وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت

| وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت

| نووسەر: تۆسنی ڕەشید

| لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر

| بابەت: توێژینەوە (٣٤ لاپەڕە)

| بڵاوکار: ژنەفتن، ٢٠٢٢ 

ئەم وتارە هەڵسەنگاندنی وێژەی کوردانی سۆڤێتە، بە چاپکردنی ڕۆژنامەی ڕیا تەزە لە یەریڤانی ئەرمەنستان لە ساڵی ١٩٣٠ دەست پێ دەکات و تا هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤێت لە ساڵی ١٩٩١ دەخایەنێت.

وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بەشێکی گرنگی وێژەی کوردییە. شاعیر و لێکۆڵەر فەرهاد شاکەلی لەمەڕ ئەو وێژەیەوە دەنووسێت: “ئەدەبیاتی کوردیی سۆڤێتی جاران بەشێکی خۆشەویست و گرنگی ئەدەبیاتی کوردییە و دەبێ بیناسین و لە چوارچێوەی سامانی نەتەوایەتیماندا جێگەی بدرێتێ و توێژینەوەی لەسەر بکرێت.”

ئەم وتارە گرنگیی خۆی هەیە، چونکە ئەو لێکۆڵینەوانەی لە یەکیەتیی سۆڤێت لەسەر ئەم مژارە بڵاو بوونەتەوە، بە گشتی سەرنجیان لەسەر مێژووی ئەو وێژەیە چڕ کردووەتەوە، بە چاوێکی ڕەخنەییەوە لێیان نەڕوانیوە. ئەگەر هەندێک دەستکەوتیشیان دەستنیشان کردبێت، بە گشتی کەموکورتییەکەیان بە زاردا نەهاتووە. لە لایەکی ترەوە، دوایین لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم مژارە ساڵی ١٩٧٠ بڵاو بووەتەوە. گەرچی لێکۆڵینەوەکان هەر لە یەکیەتیی سۆڤێت بڵاو بوونەتەوە، زۆربەیان وێژەی ساڵانی ١٩٣٠-١٩٤٠ دەگرێتەوە، کاتێک ئەو وێژەیە هێشتا تەواو نەخەمڵاوە.

چەند وتارێک لە پارچەکانی کوردستان بڵاو بوونەتەوە، بە دەستمان گەیشتووە؛ زۆر لێی ورد نەبوونەتەوە، هەر سەرپێی هەڵیانسەنگاندووە. لەم بارەیەوە فەرهاد شاکەلی دەنووسێت: “ئەگەرچی تا ئێستا گەلێ لێکۆڵینەوە لە بارەی مێژووی سیاسیی ئەو بەشەی نەتەوەی کوردەوە نووسراوە، بەڵام ئەو ئەدەبە کوردییە لەو بەشەی نیشتمانەکەماندا نووسراوە، بە تەواویی لە تاریکیدا ماوەتەوە و کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان ئاگادارییەکی یەکجار کەمیان لەبارەیەوە هەیە.”

ئێمە لەم وتارەدا دیرۆکی پێشخستنی وێژەی کوردەکەمان لە یەکیەتیی سۆڤێتدا بەسەر سێ قۆناغدا دابەش کردووە. قۆناغی یەکەم؛ کاتێک خوێندنگای کوردی لە گوندە کوردییەکان کراوەتەوە، دەست بە چاپکردنی ڕۆژنامەی ڕیا تەزە (Rîya Teze) کراوە، ئەو حکومەتە کۆمارییانەی کوردی لێ بووە پشتگیری زمان و چاند و وێژەی کوردییان کردووە. ئەم قۆناغە تا ساڵی ١٩٣٨ـی خایاندووە. قۆناغی دووەم؛ لە ساڵی ١٩٣٨ـەوە تا دوای مردنی ستالین، تا ساڵی ١٩٥٥ـی خایاندووە، کاتێک چاند و وێژەی کوردی لە سەرانسەری یەکیەتیی سۆڤێت دەتگوت خۆڵی مردووی بە سەردا کراوە. قۆناغی سێیەم؛ لە ساڵی ١٩٥٥ـەوە وێژەی کوردی دەکەوێتە قۆناغی بووژانەوەوە، ناوی نوێ و شێوازی نوێی نووسین هاتووەتە ئاراوە، خۆی لە بانگەشەی سیاسی و کاریگەریی وێژەی دەرودراوسێ ڕزگار کردووە، بەرەو پیری وێژەی گشتیی کوردی چووە.

درێژەی ئەم توێژینەوەیە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.