زاهید بارخودا: «تەنانەت مردنیش دەمرێت!»


بێ ئەوەی بمەوێ، بێ ئەوەی بزانم، سێ مانگە کەسێکی دی ھاتووە، لە ناو مندا نیشتەجێ بوو. بووە بە من. ڕۆژێکیان، بەرەبەیان، کە لە خەو ڕاچڵەکیم بینیم ئیدی هیچ‌شتێک بە ژیان و ژوور و جلوبەرگ و تەنانەت خێزانەکەیشمەوە نامبەستێتەوە. ھیچم بیر نەدەکەوتەوە. ژینگەکە شیاوی ئەو کەسایەتییە تازەیەم نەبوو. ھەمووشتێک دەیئێشاندم؛ بە تایبەت بێداری. ڕۆژ ببووە دێوەزمەم. ھەر دەتگوت مردووم و لە بەرزەخی هەزارەیەکی لاچەپەکدا بەوپەڕی سەرگەردانییەوە بۆ ڕێگەیەک دەگەڕێم. ببوومە جلێکی فش لە لەشێکی شینگێڕدا. هەموو ڕۆژێک شینم دەگێڕا، بەبێ ئەسرین، لەبەر بارودۆخێک کە بارودۆخی من نەبوو. مردنم دەویست بەڵام دوورەدەست بوو. بە هەموو زمانێک بانگم دەکرد و دەمویست. پەیڤەکانم بیر نەدەکەوتەوە. دەمبینین، هەستم پێ دەکردن، دوورەپەرێزیان لێ دەگرتم. سا ئەوەی لە ناو مندا و لە جیاتیی من بارگەوبنەی دانابوو، بێگاریی بە دنیای نووسراو دەکرد. چ سوێیەکە، چ ژانێکە. نەخۆشینێکی ڕاگوێزراوی کەسێکی دی بەربینگی گرتبووم. وەک چۆن ئێستا بوومەتە ڕاگوێزراوی زمانی فارسی. ئەمجارە منی نەدەویست. بە هەڵەدا چووبووم. کتێبم لە بەرچاو کەوتبوو. لە هەر شوێنێک کتێبم ببینیایە، وەک ئەوەی تازە لە خەو ڕاچڵەکیبم، خڵتەی هەموو شکست و پەژارەی دنیا لە ناخمدا دەنیشت. بە سەرمدا دەڕما، بە سەر ژیانە بابردەڵەکەمدا. تا ڕۆژێکیان، لەتاو قولوقاچی سست و پەککەوتووم، خۆم گەیاندە دوکانی هاوڕێیەکم. هەر کە بینیمی گوتی دەیەوێ شتێک بڵێ بەراوەژووی ویستی من بێت: ژاکاویت. دەمزانی و دەیزانی «بەزەییی کیمیایی»ـم* پێویستە و لێم بڕاوە. زەردەپەڕی ڕۆژی دواتر لە نۆڕینگەی پزیشکی دەروونی دانیشتبووم. سەیر و سەمەرە بوو، حەبەکان دوای دوو حەفتە بە هانای ڕۆحە لێقەوماوەکەمەوە هاتن.

ئەمڕۆ دوای سێ مانگ کە لە خەو ڕابووم، هەستم کرد ئەوەی هاتبووە ناومەوە، سەری خۆی هەڵگرتووە. گەڕابوومەوە ناو خۆم. بینیم ئەوەی لە چەرچەفەکەوە دەرچووە دەستمە؛ درێژ بووە تا نزیکترین کتێب هەڵبگرێت. هەڵیشیگرت. خوێندییشیەوە: «تەنانەت مردنیش دەمرێت!»

زاهید بارخودا (زاهد بارخدا)

*بەزەییی کیمیایی: حەبی خەو.