دوو بەژن | ئۆکتاڤیۆ پاز

| دوو بەژن
| ئۆکتاڤیۆ پاز
| و. لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

دوو بەژنی ئاوێزان
دەماودەم دوو شەپۆلن
شەویش زەریایە.

دوو بەژنی ئاوێزان
دەماودەم دوو بەردن
شەویش سارایە.

دوو بەژنی ئاوێزان
دەماودەم بنجن
بە شەودا داکوتراون.

دوو بەژنی ئاوێزان
دەماودەم تیغن
شەویش برووسکەیە.

دوو بەژنی ئاوێزان
دوو ئەستێرەن دەکشێن
لە بۆشاییی ئاسمان.

سەرچاوە:

Dos cuerpos, Octavio Paz, Obra poética, Volume 1, Círculo de Lectores, 1997 (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)

ئۆکتاڤیۆ پاز (Octavio Paz): شاعیر و وتارنووس و چیرۆکنووس و سیاسەتمەداری مەکسیکی. ساڵی ١٩١٤ لە شاری مەکسیک چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی سەدەی بیست و ئەمریکای لاتین دادەنرێت. ساڵی ١٩٨١ خەڵاتی سێرڤانتێس و ساڵی ١٩٩٠ خەڵاتی نۆبێڵی وێژەی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٨ بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە مەکسیک کۆچی دواییی کردووە.