ساڵی ١٩٨٢، ئەو کاتەی خوان خێلمەن ئاوارەی پاریس بووە، هەوڵی داوە بە پاسپۆرتێکی ساختە بگەڕێتەوە ئەرجەنتین تا بۆ دواجار چاوی بە دایکی بکەوێت، بەڵام فریا ناکەوێت. خێلمەن سێ نامەی بە دەست دەگات: یەکەمیان، خەسووی پێی دەڵێت سەری لە دایکی داوە و ئەوی قنجوقیت بینیوە. دووەمیان، خوشکەکەی پێی ڕادەگەیەنێت دایکی بە یەکجاری چاوی لێک ناوە و دواکۆچی کردووە. سێیەمیان، نامەی دایکی بووە و تێیدا ئاماژەی بە بیرەوەریی دوورەدەست داوە. خێلمەن تەواو ئۆقرەی لەبەر دەبڕێت و ئەم شیعرە درێژە دەهۆنێتەوە، دەیخاتە سندووقێکەوە و لە بیری دەچێتەوە. سێ ساڵ دوای ئەوە بە هەڵکەوت دەیدۆزێتەوە و دایدەڕێژێتەوە.
خوان خێلمەن (١٩٣٠-٢٠١٤) شاعیرێکی مەزنی ئەرجەنتینییە. هەر لە منداڵییەوە، دەستی بە نووسین کردووە. هەروەها ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕ و ئەندامی ڕێکخراوە پارتیزانییەکان بووە. ساڵی ١٩٧٦، بەهۆی دیکتاتۆرەوە دەربەدەر بووە و تەنانەت حکوومەتی ئەرجەنتین سزای مەرگی دەرکردووە. هەر بۆیە، هەتا ساڵی ١٩٨٨ نەیتوانیوە جارێکی تر پێ بخاتە ئەرجەنتینەوە، ئەویش ئەو کاتەی نیشتەجێی مەکسیک بووە. ڕفاندن و بێسەروشوێنبوونی منداڵەکانی و گەڕانی بەردەوامی بە دوای نەوەیەکیدا لە ژیان و بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. پاش خۆرخێ لویس بۆرخێس و ئێرنێستۆ ساباتۆ و ئەدۆڵفۆ بیۆی کاسارێس، چوارەمین نووسەری ئەرجەنتینییە خەڵاتی پڕبایەختی میگێل دێ سێرڤانتێسی وەرگرتووە. یەکێک لە شاعیرە هەرە گرنگەکانی هاوچەرخی زمانی ئیسپانییە. کاتێک مردووە، سەرۆکی ئەرجەنتین سێ ڕۆژ ماتەمینیی لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕاگەیاندووە.
ساڵی ٢٠٢٢، دایکمم بە دەستی خۆم ناشت بەڵام لەناو وشە بە وشەی ئەم بەرهەمە و هەموو وەرگێڕانێکمدا زیندووە. پاش ماوەیەک، خوان خێلمەنم ناسی، ئەویش لە ڕێی ئەم شیعرەیەوە. هاوڕێی ئازیز «موحسین عیمادی» ئەم دەقەی بۆ فارسی وەرگێڕاوە و بە دەنگە پڕسۆزەکەی تۆماری کردووە. بۆی ناردم و دەیان جار گوێم لێ گرتەوە. دواتر برای شیرینم «شووک» لە کتێبفرۆشییەکی دەستی دووی مەکسیک نوسخەیەکی دەقە ئیسپانییەکەی ئەم بەرهەمەی بە واژووی نووسەرەوە دەست کەوتبوو و «د. ماری لابرۆس» ئەو دیارییە پڕبایەخەی بۆ هێنام. دڵنیا نیم چەند جار هەوڵی وەرگێڕانیم داوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بڕست و شەنگەوە، زوو-زوو کشاومەتەوە و تێهەڵچوومەتەوە. سا چارەنووسی دەقی ماک بە باڵای کوردییەکەیشیدا بڕاوە، دوای سێ ساڵ توانیم ببیڕێنمەوە. جێی ئاماژەپێدانیشە، تێکشاندنی ڕێزمان و گەمەکردنی بەردەوام بە زمان و داتاشینی چاوگی سەمەرە لەم دەقەی خێلمەندا بەرچاوە. ئەوپەڕی هەوڵم داوە بە هەمان شێوازە چڕەکەی دایبڕێژمەوە، گەرچی چەند وردەکارییەک لە دەستم ڕاپسکاوە و گواستنەوەی بۆ زمانی تر ئەستەمە، بەداخەوە. هیوادارم زمانە شیرینەکەی دایکم و ئێوەی هێژا لێم خۆش بن. لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و پێزانین بۆ ناوەندی ڕۆمان و شووک و ماری و موحسین.
ژ.
دیسەمبەری ٢٠٢٥
سەرنجی نووسەرە دیارەکان لەسەر خێلمەن:
«خێلمەن لە مەزنترین شاعیرانی ئەم سەردەمەیە.»
- ژۆزێ ساراماگۆ
«من باشترین شاعیری مەکسیک نیم. تەنانەت باشترین شاعیری گەڕەکەکەیشمان نیم. مەگەر نازانن دراوسێی خوان خێلمەنم؟»
- خۆسێ ئێمیلیۆ پاچێکۆ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی سێرڤانتێس، ٢٠١٠
«خوان خێلمەن واز لە ڕووکەشی ئازار و ڕق دەهێنێت تا بچێتە بنجوبناوانیان.»
- خولیۆ کۆرتاسار
«قەت هیچ وشەیەک شک نابەین بۆ دەربڕینی پێزانینمان بۆ ئەو شاعیرەی زۆر کەس بوو، ئێمە بوو، هێشتا لەناو ئەو پەیڤانەدا دەژی کە بۆی بەجێ هێشتووین.»
- ئێدواردۆ گالیانۆ
خوان خێلمەن بوریچسۆن (١٩٣٠، بوێنۆس ئایرێس - ٢٠١٤، شاری مەکسیک) شاعیر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانێکی ئەرجەنتییە، وەک پڕبایەخترین شاعیری سەردەمەکەی ناسراوە. ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە سەر ئەو جووە ئۆکراینییانەی کۆچیان بۆ ئەرجەنتین کردووە. بەر لەوەی خۆی بۆ ڕۆژنامەوانی یەکلا بکاتەوە، چەندین کاری جۆراوجۆری کردووە. بەهۆی چالاکییە ڕۆژنامەوانی و سیاسییەکانیەوە، ساڵانی ١٩٧٥ تا ١٩٨٨ ئاوارەی ڕۆما، مەدرید، ماناگوا، پاریس، نویۆڕک و مەکسیک بووە. ئەو کاتەی پەڕیوەی زێدەکەی بووە، حکوومەتی دیکتاتۆریی ئەرجەنتین سزای مەرگی دەرکردووە.
ساڵی ١٩٧٦، کچە ١٩ ساڵ و کوڕە ٢٠ ساڵ و بووکە سکپڕە ١٩ ساڵەکەی دەڕفێندرێن و بێسەروشوێن دەکرێن. نۆرا ئێڤای کچی پاش ماوەیەک ئازاد دەکرێت و ساڵی ٢٠١٧ دواکۆچ دەکات. بەڵام مێشکی مارسێلۆ ئاریێلی کوڕی بە گوللە دەپژێت و ساڵی ١٩٩٠ ئێسکوپرووسکەکەی لە بوێنۆس ئایرێس دەدۆزێتەوە. ساڵی ١٩٩٨، خێلمەن بۆی دەردەکەوێت بووکەکەی بەرەو ئوروگوای گواستراوەتەوە و منداڵەکەی لە نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە مۆنتێڤیدیێۆ بووە. دەقی پڕسۆزی «نامەیەکی کراوە بۆ نەوەکەم»ـی لە ڕۆژنامەدا بڵاو کردووەتەوە. بەهۆی گەڕانی دەوڵەتی ئەرجەنتین و ئوروگوایەوە، هەروەها بەهۆی پشتگیریی ڕووناکبیری دیاری وەک گوینتەر گراس و ژۆزێ ساراماگۆ و داریۆ فۆ و خوان مانوێل سێڕاتەوە، دوای ٢٤ ساڵی ڕەبەق لە سۆراغی بێبڕانەوە، ساڵی ٢٠٠٠ بە ماریا ماکارێنا خێلمەن گارسییای نەوەی شاد دەبێتەوە.
خوان خێلمەن لە تافی لاوییدا بەشداریی لە ڕۆژنامەی ڕۆخۆ ئی نێگرۆ (سوور و ڕەش)ـدا کردووە. دامەزرێنەرێکی کۆمەڵەی شیعریی ئێل پان دورۆ (نانەڕەقە) بووە و بەرپرسی کریسیس (قەیران)، بەڕێوەبەری بەشی هونەریی لا ئۆپنیۆن (بیروڕا) و سەرنووسیاری نۆتیسیاس (هەواڵەکان) بووە. هەروەها وەک وەرگێڕ لە یونسکۆ کاری کردووە. ساڵی ٢٠٠٧، نووسەری ڕۆژنامەی بوێنۆس ئایرێس بووە. وەک ڕەخنەگرێکی کۆمەڵگە، برەوی بە شێوازێکی جیاواز لەسەر بنەمای ڕەخە و بەخۆداچوونەوە داوە. ئامادەییی ژینی ڕۆژانە، ڕاوێژێکی سیاسییانە، شەرمەزارکردن و ڕقی دژی نادادپەروەری لە شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
بەشێک لە بەرهەمە شیعرییە دیارەکانی بریتین لە کەمانچە و پرسی دیکە (١٩٥٦)، ئەو گەمەیەی دەیکەین (١٩٥٩)، ڕاسانی تەنیا (١٩٦١)، گۆتان (١٩٦٢)، شیعرەکانی سیدنی وێست (١٩٦٩)، حەقایەتەکان (١٩٧١)، پەیوەندییەکان (١٩٧٣)، حەقیقەت و پەیوەندییەکان (١٩٨٠)، وەرگرتن و لێدوان (١٩٨٢)، بەرەو باشوور (١٩٨٢)، هەڵبەستەکان (١٩٨٦)، نامە بۆ دایکم (١٩٨٩)، لەبەر بارانی غەریبی (٢٠٠٩) و ئەمڕۆ (٢٠١٣). هەروەها پەخشانی غوربەت (١٩٨٤)ـی بە هاوبەشیی ڕۆژنامەوانی ئەرجەنتینی ئۆسڤاڵدۆ بایێر نووسیوە.
دامەزراوەی کاسا دێ لاس ئەمێریکاس، خەڵاتی خۆسێ لێزامای بۆ شیعری بۆ گوڵبژێری «گرانیی هەمووشتێ» لە کوبا پێ بەخشیوە. ساڵی ٢٠٠٥، گوڵبژێری «پیشەی گڕگرتوو»ـی بڵاو کردووەتەوە، بەرهەمی نزیکەی پەنجا ساڵ و هەندێک بەرهەمی بڵاونەکراوەی لە خۆ گرتووە. دوو ئۆپێرایشی لە بواری مۆسیقادا نووسیوە.
خێلمەن بە درێژاییی ژیانی دەیان خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی نێونەتەوەییی شیعر (١٩٩٧)، خەڵاتی خوان ڕولفۆ بۆ وێژەی ئەمریکای لاتین و کاریبی (٢٠٠٠)، خەڵاتی شاژنە سۆفیا بۆ شیعری ئیبێرۆ-ئەمریکی (٢٠٠٥) و خەڵاتی پابلۆ نێروودا (٢٠٠٥). ساڵی ٢٠٠٧، خەڵاتی سێرڤانتێسی پێ بەخشراوە کە پڕبایەخترین خەڵاتی دنیای ئیسپانییە. ساڵی ٢٠٠٨، پەیامێکی لە سندووقی نامەکانی دامەزراوەی سێرڤانتێس لە مەدرید هەڵگرتووە و بڕیارە ڕێکەوتی ٣ـی ٥ـی ٢٠٥٠ بۆ شاعیرە لاوەکان بکرێتەوە. ساڵی ٢٠١٤ بە شێرپەنجەی سی لە مەکسیک دواکۆچی کردووە.
