵگرەکەیان کردەوە، لاوێکی سەراپا خوێناوڵ لە بارهەڵگرەکەوە بازی دا و چەشنی شێت بەرەو دارستانەکەی فرتەی کرد. پۆلیس شوێنی کەوت. لێ لەو دارستانە زەبەلاحەدا بزر بوو. سیوچوار تەرم لە بارهەڵگرەکەدا کەوتبوون کە چەقۆ و چەکی دی هەنجن‌-هەنجنی نەکردبوون، بەڵکو لاشەگەلێک بوون کە چڕنووک و دەندووکی هەڵۆ و کەڵبەی تیمساح و کەرەستەی تری نادیار وەها شیتاڵی کردبوون. بارهەڵگرەکە کەیلانی گوواو و میز و خوێن و چەند جەرگێکی ونجڕونجڕ و ڕیزێک چاوی دەرپۆقیو و ڕیخۆڵە بوو، وەک بڵێی بەر چنگی گەلەگورکێکی برسی کەوتبێتن، سیوچوار لاو بوون و بە دەردی هەویرێکی پانکەڵەی ئاوێتەی گۆشت و خوێن و گوواو چووبوون!

یانکۆڤیچ، پیرەپۆلیسێکی سڕبی، کەس بڕوای بە چیرۆکەکەی نەکرد، بگرە هەمووان گاڵتەیان پێ دەکرد. ئەوانەیشی لەوێ لەگەڵی بوون، گەواهیی قسەکانی ئەویان نەدەدا. لێ گەواهیی لاوە خوێناوڵەکەیان دەدا کە بەرەو دارستانەکە هەڵهات. ڕۆژنامەکانی سڕبیا لە هۆکاری دیارنەمانی لاوەکەیان دەکۆڵییەوە، بەڵام بە گوێرەی گوتەی پۆلیس سنووری بەزاندووە و بەرەو هەنگاریا ڕۆییوە.

یانکۆڤیچ لەگەڵ ژنەکەی لە نێو پێخەفدا پاڵکەوتوون و لە ساپیتەکە هەڵدەڕوانێ، پێی دەڵێ: ”کچێ ئافرەت شێت نەبووم نە… خۆ هەزار جار بۆم گێڕایتەوە… کوڕەکە هەر کە گەیشتە دارستانەکە کەوتە سەر چوارپەل و بوو بە گورگێکی خۆڵەمێشی، جا ئیدی لە دارستانەکەدا دیار نەما…”


ژێدەر:

شاحنة برلین / حسن بلاسم / www.iraqstory.com


تێبینی: ئەم وەرگێڕانە لە ژمارە ٧ـی گۆڤاری ئیلیان بڵاو بووەتەوە.